ئاب 19, 2019

کریستیانەکانی عێراق لەبەر هەڕەشەی گروپە توندڕەوەکان ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان

کریستیانەکانی عێراق هاوشێوەی کەمینەکانی دیکەی عێراق بوونە قوربانی دەستی داعش، ئەوان ناوچەکانیان بەجێ هێشت، بەشێکیان لەکەمپەکان لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون و، بەشێکی دیکەیشیان ڕوویان لەئەوروپاکردوە.

لەدوای نزیکەی پێنج ساڵ لەشەڕی داعش و نزیکەی دوو ساڵ لەڕزگارکردنەوەی ناوچەکانیان بەڵام لەبەر مەترسی و نەبوونی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە هێشتا کریستیانەکان و ئاوارەکانی دیکەی عێراق نەگەڕاونەتەوە موسڵ و دەشتی نەینەوا.
لەگەڵ هاتنی جەژنی ئیستەر (قیامە)دا کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی کریستیانەکانی جیهان جەژنی قیامەیان گێڕا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئیندیپێندێنت) ئاوارە کریستیانەکان بەشێکیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و لەوێ جەژنی قیامەیان پیرۆزکرد، قەرەقوش یەکێک بوو لەو ناوچانەی باکوری عێراق کە نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا بەهۆی شەڕی داعشەوە تێکڕوخاوبوو، کەنیسەکان و، دوکانەکان و، خانوو و، کێڵگەکانی لەلایەن داعشەوە وێرانکرابوون.
کاتێ داعش شاڵاوی کردە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا لەساڵی (٢٠١٤) ەدا، لە قەرەقوش نزیکەی (٥٠ هەزار) کەس بەهۆی ترسی تیرۆرەوە ناوچەکانیان بەجێ هێشت، بەشێکی زۆریان ترسی ئەوەیان هەبوو کە هەرگیز جارێکی دیکە ناوچەکانیان نابیننەوە.
ئەمڕۆ بەشێک لەو مەسیحیەکانی ناوچەی قەرەقوش گەڕاونەتەوە و، بۆ جەژنی ئیستەر (قیامە) لەناوچەکانی خۆیان ئامادەی ئاهەنگ گێڕان و پیرۆزکردنی ئەو بۆنە ئاینیەیان بوون، ئەو ناوچەیە زۆرترین قەرەباڵغی پێوەدیاربوو بەبەراوورد بەناوچەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا.
وێنەی ناوچەی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا وێنەیەکی دڵخۆشکەر نیە چونکە کریستیانەکان بەشێکی زۆریان نەگەڕاونەتەوە و ترسیان لەگەڕانەوە هەیە، بەشێکی زۆری کریستیانەکان لەکەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون و، لەوێ هەست بەئاسایش دەکەن.
گیرگرفتەکانی وەکو بێکاری و، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و، ترس و دڵەڕاوکێی ئاسایش و سەقامگیری و هەڕەشەی گروپە توندڕەوەکان لەهەر هۆکارە سەرکیەکانی بەردەم دووری کریستیانەکانی دەشتی نەینەوان لەزێد و ناوچەکانی خۆیان.
(فرەج بینۆت) سەرۆکی فراتێرنیتی لە عێراق کە ڕێکخراوێکی فەرەنسیە و پشتگیری کریستیانەکان دەکات گوتی، لەو ناوچەیەدا قەرەقوش لەهەموو ناوچەکانی دیکە کریستیانەکانی زیاتر بۆلای خۆی گێڕاوتەوە و وێنەیەکی سەرکەوتوو بوە.
هەڵبەتە قەرەقوش گەورەترین شارۆچکەی کریستیانەکانە لە عێراق و ناسنامەی کریستیانیەتی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سەدەی چوارەم کاتێ ئاشورییەکان ئاینێکی نوێیان لەوێ دروستکرد و، کەنیسە و پەرستگا ئاینیەکانیان لێ دامەزراند.
پێش ئەوەی داعش شاڵاوی سەر ئەو ناوچەیە لەساڵی (٢٠١٤) ەدا ئەنجامبدا یەکێک بوو لەناوچە دەوڵەمەندەکان و، بازرگانی و بەرهەمی کێڵگەکانی دەگەێنرایە شاری موسڵ.
کاتێ داعش لەساڵی (٢٠١٤) ەدا موسڵی داگیرکرد، هەڕەشەی بۆ کریستیانەکانی گوند و شارۆچکەکانی ناوچەکە نارد کە یان ئاینەکەیان بگۆڕن یان ڕووبەڕووی شمشێر ببنەوە، هەڕەشەی گۆڕینی ئاینەکەیان و باج لێسەندنی بەهەڕەشەی کوشتن لێکردن بەهەمان شێوە هەڕەشەی لە یەزیدی و کورد و کەمینەکانی دیکەی ناوچەکە کرد.
نزیکەی (١٠٠) هەزار کریستیانی ئەو ناوچەیە ماڵەکانی خۆیان چۆڵکرد و ڕۆیشتن بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و هێشتا بەشێکی زۆریان لەوێ دەژین.
بەگوێرەی داتایەکانی ژووری کۆمیتەی بیناکردنەوەی موسڵ تا ئێستا نزیکەی (٣٧) هەزار کەس لە کریستیانەکان گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا بەڵام هێشتا بەدەیان هەزار کەس لە کەمپەکان ماون و لەو بارودۆخەدا نایانەوێ بگەڕێنەوە.
لەتازەترین ڕاپرسی کەمینە ئاوارەکانی عێراق کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان ئەنجامدراوە ئەوە دەرکەوتوە ڕێژەیەکی زۆری کریستیانەکان دەڵێن پلانیان نیە بۆ گەڕانەوە، تەنها نزیکەی (٢٢%) یان لەگەڵ گەڕانەوەدان.
شیاوی باسکردنە، لەدوای ڕزگاکردنەوەی ناوچەکانیان لەژێر دەستی داعش، ئەو جەژنەی (قیامە) یە شارۆچکەی قەرەقوش زۆرترین خەڵک بەشداری تێداکردوە، بەلای خەڵکی ئەو ناوچەیە کە گەڕاونەتەوە جێی دڵخۆشی و هیوا بوە کە ڕۆژێک دێ ناوچەکانیان ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکان و ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە.
لەناوچەکانی دەشتی نەینەوا تەنها قەرەقوش ئاوەدانی تێکەوتۆتەوە، هەندێ شارۆچکەی دیکەی دەشتی نەینەوا کە مێژوویەکی کۆنی کریستیانیەتیان هەیە بەڵام هێشتا چۆڵن و ژیانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە لەدوای ڕزگارکردنەوەیان لەژێر دەستی داعش، خەڵکەکە لەبەر هەڕەشەی میلیشیا شیعەکان کە لەناوچەکانیان ناگەڕێنەوە.
(بەرتلە) کە نزیکەی (١٦) کیلۆمەتر لە قەرەقوش دوورە نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکەکەی بۆ گەڕاوەتەوە، کە پێشتر شوێنی نیشتەجێی نزیکەی (٣٨٠٠) خێزانی کریستیان بوە، زۆربەی خەڵکەکە سکاڵادەکەن لەدەست توندوتیژی و خراپی میلیشیا شیعەکان کە ئێستا کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کردوە، ئەوان دەڵین لەدەستی داعش ڕزگاریان بوە بەڵام جارێکی دیکە کەوتونەتە دەست میلیشیا شیعەکان کە ڕۆژانە توندوتیژی لەدژیان ئەنجامدەدەن و هەست بەئارامی و ئاسایش ناکەن.
کریستیانەکانی عێراق پێشتریش ڕووبەڕووی زوڵم و زۆری و ناسەقامگیری بونەتەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری کریستیانەکان کۆچیان کردوە و، ئەوەش وایکردوە ژمارەی کریستیانەکانی عێراق بەڕێژەیەکی بەرچاو داببەزێت.
لەکاتی پرۆسەی ئازادی عێراق لەساڵی (٢٠٠٣) دا ژمارەی کریستیانەکانی عێراق بە (١،٤ ملیۆن) کەس خەمڵێنراوە، بەڵام بەپێی داتایەکانی ئەمڕۆ ژمارەی کریستیانەکان کەمترن لە (٣٠٠ هەزار) کەس.
بەهۆی نەبوونی ئاسایش و ناسەقامگیریەوە، میلیشیا چەکدارییەکان لەعێراق سەریان هەڵدا و ئەوەش مەترسی بۆ کەمینەکانی ناوچەکە دروستکرد، بەشێکی زۆری کریستیانەکانی موسڵ لەبەر نەبوونی ئاسایش ناوچەکانیان بەجێ هێشت، زۆریان چونەتە ئەمەریکا و ئەوروپا و، بەشێکیشیان لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.
(ئۆپن دۆر) کە ڕێکخراوێکی بەریتانیاییە و بەدواداچون بۆ تاوانی دژی کریستیانەکان دەکات لەتازەترین ڕاپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی تێکشکانی داعش لەناوچەکانی موسڵ تاوانکاری لەدژی کەمینەکان لەناوچەکەدا دابەزیوە بەڵام هێشتا هەڕەشەی گروپە توندڕەوەکان ماوە و وایانکردوە کریستیانەکان نەتوانن بگەڕێنەوە و لەوێ هەست بەئارامی ناکەن.
لەدوای تێكشکانی داعش چاوەڕێدەکرا بەشێکی زۆری ئاوارەکان بەکریستیانەکانیشەوە بەخێرایی بگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان بەڵام بەهۆی نەبوونی ئاسایش و، خراپی مامەڵەی میلیشیا شیعەکان و، کەموکورتی لەبوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان هێشتا نزیکەی (١،٨) ملیۆن کەس لەئاوارەیدا ماونەتەوە و پلانیان نیە لەو باوردۆخەدا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler