حوزەیران 17, 2019

عێراق بەرەو دادگاییکردنی دیلە داعشە بیانیەکان

داعشە بیانیەکان دیلەکان و لەنێویاندا ئەو چەکدارە داعشانەی وڵاتانی بیانی کە لەزیندانەکانی عێراقدان پێدەچێ لەعێراقدا داداگایی بکرێن، وە لەسەر ڕێوشوێن و چۆنیەتی ئەو دادگاییکردنە تێڕوانینی جیاجیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی (ئەلمۆنیتەر) چی بکرێ لەگەڵ چەکدارە داعشە دیلەکانی ئەوانەی لە عێڕاق و لەسووریان و لەکوێ دادگایی بکرێن قۆناغێکی دیکەی بەرهەڵستیەکانە بۆ عێراق.
بەهەزاران چەکداری داعش لەزیندانەکاندان، عێراق لەژێر فشاردایە بۆ ئەوەی قبوڵی وەرگرتنی ئەو چەکدارە داعشە بیانیانە بکات کە نزیکەی (١٠٠٠) زیندانین و لەژێر دەستی هێزەکانی کوردی سووریادان.
نزیکەی (٥٠) وڵاتی بیانی چەکداری داعشی دیلیان لەناوچەکەدا هەیە و بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانە نایانەوێ داعشە دیلەکان بگێڕدرێنەوە بۆ وڵاتەکانی ڕەسەنی خۆیان، بەڵکو دەیانەوێ لەوێ لەو شوێنانەی لێی دەستگیرکراون زیندانی بکرێن و سزای ئەوێشیان بەسەردا بسەپێندرێ.
(ئیمانوێڵ ماکڕۆن) سەرۆکی فەرەنساداوایکردوە کە چەکدارە داعشە دیلەکانی فەرەنسایی لەعێراق دادگایی بکرێن، دیارە لەعێراق لەبەرئەوەی سزای سێدارەدان جێبەجێدەکرێ لەوانەیە عێراق زۆربەی ئەو چەکدارە داعشە دیلانە لەڕێگای دادگاوە بەرەو پەتی سێدارە ڕاکێشبکات.
پێشتریش سیستەمی دادوەری عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر چەکدارە داعشەکاندا سەپاندوە لەکاتێکدا سزای لەسێدارەدان لە فەرەنسا لەساڵی (١٩٧٧) ەوە بەسەرچوەو لەکاردا نەماوە.
بەشێک لەچاودێران دەڵێن لەبەرئەوەی فەرەنسا سزای لەسێدارەدان پەیڕەناکات بۆیە نایەوێ لەوڵاتەکەی خۆێدا دادگایی چەکدارە داعشە دیلەکان بکات و لەبری ئەوە دەیەوێ لەعێراق یان هەر وڵاتێکی هاوشێوە دادگاییکردنەکە بەڕێوەبچێ تاوەکو ئەوانە بەسزای شایستەی خۆیان بگەن.
سەرچاوەیەک لە دادوەری عێراقی بە راپۆرتەکەی ڕاگەیاندوە کە بەغداد ئامادەیە بۆ ئەوەی چەکدارە داعشە فەرەنساییەکان کە لەعێراق و لەسووریا شەڕیان کردوە و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون وەربگرێتەوە لەعێراق دادگایی بکرێن.
لەو بارەیەوە (ویساق ئەلهاشمی) سەرۆکی گروپی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و ستراتیژی بە ڕاپۆرتەکەی گوتوە کەوا (بەرهەم ساڵح) سەرۆککۆماری عێراقیش هەمان شێوە بیرکردنەوەی هەیە کە دادگاییکردنیان لەعێراق بەڕێوەبچێ، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا عێراق نیگەرانی هەیە لەبارەی ڕێکخستن و دابینکردنی باری دارایی و بۆ بەسەرڕاگەیشتنی داداگایی نزیکەی ئەو (١٠٠٠) چەکدارە دیلەی داعش، وە عێراق بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێ نزیکەی (٢ ملیار) دۆلار لە وڵاتانی دیکە هاوکاری وەربگرێ بۆ تێچوی دادگاییکردنەکانیان.
بەرپرسە عێراقیەکان نیگەرانن کە بەهۆی دادگاییکردنی داعشەکان لەعێراق زیندانەکانی ئەو وڵاتە ببێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ ناونوسی داعش یان چەکەرەی گروپی تیرۆریستی دیکە لەو وڵاتەدا.
هەر لەسەر ئەو پرسە (ڕێزان شێخ) ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراقی گوتی، ئەو ترسی هەیە کە لەنێو زیندانەکانی عێراقەوە داعش خۆی ڕێكبخاتەوە. هەروەها گوتیشی، زیندانەکانی ئێمە کێشەی زۆریان تێدایە و شوێنێکی گونجاو و تەواو نین، بۆیە بەئاسانی دەکرێ سەربکێشن بۆ دروستکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستی نوێ، هەر لەبەر ئەوەش پێویستە عێراق ئەو مامەڵەیە قبوڵ نەکات.
ڕاپۆرتەکە ئەوەی زانیوە کە زیندانەکانی عێراق زۆر قەرەباڵغن و زیاتر لەئاستی خۆیان زیندانی تێکراون کە بەڕێژەی (١٢٠%) لەقەبارەی خۆیان زیاترن، عێراق تاوەکو ئێستا زیندان و سەنتەری دەستبەسەرکردنی تازەی نین کەوا بێنەوە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتیەکان و ستانداردەکانی فەرەنسا بۆ زیندانەکان بگونجێن، وە بەشێک لەوڵاتان داوادەکەن زیندانەکانی عێراق بگەنەوە ئەو ئاستەی نێودەوڵەتی.
(هیشام ئەلهاشمی) توێژەر لە سەنتەری ئەلنەهرەین بۆ لێکۆڵینەوە و ستراتیژی هۆشداریداوە کە ئەگەر عێراق ئەو مامەڵەیە بکات وەکو کەمپی بوکای لێدێت کەوا ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی لێوە لەدایکبون.
هەروەها گوتیشی، لەبەرژەوەندی عێراقدا نابێ کە هەوڵبدات چەکدارە داعشە بیانیەکان لەعێراق دادگایی بکات، چونکە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لەدژی ئەندامەکانی داعش سەردەکێشێت بۆ دوورکەوتنەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەعێراق و، وە لەباری ئەوەشدا کە لەزینداندا بیانهێڵێتەوە ئەوەش دەرفەتیان پێدەدات بۆ ئەوەی هەستانەوەیان.
(ڕازاو ساڵحی) سەرکردە لە کەمپەینی ئەمنستی نێودەوڵەتی بە ڕاپۆرتەکەی گوتوە، لەگەڵ زۆر خێزاندا قسەمان کردوە کە گوتویانە پیاو و کەسەکانیان دوای ئەوەی زیندانی بوون لە زیندانەکانی وەکو بوکا کەمپ دواتر پەیوەندییان بەداعشەوە کردوە.
شیاوی باسکردنە، بەپێی شارەزاییانی سیاسی و، بواری مافە مەدەنی و مرۆییەکان بۆ عێراق گونجاونابێ ئەگەر مامەڵەی وەرگرتنی داعشە بیانیە دیلەکان قبوڵبکات و لەعێراق کەیسی دادگاییکردن و چارەنوسیان یەکلایی بکرێتەوە، لەبەر چەند هۆکارێک کە دیارترینیان ترسی خۆ ڕێکخستنەوەی داعش و سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی نوێ لەنێو زیندانەکاندا، وە هەروەها بەسەر داسەپاندنی سزای لەسێدارەدانیش بەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە کاردانەوەی نەرێنی دەبێت.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا و جیهان کە ژمارەیەک چەکداری داعشی دیلی هەیە و نایەوێ بگەڕێندرێنەوە بۆ فەرەنسا بۆ دادگاییکردن، حکومەتی فەرەنسا لەژێر فشاری شەقامی گشتی و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی وڵاتەکەیدایە تاوەکو عێراق ڕازیبکات سزای لەسێدارەدان بەسەر داعشە دیلەکانیدا نەسەپێنێ بەڵام حکومەتی عێراق ئەو دیلانە بەپێی ڕێوشوێنی یاسایەکانی عێراق دادگایی دەکات و بەهەمان پێوەریش سزایان دەدات.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler