کانونی یەکەم 14, 2019

بارانی ئەمساڵ، سەرچاوە ئاوی و زۆنگاوە مێژووییەکانی عێراقی ژیاندۆتەوە

ساڵانی ڕابردوو مەترسیەکانی وشکەساڵی بەشێکی زۆری زەوییە بەبەروبوم و بەرهەمەکانی عێراقی بێ بەرهەم کردبوو، زۆنگاوەکانی خوارووی عێراق بەشێکی زۆریان وشک ببون. خەڵکی ناوچەکە ئەوانەی ژیانیان لەسەر ڕاوە ماسی و کشتوکاڵ بوو نیگەران بوون کە ئیش و بژێویان لەدەستدەن و ناوچەکە بەبیابانبوون چوو بوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بزنس‌ئینسایدەر) ئەو ساڵ بەهۆی زۆری باران بارینەوە لەعێراق ئاوەکان ژیاونەوە و زۆنگاوەکان ئاوەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە و هیوای لەدڵی خەڵکی جوتیارەکانی ناوچەکەدا دروستکردۆتەوە، لەمەترسی بەبیابانبون بەرەو بوژانەوە و بەرهەم و ئاوەدانبونەوە دەچێتەوە.
جوتیارەکانی ناوچەکە دڵخۆشن بەو بارانە چاوەڕواننەکراوەی کە لەکۆتایی ساڵی (٢٠١٨) ەوە لەعێراق بەگشتی و لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەستی پێکردوە و بۆتەهۆی پڕبوونی بەنداوەکانی و لەسەرەوە ڕژانیان، لەمانگی کانونی دووەمی ئەو ساڵەوە بەنداوەکان پڕئاوبوون.
بۆ (یونس خلیل) جوتیارێکی زۆنگاوەکانی خوارووی عێراق وشکەساڵی ساڵانی ڕابردوو ڕوخێنەر بوە و بۆتەهۆی فرۆشتن و لەدەستدانی ماڵات و سامانەکەی.
ئەو گوتی، ئێمە لەوە ترسابووین ئاوەکە کۆتایی هاتبێ و نەیەتەوە و کۆتایی ئێمەش بێت، تەنها خودا دەزانێ ئێمە ساڵی پار لەچ ئازارێکدا بووین و، خودا ئێمەی پاراست. (جاسم ئەلئەسەدی) بەڕێوەبەر لە ڕێکخراوی ناحکومی سروشت و زۆنگاوەکان گوتی، لەوەتەی ساڵی (٢٠٠٣) ەوە کاتێک زۆنگاوەکان ژیانیان بۆ گەڕاوەتەوە زۆنگاوەکانی عێراق زۆرترین ئاویان تێگەڕاوەتەوە، لەماوەی ئەو دوو دەیەی ڕابردوودا هەرگیز بەو شێوەیەی ئەو ساڵ پڕ نەبوون و ئاستی ئاوەکەیان هێندە بەرزنەبوە.
لەساڵانی نێوان (١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨) (سەدام حسێن) خەڵکی نێو زۆنگاوەکانی تۆمەتباردەکرد کە لەدژی ڕژێمی عێراقن پاڵپشتی دوژمن دەکەن، دواتر زۆنگاوەکانی لێ وشککردن کە بەرینی ئەو ناوچانە نزیکەی (٩،٥٨٣) کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو.
لەدوای تێکدانی زۆنگاوەکان زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ئەوێیان بەجێهێشت، هەندێک لەخەڵکەکە چونە نزیک پارێزگایەکان و بەشێکی دیکەیشیان چونە ئێران و لەوێ مانەوە. چوڵکردنی زۆنگاوەکان کاریگەری لەسەر کەلتور و شوناسی ئەو ناوچەیە هەبوو گۆڕانکاری بەسەرداهێنا. دیارە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی (٢٠٠٣)دا بەشێک لەزۆنگاوەکان ئاوەکانیان بۆ گێڕدرایەوە و نزیکەی (٢٥٠) هەزار عەرەبی زۆنگاوەکانیش گەڕانەوە شوێنەکانی پێشویان.

گرفتی دیکەی زۆنگاوەکان:
بۆ هەزاران ساڵ و زیاتریش زۆنگاوەکانی خوارووی عێراق ماڵ و شوێنی ژیانی عەرەبەکانی ناوچەکە بوون و هەبوونی ئاو بۆ درێژەپێدانی ژیانیان شتێکی بنەڕەتی و کاریگەر بوە.
لەدوای نزیکەی دوو دەیە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بەئەستەم ڕوو لە گەڕانەوەن لەگەڵ ئەوەیشدا کە ئێستا زۆنگاوەکان پڕئاو بونەتەوە، بەشێک لەخەڵکەکە ئیش و کاری جیاواز دەکەن و شێوەی ژیانیان گۆڕدراوە و دەڵێن ژیان لەنێو زۆنگاوەکاندا قورسە.
لەنێو زۆنگاوەکاندا خەڵکی دوورن لەخزمەتگوزارییەکانی وەکو قوتابخانە و، بنکەی تەندروستی و کارەبا، نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتی و سەرەتاییانەش هۆکارێکی دیکەیە لەبەردەم نەگەڕانەوەی جوتیارەکانی ئەوێدا.
دانیشتوانی زۆنگاوەکان ڕۆژانە بەبەلەمی دارین دەڕۆن بۆ کڕینی ئاوی خواردنەوە بۆ خێزانەکانیان چونکە ئاوی زۆنگاوەکان خوێی تێدایە و بۆ خواردنەوە نەگونجاوە.
شیاوی گوتنە، ئەو ساڵ بەهۆی زۆریی باران بارینەوە ئاستی ئاوەکانی عێڕاق بەرزبونەتەوە و، هیوای بوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵیەکان و زیادبونەوەی بەربومی ماسی بۆ جوتیارەکان دروستکردوە.
لەساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەکان لەعێراق گرفتی گەورەی لەبەردەم بەربومی کشتوکاڵ و ماسیدا دروست ببوو.
ماسی (کارب) ی ناوچەکانی خوارووی عێراق کە پێشتر باشترین فرۆشی هەبوو لەنێو زۆنگاوەکاندا نەمابوون و کۆتاییان هاتبوو، لەجیاتی ئەوە ماسیگرەکان بۆ بژێویان ڕاوی ماسی گچکەیان دەکرد.
ئاو ژیانە، ماسی و گیانلەبەرەکان ناتوانن بەبێ ئاو بژین هەروەها ئێمەش.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler