ئایار 25, 2019

عێڕاق و عەرەبستان، بەرەو پەیوەندییەکی باشتر

لەدوای نزیکەی سێ دەیە عێراق و عەرەبستان پەیوەندییەکانیان لەڕووی دیبلۆماتی و ئابوری و بازرگانیەوە باشتر دەکەنەوە و پەرەی پێدەدەن، بۆ ئەو مەبەستە لەماوەی رابردوودا عەرەبستان کونسوڵیەتی خۆی لەبەغدا کردەوە و هەروەها لەسەر ئاستی باڵاشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی عەرەبستانی کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەی‌بی‌سی نیوز)سەردانەکەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ عەرەبستان سەردانێکی گرنگ بوە و لەلایەن شا سەلمان پاشای عەرەبستان و بەرپرسە باڵایەکانی دیکەوە بەگەرمی پێشوازی لێکراوە و، هەروەها چەندین بۆندی بازرگانی گەورەش لەنێوانیاندا واژۆکراوە.
هەردوو وڵاتی دەوڵەمەند بەنەوت هەنگاوی ئەرێنی دەنێن بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتی و ئابورییەکانیان لەدوای نزیکەی سی ساڵ لە ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدا بوو کە دوو حەفتەی پێشتر عەرەبستان کونسوڵیەتی وڵاتەکەی لە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ یەکەم جار لەدوای سی ساڵ کردەوە، وە لەگەڵ کردنەوەیشیدا هاوکاری نزیکەی (یەک ملیارد) دۆلاری بۆ عێراق ڕاگەیاند.
ئەو هەنگاوانە لەسەر ئاستی ناوچەیی کاردانەوەی گەرموگوڕیان هێنایەپێش کە ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێ دەرفەتێکی نوێ دەستپێبکەنەوە، وە قوڵبونەوەی پەیوەندییەکانیان کاریگەری گەورەی دەبێ لەسەر گەشەی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان و، هەروەها پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەردوو وڵات.
نزیکبونەوەی عەرەبستان و عێراق بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەشی هەیە، عێراق لەدوای شەڕی داعش و ئەو ناسەقامگیریەی کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تێیکەوتوە پێویستی بەهاوسێیەکی گرنگ و باش هەیە، وە عەرەبستان کە وڵاتێکی دەوڵەمەند بەنەوتە و پێگەیەکی گرنگی لەناوچەکەدا هەیە دەتوانێ یارمەتیدەرێکی باشی عێراق بێ چ لەڕووی سەقامگیری و هەروەها لەڕووی ئاوەدانکردنیشەوە. وە ئەو نزیکبونەوەیە بۆ عەرەبستانیش بایەخدارە چونکە پێگەی عێراق بەلای عەرەبستانەوە ستراتیژی و گرنگە، ماوەیەکی درێژە عەرەبستان لەگەڵ ئێراندا لەململانێ و نەیاریدایە و، عەرەبستان چاوی لەوەیە لەڕێی عێراقەوە کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر ناوچەکە کەمبکاتەوە.
لەئێستادا دەرفەتێکی گرنگ لەپێشە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبەستان و عێراق لەدوای چەندین دەیە لەپەیوەندی ئاڵۆزاوی نێوانیان، وە عێراق هەوڵدەدات ئاڵۆزیە ناوچەییەکان لەگەڵ عەرەبستاندا ڕوون بکاتەوە و لایان بدات و، بەپێی چاودێرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش (عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەو کارەکتەرانەیە کە دەیەوێ دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا هەبێ و لەگەڵ دەستبەکاربونیشی نزیکەی شەش مانگ لەمەوپێش ئاماژەی بەوەدا کە عێراق بەدوای پەیوەندییەکی دۆستانەدایە لەگەڵ هەموو هاوسێیەکانی بەتایبەتی عەرەبستاندا. کە ئەوەش بۆ عەرەبستان مایەی ڕەزامەندییە.
هەر لەسەر ئەو بابەتە، (جمیل ئەلدیابی) سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئوکازی عەرەبستان گوتی، لەلایەن سیاسیە باڵایەکانی پارتە سیاسیەکانی هەردوو وڵاتدا ویستی لێکنزیکبونەوە بەدی دەکرێ بۆ قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان تاوەکو پەیوەندییەکی ستراتیژی بەهێز لەنێوان هەردوو وڵاتدا دابمەزرێنن.
شیاوی باسکردنە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و عەرەبستان گرنگە بۆ سەقامگیری لەناوچەکەدا، بەتایبەتی بۆ عێراق بایەخی گەورەی هەیە چونکە لەدوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو عێراق پێویستی بەسەقامگیری و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە هەیە.
لەسەردانەکەی ئەو دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ عەرەبستان کە نزیکەی (١٢) وەزیر و، چەند یاسادانەرێک و نوێنەرانی بازرگانی لەگەڵدا بوون بەسەردانێکی ئەرێنی و گرنگ لێکدانەوەی بۆ کرا، لەو سەردانەیدا شاندی عێراقی و عەرەبستان نزیکەی (١٣) ڕێکەوتنی بازرگانیان لەبوارە جیاجیاکاندا واژۆکردوە و چاوەڕێدەکرێ لەداهاتوودا قوڵکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە بەکردەیی بۆ بەرژەوەندی هەردوولا دەربکەون.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler