ئایار 25, 2019

ڕووسیا پێگەی خۆی لەعێراقدا بەهێز دەکات

لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا شاندێکی باڵای ڕووسیا سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق کۆبونەوە. ڕووسیا چاوی لەبەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و بازرگانی وڵاتەکەیەتی لەعێراقدا و، لەهەمان کاتیشدا عێراقیش پێویستی بەدەست و توانای دەرەکی هەیە بۆ بەدامەزراوەکردن و، ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی کەرتی نەوتی وڵاتەکەی و هەروەها بۆ مانەوەی لەسەقامگیریدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەلمۆنیتەر) لەکاتی سەردانی شاندە باڵایەکەی ڕووسیا بۆ عێراق لە (٢٤ و ٢٥) ی (نیسان)دا نزیکەی (١٦) گرێبەستی جیاجیا ئەنجامدراون لەبوارەکانی ئابوری و، بازرگانی و، زانیاری تەکنۆلۆجی و، کارەبا و، بەرهەمهێنان و، پەیوەندییەکان و، گواستنەوە و، بانکیدا.
(یوری بۆریسۆڤ) جێگیری سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا کە سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد، چەند ڕۆژ پێشتریش لە سووریا بوە و، لەوێش لەبوارەکانی ئابوری و پەیوندییەکانی نێوان مۆسکۆ و دیمەشقدا کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا کردون.
لەعێراق شاندەکەی ڕووسیا و هەروەها بەرپرسانی عێراقی ویست و ئامادەیی هاریکاری بوارەکانی ئابوری و، بازرگانی و سەربازی و، پەیوەندییەکانیان هەبوە و، لەهەوڵی بەرزکردنەوە و بەهێزکردنیدان.
یەکێک لە بۆندە بازرگانیەکانی نێوان مۆسکۆ و بەغدا گرێبەستی سێکتەری نەوت و گازە و دەیانەوێ لەو بوارەدا هەماهەنگیەکانیان بگەێننە ئاستێکی باشتر.
لەئێستادا کۆمپانیای (لوکئۆیڵ) ی ڕووسی ئاستی گرێبەستەکەی لەعێراق دەگاتە (٨) ملیار دۆلار بەڵام (بۆریسۆڤ) گوتی بەپێی گرێبەستەکانی ئێستای کە ئەنجامیانداون لوکئۆیڵ هەتا ساڵی (٢٠٣٥) ئاستی وەبەرهێنانی لەعێراق دەگەێنێتە نزیکەی (٤٥) ملیار دۆلار.
هەروەها (ڤاگیت ئەلێکپێرۆڤ) سەرۆکی لوکئۆیڵ لەمانگی ڕابردوودا لەگەڵ (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبۆتەوە لەبارەی هەماهەنگیەکانی کۆمپانیای لوکئۆیڵ و بەغدا.
لوکئۆیڵ هاوبەشێکی گەورە و گرنگی کەرتی نەوتی عێراقە و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیایەکە ئاماژەیان بەوەداوە ئاستی بەرهەمی نەوتیان لە کێڵگەکانی (قوڕنە ٢) گەیاندۆتە نزیکەی (٤٠٠) هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، ئەوەش ئاستی متمانە و، سەرکەوتووی کۆمپانیایەکەی لەلایەن عێراقەوە مسۆگەرکردوە.
لەماوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا (بۆریسۆڤ) لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتیەکە کۆبۆتەوە و، بەرپرسانی باڵای عێراق ویستی کارکردنیان لەگەڵ ڕووسیا دەربڕیوە بەتایبەتی بۆ ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی سێکتەری نەوت و گاز.
هەر لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان، (علی الحکیم) وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە گرنگی و ستراتیژیەتی کارا لە پەیوەندییە سیاسیەکان و ئاسایش و ئابوری نێوان هەردوو وڵات داوە.
لەبواری سەربازیشدا عێراق و ڕووسیا گرێبەستی کڕینی تانکی (تی-٩٠ سی)یان بۆ عێراق ئەنجامداوە و، هەروەها فەرماندە سەربازییەکان گرێبەستیان بۆ هەماهەنگی ڕاوێژکاری ڕووسیایی بۆ مەشق و ڕاهێنانی بەکارهێنانی تانکەکان لەشەڕدا لەگەڵ ڕووسیەکاندا کردوە لەدوای ئەوەی کە بەدەستیان گەیشتن.
جێگیری سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا کە چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکەی عێراق لەدیمەشق بوو لەوێش تاوتوێ بەرزکردنەوەی هەماهەنگی نێوان ڕووسیا و سووریای لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردوە، بۆ پێگەی ڕووسیا لەناوچەکەدا هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا جێی بایەخن.
ڕووسیا بەندەری دەریایی (تەرتوس) ی سووریا بۆ ماوەی (٤٩) ساڵ بەگرێبەست وەرگرتوە و، بەڕێوەی دەبات، هەڵبەتە لەساڵی (٢٠١٧) ەدا مۆسکۆ و دیمەشق گرێبەستی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لۆجستی پاڵپشتی دەریاییان لە تەرتوس ئەنجامدا.
لەوێ لە تەرتوس، جێگری سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە لەماوەی حەفتەیەکدا چاوەڕێی ڕێکەوتن لە گرێبەستی بەندەری دەریایی تەرتوس دەکەن، ئەو گرێبەستە دەبێتەهۆی بەکارهێنانی لەلایەن بازرگانە ڕووسیاییەکانەوە بۆ ماوەی (٤٩) ساڵ.
لەڕاستیدا قەیرانی ئابوری سووریا و عێراق بۆ ڕووسیا جێگەی سەرنج و بەبەرژەوەندیدار دەشکێتەوە، هەردوو ئەو وڵاتە بەهۆی شەڕ و کاولکارییەکانەوە پێویستیان بەدەست و هێزی دەرکیە تاوەکو گەشە و ئاوەدانی بۆ وڵاتەکانیان بگێڕنەوە لەنێویشاندا کۆمپانیا ڕووسیاییەکانی بواری نەوت ڕۆڵی گەورە دەبینن.
شیاوی باسکردنە، عێراق لەهەموو سێکتەرەکاندا پێویستی بەهەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە تاوەکو ئاستی خزمەتگوزارییەکان و، بەدامەزراوەییکردنی دامودەستگایەکان و، دروستکردنی حکومەتی ئەلکترۆنی و باشترکردنی پەیوەندییە ئەلکتڕۆنیەکان و، بەهێزکردنی بوارەکانی ئاسایش و سەربازی و هەواڵگری بباتە ئاستێکی باشترەوە.
ڕووسیا یەکێکە لەو وڵاتە زلهێزانەی کە چاوی لەوەبەرهێنانە لەو دەرفەتانەی لەعێراقدا هەن، هاتنی ئەو شاندەی ڕووسیا بۆ عێراق لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا ئەو وڵاتانەی بەخشیبونی لەسزایەکانی ئێران ماوەکەیان تەواودەبێت و لەدوای (١ی ئایار)ەوە بۆیان درێژناکاتەوە.
عێراق یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بۆ کڕینی گازی سروشتی و بازرگانیەکان لەسزایەکانی سەر ئێران بەخشرابوو، بۆ عێراق وڵاتی ئێران هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژی بازرگانیە و سزا ئابورییەکانی ئەمەریکا کاریگەری گەورەی دەبێ لەسەر چەماندنەوەی پەیوەندی بازرگانی هەردوولا.
عێراق یەکێک دەبێ لەو وڵاتانەی کە بەشە نەوتی و ئاستی بەرهەمی زیاددەکات، بۆ ئەوەش پێویستی بەتوانای کۆمپانیا نەوتیەکانە و کۆمپانیایەکانی ڕووسیاش لەو نێوەندەدا چاویان لەو دەرفەتەیە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر، ئەوەش ئەوە دەگەێنێ کە کۆمپانیا ڕووسیاییەکان لەعێراق یاریکەرێکی گەورە دەبن لەو بارودۆخەدا.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler