حوزەیران 17, 2019

ئاستی گەشتیارانی ئایینی بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق دابەزیوە

کاسبکارانی پارێزگایەکانی باشووری عێراق بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کەوا شوێن و مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەکانی لێیە ڕووبەڕووی کەمی بازاڕ بونەتەوە و جوڵە و فرۆشتنی کاڵایەکان و گەرموگوڕی ساڵانی ڕابردوو نیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئێن‌بی‌سی نیوز) لەدوای گێڕانەوەی سزایەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران هاتنی گەشتیارانی شیعە مەزهەب بۆ ناوچە پیرۆزەکانی خوارووی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، دیارە سزایەکان کاریگەری گەورەیان هەبوە لەسەر دابەزینی ئاستی ڕیاڵی ئێرانی ئەوەش دۆخی گەشتکردنی بۆ هاوڵاتیانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان قورسترکردوە.
(کرار حسین) دوکانێکی شیرینی هەیە لەیەکێک لەدەروازەکانی مەزراگە پیرۆزەکان، ئەو ساڵانی پێشتر بەهەر جۆرە دراوێک شتی دەفرۆشت بە گەشتیارە ئاینیە ئێرانیەکان بەڵام لەو دواییانەدا کاتێ هاوڵاتیە شیعە ئێرانیەکان داوای نرخی شتەکانی لێدەکەن، ئەویەک قسە پێیان دەڵێ تەنها دراوی عێراقی وەردەگرێ و بەو هۆیەوە گەشتیارەکان بێ ئومێددەبن و دەڕۆن.
(حسین) و زۆربەی هاوپیشەکانی دیکەی بازاڕەکە لە نزیک مەزاری (ئیمام کازم) لە بەغداد بەهەمان شێوە توشی کەمی بازاڕ بونەتەوە و ئاستی فرۆشی ڕۆژانەیان دابەزیوە، ئەو بارودۆخە بەتایبەتی زیاتر دەرکەوتوە کاتێ (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سزایەکانی گێڕایەوە سەر ئێران، هەڵبەتە ئێران ماڵی گەورەترین هاوڵاتیانی شیعە مەزهەبە لەجیهاندا.
بەملیۆنان هاوڵاتی شیعە مەزهەب لەسەرانسەری جیهانەوە ساڵانە ڕوودەکەنە عێراق بۆ سەردانیکردنی شوێن و مەزارگە پیرۆزەکان، لەوانە بۆ نەجەف و کەربەلا و، سامەڕا و بەغداد.
ئەو گەشتیارانە لەگەڵ خۆیاندا پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن و داهاتێکی باش دەهێننە عێراق، چونکە عێراق چەندین شوێن و مەزارگەی ئاینی پیرۆزی تێدایە بۆیە داهات لەڕێگای گەشتیاریشەوە وەکو دووەم سەرچاوەی داهاتی نیشتمانی ئەو وڵاتە لەدوای نەوت هەژماردەکرێت.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی (٢٠٠٣) دا، ئێرانیەکان زۆرترین گەشتیارانی ئاینی بوون بۆ مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق، هەروەها لەوڵاتانی دیکەشەوە بەهەزاران گەشتیاری ئاینی ساڵانە سەردانی ئەو شوێنانەیان کردوە.
یەکێک لەشوێنە دڵگیر و پیرۆزەکان بەلای گەشتیارانەوە ناوچەی (کازمیە) یە کە دەکەوێتە باکوری بەغداوە، لەوێ دوو گومەز و، چوار منارەی تێدایە کە بەزێڕ تێگیراون، هەروەها گوڕی (ئیمام موسی کازمی) و نەوەکەی (محمد ئەلجواد) ی لێیە، کە دوو لە کەسایەتیە پیرۆزەکانی شیعەکانن و ساڵانە ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانی شیعە سەردانیان دەکەن.
لە دوای نیوەڕۆیەکی ئەو ماوەیەدا بەسەدان گەشتیاری ئێرانی لەکاتی سەردانیکردنی مەزارگەی (ئیمام موسی کازمی) کاتێ بەلای دوکان و بازاڕەکاندا تێدەپەڕین لەهیچ دوکانێک لایان نەدا بۆ ئەوەی شتومەک و کەلوپەل بکڕن، لەو بارەیەوە (حسین فازل) کە ڕێبەری گەشتیارەکانە و ساڵانە گەشتیار دێنێتە ئەوێ گوتی، پارە یەکێکە لەکێشە گەورەکانمان، ئەوە زۆر ئازارمان دەدات، هەروەها گوتیشی بەهۆی ئەو کێشەیەوە ڕێژەی گەشتیارە ئاینیەکانی ئێران بۆ عێراق دابەزیوە و زۆریان ناتوانن گەشت بکەن. شیاوی باسکردنە، چەند ساڵێکە ئاستی بەهای پارەی ئێرانی لەدابەزیندایە بەڵام لەدوای بڕیاری (ترەمپ) بۆ گێڕانەوەی سزایەکانی سەر ئێران بەهای تمه‌ن زیاتر دابەزیوە و کاریگەرییەکانی دەرکەوتوتربوون و کاریکردۆتە سەر بژێوی خەڵکی.
بەهای تمه‌نی ئێرانی لەو کاتەوەی سزایەکان گەڕاونەتەوە سەر ئێران بەڕێژەی چوار ئەوەندە دابەزیوە، ئەوەش کاریکردۆتە سەر بەرزکردنەوەی هەموو کاڵا و کەلوپەلەکان و بۆ خەڵکی ئاسایی و کەم دەرامەت قورسە بتوانن دەرەقەتی ئەو دۆخە بێن. کاسبکارانی نزیک شوێن و مەزارگە پیرۆزەکانی ناوچەکانی خوارووی عێراق کە بەزۆری دوکانی جلوبەرگ و، شیرینی و، بۆن کەلوپەلی ئاینیان هەیە نیگەرانن لەدۆخی ئێران و دابەزینی ئاستی بازاڕیان، بەشێکیان دەڵێن فرۆشی کەلوپەل و کاڵایەکانیان بەڕێژەی (٣٠% بۆ ٧٠%) دابەزیوە.
بەو پێیەی ئێران هاوسێ و هاوبەشێکی گرنگی عێراقە بۆیە خراپی دۆخی ئابوری لەئێران و، گرژییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا کاریگەری نەرێنیشی هەبوە لەسەر عێراق. بێجگە لەکەرتی گەشتیاری هەردوولا، پەیوەندییەکی سیاسی و بازرگانی قوڵیش لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە کە خراپی دۆخی هەر کامێکیان کاریگەری دیاری هەیە لەسەر ئەوی دیکەیان.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler