ئایار 25, 2019

مایك پۆمپیۆ بۆ سه‌ردانی عێراقی كرد؟

لەدوای توندکردنەوەی سزایەکانی سەر ئێران، گروپەکانی میلیشیا شیعەکانی عێراق بەهۆی هاوسۆزییانەوە بۆ ئێران مەیلی دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمەریکایان لێ بەدیدەکرێ، ئەمەریکاش بەئاگایی ئەوە دەبینێت.

ئەمەریکا پێش ئەوەی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات ئاگاداری سەرکردە عێراقیەکانی کردۆتەوە ڕێگا بە دەستێوەردان نەدەن و، پارێزگاریکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق لەبەرپرسیاریەتی ئەواندایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) سەردانی ئەو دوایەی (مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق لەچوارچێوەی ئاگادارکردنەوەی عێراقدا بوە لەو هەڕەشە و مەترسیانەی کە ئەمەریکا لەناو عێراقدا لەسەر هێزەکانیان و بەرژەوەندییەکان دەیانبینێ.
لەگەڵ چڕبونەوەی گرژیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، (پۆمپیۆ) سەردانی (بەرلین) ی هەڵوەشاندەوە و بەبێ وادەی دیاریکراو ئێوارەی سێشەممەی ڕابردوو گەیشتە بەغدا بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و چوار سەعات لەپایتەختی عێراق مایەوە.
ئەو بەسەرکردە عێراقیەکانی ڕاگەیاندوە کە ئەمەریکا نایەوێ هیچ کەسێک دەستێوەردان لەوڵاتەکەیاندا بکات و هەروەها داوایشی لێکردون کە پارێزگاری لە سەربازەکانی ئەمەریکا لەناو عێراقدا بکەن.
ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیاتر بەرزبونەوە و ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و داخستنی گەرووی هورمز و لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لەناوچەکەدا کردوە.

بۆچی پۆمپیۆ لەبەغدا بوو؟
کاتێک لەبەغدا بوو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراق و، (بەرهەم ساڵەح) سەرۆککۆماری عێراق کۆبۆوە و نیگەرانی و مەترسیەکانی بۆ ڕوونکردنەوە. هەر لەو میانەیشدا داوای لێکردن کە پارێزگاری لە سەربازە ئەمەریکاییەکان و هاوڵاتیانی ئەمەریکایی لەعێراقدا بکەن. وە لەدوای کۆبونەوەکەش (پۆمپیۆ) ڕایگەیاند کە سەرکردەکانی عێراق دڵنیایان کردۆتەوە کە لەبەرپرسیاریەتی خۆیان تێدەگەن.
لەکاتی قسەکردنی بۆ ڕۆژنامەنوسان لەدوای کۆبونەوەکەیدا، پۆمپیۆ لینکی سەردانەکەی بەستەوە بەو گرژیە تازانەی کە لەگەڵ ئێراندا هەیانن، کەوا ئێرانیش هاوسێی عێراقە و کاریگەری گەورەی لەسەر ئەو وڵاتە هەیە.
لەبارەی مەترسیەکانەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی، ئێمە دەمانەوێ ئەوان لە بەرزبونەوەی مەترسیەکان کە ئێمە دەیانبینین ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەسەر باکگراوندەکە هەبێ بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کە ئەوەی بتوانن دەیکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی تیمەکەمان.
وە لەدرێژەدا گوتی، ئەوانیش تێگەیشتبون، ئەوەش گرنگە بۆ وڵاتەکەیان، ئێمە نامانەوێ هیچ کەسێک لەوڵاتەکەیاندا دەستێوەردان بکات، بەدڵنیایەوە نە لەڕێگای شاڵاوکردنە سەر خەڵکی وڵاتانی دیکە لەناو عێراقدا، وە لەسەر ئەوەش ڕێکەوتنی تەواومان کردوە.

بۆچی ئەمەریکا کەشتی جەنگی بۆ ناوچەکە دەنێرێت؟
ئەمەریکا فڕۆکەی جۆری (بی-٥٢)ی لەپاڵ کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری ئەبڕاهەم لینکن دەنێرێتەکەنداو، بڵاوەپێکردنی ئەو کەشتیە جەنگیەو هێزە سەربازییە گەورەیە لەناوچەکەدا خوێندنەوەی ڕووبەڕووبونەوەی ئێرانیبۆ دەکرێ بەتایبەتی لەو کاتەی ئێستادا کە بەهۆی توندکردنی سزایەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران گرژییەکانی نێوانیان زیاتر بەرزبونەتەوە و، ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات.
ئەمەریکا لەڕێگای پێنتاگۆنەوە ڕایگەیاندوە کە ناردنی ئەو کەشتیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیەکانە.
(چارلیس سەمەر) گوتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی ناردنی کەشتی جەنگی بۆ ناوچەکە گوتی، ئەمەریکا بەتەمای شەڕ نیە لەگەڵ ڕژێمی ئێران بەڵکو ئێمە بەرگری لە سەربازەکانمان و، هاوپەیمانەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان لەناوچەکەدا دەکەین.
هەر لەسەر ئەو بابەتە لەڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دا هاتوە، (دۆنالد ترەمپ) پاڵنەری ناردنی ئەو کەشتیە جەنگیەی بۆ کەنداو بۆ ڕۆژنامەوانان ڕووننەکردەوە بەڵام لەبارەی مەترسیەکانەوە پێی ڕاگەیاندن، ئێمە زانیاریمان هەیە کەوا ناتانەوێ بیزانن. ئەوا زانیاریانە زۆر هەڕەشە ئامێزن و پێویستە ئاسایشێکی بەهێزمان هەبێ بۆ وڵاتەکە و چەندین شوێنی دی.

بۆچی ئەمەریکا و ئێران ناکۆک و دژبەیەکن؟
گرژیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لەساڵی (١٩٧٩) دا کاتێک شای دۆستی ڕۆژئاوایان ڕووخاند و ڕژێمێکی ڕادیکاڵی دژە ئەمەریکایان لەشوێنەکەی دامەزراند.
بەڵام بەتایبەتتر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیاتر تێکچون کاتێ (دۆناڵد ترەمپ) لەساڵی (٢٠١٧)ەدا سەرۆکایەتی ئەمەریکای گرتە دەست.
ئەو گرژیانەی تازە بەهۆی بڕیار و هەڵوێستی (ترەمپ) ەوە بوو کاتێ ئەمەریکای تاکلایەنە لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران کشاندەوە کە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان لەگەڵ ئێران لەساڵی (٢٠١٥)ەدا لەسەری ڕێکەوتبون.
لەژێر ئەو ڕێکەوتنەدا ئێران ڕازیببوو کە چالاکیەکانی سەبارەت بەبەرنامەی ناوەکی سنورداربکات و ڕێگاش بە لێکۆڵەرەوانی نێودەوڵەتی بدات سەردانی شوێنە هەستیارەکانی بەرنامە ناوەکیەکەی بکەن، لەبەرانبەردا سزایەکانی لەسەر سوککدەکرێن.
لەدوای هاتنە دەرەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنەکە سزایەکانیشی بەچەند قۆناغێک چەسپاندەوە، لە مانگی ڕابردوودا مۆڵەتی درێژکردنەوەی بەخشین لەسەر سزایەکانی وڵاتانی چین و هیندستان و، ژاپۆن و کۆریای باشووری و تورکیایشی وەستاند کە تا کۆتایی مانگی ڕابردوو بەردەوامبون لەکڕینی نەوتی ئێران.
لەهەمان کاتدا سوپای پاسدارانیشی خستە لیستی ڕەشەوە، هەموو ئەوانە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بردە ئاستێکی باڵاترەوە.
سزایەکانی سەر ئێران کاریگەری گەورەیان هەبوە لەسەر باری ئابوری وڵاتەکە و، بەهای لیرەیان زۆر دابەزاندوە و، وەبەرهێنەرە دەرەکیەکانی لەئێران دورخستۆتەوە و، هەروەها هۆکارێکیشە بۆ هاندانی خۆپیشاندانی ناوخۆی.
لەسەر توندکردنی ئەو سزایانە، ئێرانیش کاردانەوەی هەیە و بەردەوام هەڕەشەیدەستپێکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و هەروەها داخستنی گەرووی هورمز دەکات کە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بەوێدا تێدەپەڕێ.

پەیامی نوێی ئەمەریکا بۆ ئێران:
ئەمەریکا دەیەوێ ئێران بەهۆی ئەو سزایانەوە بێتەپێشەوە تاوەکو ڕێکەوتنێکی نوێی لەگەڵدا بکات، کە نەک تەنها بەرنامەی ئەتۆمیەکەی لەخۆبگرێت بەڵکو بەرنامەی موشەکە بالیستیەکیەکانی و هەڵسوکەوتەکانیشی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا کە ئەمەریکا سزا ئابورییەکانی لەسەر ئێران تادێ توندتردەکات بەڵام ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆیشە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی (بی‌بی‌سی) سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە ئەگەرچی ئامادەیە کڕیارەکانی نەوتی ئێران بەتەواوی ڕاگرێ بەڵام دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ ئێراندا کراوەیە.
(ترەمپ) گوتی، لەڕۆژێک دەڕوانم لەگەڵ سەرکردەکانی ئێراندا کۆببمەوە تاوەکو ڕێککەوین، وە زۆر بەگرنگیەوە هەنگاو هەڵنێین بۆ ئەوەی دواڕۆژێکی شایستە بدەینە ئێران.
هەروەها لە ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) یشدا لەو بارەیەوە هاتوە، ئەوەی کە پێویستە ئەوان بیکەن ئەوەیە کە بانگم بکەن بۆ دانیشتن، ئێمە دەتوانین ڕێکەوتن بکەین، ڕێکەوتنێکی دادپەروەرانە، ئێمە تەنها نامانەوێ چەکی ناوەکیان هەبێ و زۆریان لێ داواناکەین، وە یارمەتیان دەدەین بگەڕێنەوە بۆ شێوەیەکی ڕێکوپێک. هەروەها گوتیشی پێویستە داوابکەن، ئەگەر داوابکەن ئەوا بۆ گفتوگۆکردن کراوەین.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler