تشرینی یەکەم 16, 2019

فەرەنسا: دەبێ لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا هیچ هەرێم و پێکهاتەیەک پەراوێزنەخرێت

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوادەکات ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانبەرکەوتووەکان بەهۆی شەڕی داعش لە عێراق، پرۆسەیەکی گشتگیر بێت و هیچ هەرێم و پێکهاتەیەک پەراوێزنەخرێت.

جان ئیڤ لو دریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژێک دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر، لە گوتەیەکیدا لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت رایگەیاند، پێویستە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی عێراق گشتگیر بێت و لەو پرۆسەیەدا هیچ و هەرێم و پێکهاتەیەک پەراوێزنەخرێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی "لە نۆژەنکردنەوەکەدا دەبێت لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتیش بگرێتەوە، بۆیە فەرەنسا بەتایبەتی سەرنجی تەواوی لەسەر هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوەیەکی گشتگیر دەبێ کە هیچ هەرێمێک یان پێکهاتەیەک پەراوێزنەخرابێت".
 لو دریان راشیگەیاند، عێراق کاتێک دەتوانێت بە جێگیریی وەک خۆی لێبێتەوە، ئەگەر هەر سێ پرۆسەکانی "نۆژەنکردنەوە، سەقامگیریی و ئاشتەوایی" پێکەوە جێبەجێبکرێن و پرۆسەکان بەیەکەوە بەسترابێتنەوە

.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی "دوێنی وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەم کۆبوونەوەیە و جۆری هاوئاهەنگییەکانمان لە داهاتوودا سەردانی بەغدا و هەولێرم کرد، دەمەوێت پێتانڕابگەیێنم کە فەرەنسا بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو وڵاتە شانبەشانی عێراق دەوەستێت، وەک چۆن لە شەڕی دژ بە داعشدا شانبەشانی عێراق وەستا".
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لو دریان پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و پاراستنی مافەکانی کورد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا "پشتگیری پاریسی بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی دامەزراوەیی لە عێراق دووپاتکردووەتەوە، کە وەڵامدەرەوەی داوا و خواستی هەموو پێکهاتەکان بێت، بەتایبەت کورد".

© 2017 Hawler