ئایار 25, 2019

64 ملیۆن دۆلار لە بودجەی پارێزگای نەینەوا سپیکراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراقی، دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند نزیکەی 64 ملیۆن دۆلار لە بودجەی پارێزگای نەینەوای سەر بە باکوری عێراق سپیکراوەتەوە، کارەکەیش لەلایەن فەرمانبەرانی نزیکی پارێزگاری پێشوو "نۆفل عاکوب" ئەنجام دراوە بەرلەوەی بەهۆی کێشەی نوقمبونی یەختە گەشتیارییەکەوە لەکار دووربخرێتەوە، کە ئەمەیشیان بۆتە کەیسێکی یاسایی و هێشتا لە دادگایە.

دەستەی دەستپاکی لە 11ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند بە گوێرەی بەدواداچوونەکانیان، 14 بەرپرس و فەرمانبەر لە دیوانی پارێزگای نەینەوا دەستیان هەیە لە شووشتنەوەی پارە و بەهەدەردانی سامانی دەوڵەتدا، بەم تۆمەتەیش دەستبەرسەر کراون. دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردەوە کە فەرمانبەرانی نزیک لە "عاکوب" دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 76 ملیار دیناری عێراقیدا (کە دەگاتە 64 ملیۆن دۆلار)، بەشێوەی چەک و خەرجی لە ئەکاونتی تایبەتیدا بەشێوەی پارەی نەخت سپییان کردۆتەوە.
بەرپرسێک لە دەستەکە ڕایگەیاند نزیکەی 45 ملیار دیناری عێراقی (37 ملیۆن دۆلار)ی ئەو بڕە پارەیە، لە بنەمادا هی بودجەی ساڵی 2018ی تەرخانکراو بۆ پەرەدان بە هەرێمەکانی پارێزگاکە بووە. ئاماژەی بەوەیشدا کە دەستەی دەستپاکی توانیویەتی نزیکەی هەشت ملیار (شەش ملیۆن دۆلار) لەو پارەیە بگەڕێنێتەوە.
لە کۆتایی مانگی مارسدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاریدا لەپای نوقمبونی یەختێک لە موسڵ کە سەد کەس لەو ڕووداوەدا بوون بە قوربانی، عاکوب و جێگیرەکەی لە کارەکەیان دووربخاتەوە. ئەم ڕووداوەیش دەرگای بەسەر دۆسێیەکانی گەندەڵیدا کردەوە، گەندەڵیی لە شارێکدا کە بەهۆی داعش و جەنگەوە خاپوور و وێران بوو، بۆ ئەوەی ئاوەدانیش بکرێتەوە بودجەیەکی بە گوێری هەشت سەد ملیۆن دۆلار بۆ تەرخانکراوە.
بەڵام وێڕای ئەمەیش گەندەڵی لە دەوڵەتدا هەر بەردەوامە و عێراقیش پپلەی 12ی لە ڕیزی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا گرتووە، ئەگەرچی ئەم ڕووداوە دیسانیش گەندەڵیی سیاسەتمەدارەکانی عێراقی هێنایەوە پێشێ، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسێکیان نەدراون بە دادگا.
چەند ساڵێکە عێراق لە ژێر گەندەڵییەکی کوشندەی دامودەزگاکانیدا دەناڵێنێت.بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم گەندەڵییە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا بە نزیکەی 228 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت کە بە نایاسایی ڕۆیشتووە بۆ گیرفانی سیاسی و بازرگانە وەهمییەکان؛ ئەمەیش زیانێکی گەورەیە بۆ عێراق و ئەم بڕە پارەیە لەمڕۆدا دوو هێندەی بودجەی گشتیی و هەموو داهاتە ناوچەییەکانی وڵاتەکەیە.

سه‌رچاوه‌:
https://www.aljazeera.net

© 2017 Hawler