نیسان 23, 2019

عێراق نزیکەی بیست هەزار کەس لە ژن و منداڵ و چەکدارە داعشەکان وەردەگرێتەوە

لەگەڵ نزیکبونەوە لەتەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی داعش لەسووریا و، بەدیلگرتنی ژمارەیەکی زۆری داعشەکان، بابەتی گێرانەوەی چەکدارەکان و ژن و منداڵەکانیان بابەتێکە دەبێت لەگەڵ وڵاتانی ڕەسەنی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە. هەڵبەتە پێشتر هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاگاداری داوە لەوەی کە زیندانەکان پڕن و پارێزگاریکردنیان ئاسان نیە، هەروەها بەشێک لەژن و منداڵەکان لە کەمپەکانن چاودێریکردنیان لەو بارودۆخەی ئێستای سووریادا کارێکی زەحمەتە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (گاردیان) عێراق بەنیازە نزیکەی (٢٠) هەزار کەس لەژن و منداڵ و ژمارەیەکیش لەچەکدارە داعشەکان لەسووریاوە کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان بگێڕێتەوە بۆ عێراق کە عێراقین و لەگەڵ داعشدا بوون.
ئەو عێراقیانە پێشتر لەناوچەکانی سووریادا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون، وە بەپێی بەرپرسانی ڕێکخراوی خاچی سوور لەنێو ئەو ژن و منداڵانەدا ژمارەیەکی کەمیش لەچەکدار هەن.
ئەو گیراوانە لە کەمپی ئەلهۆڵدان کە ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی کوردی سووریادایە، وە تازەش نزیکەی (٦٥) هەزار کەسی دیکە لەو ناوچەیەی ژێر دەستی داعش لە(باغۆز) ڕایانکردوە و، بەڕێوەبردن و پارێزگاریکردنی ئەو ژمارەیە زۆرەی خەڵکەکە بۆ ئیدارەی ناوچەکە کارێکی ئاسان نیە.
بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتە ناوچەییەکان، نزیکەی (١٠٠) کەس لەڕێگای گەیشتن بە کەمپەکان و هەروەها لەوێش مردوون، لەنێو ئەوانەدا کوڕە سێ حەفتەیەکەی (شەمیما بیگون) ی کچە هەڵاتووی بەریتانیایش هەیە کە پێشتر پەیوەندی بەداعشەوە کردبوو و بەریتانیایش ڕەگەزنامەکەی لێ هەڵوەشاندەوە.
لەبارەی گیراوەکانی کەمپی ئەلهۆڵەوە، (فابریزۆ کاربۆنی) بەڕێوەبەری هەرێمی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کاروباری ئاوارەکان بە (ڕۆیتەرز) ی گوتوە، بەشێکی زۆری ئەوانەی لەکەمپی ئەلهۆڵن عێراقین، ژمارەیەکی بەرچاون و بەژن و منداڵەکانەوە نزیکەی (٢٠) هەزار کەسێک دەبن.
هەروەها لەبارەی ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی بۆ گیڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان لەدرێژەدا گوتی، حکومەتی عێراقی ئامادەیی نیشانداوە کە ئەو خەڵکانە بگێڕێتەوە بۆ عێراق، بەڵام ئەوەش بارودۆخێکی ئاسان نیە چونکە ئەو خەڵکانە جێی بایەخن بە مەترسی دروستکردن بۆ سەر ئاسایش دادەنرێن، ئەوەش واتە دەبێ ئەوانە بە پرۆسەی پشکنین و چاودێریکردندا تێپەڕن.
هێشتا دیارنیە عێراق کەی و چۆن ئەوان دەگێڕێتەوە بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (کاربۆنی) ئەوە لەوانەیە چەند حەفتە و چەند مانگێک بخایەنێت.
عێراقیەکان ژمارەیەکی زۆر و دیارن لەنێو گیراوەکانی هەڵاتووی ناوچەکانی داعش لەسووریا، لەدوای عێراقیەکان نزیکەی (چوار هەزار) کەسی دیکەش لە چەکدار و ژنان و منداڵانی داعش کە بیانین لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون.
هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشداریداوە کە سەرچاوەی پێویستیان لەبەردەستدا نیە و ڕێوشوێنگرتن بۆ چاودێریکردنیان لەو دۆخەی ئێستای سووریادا بۆ ئەوان قورسە بۆیە ناتوانن بۆ کاتێکی درێژ بیانهێڵنەوە و داوایان لە هاوپەیمانەکانی نێودەوڵەتی کردوە کە بەرپرسیاریەتی لەو ئاستەدا لەئەستۆگرن.
وڵاتانی بیانی کاردانەوەی جیاجیایان هەیە، بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا تاوەکو ئێستا ڕەتی ئەوەدەکەنەوە کە (‌هاوڵاتیەکانیان) لە داعشەکان یان کەسوکارەکانیان وەرگرنەوە و دەڵێن مەترسی بۆ سەر ئاسایش دروستدەکەن. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا کەمێک ئامادەیی نیشانداوە عێراقە.
عێراقیش بۆخۆی ژمارەیەکی زۆری دەستگیرکراوی داعشی هەن، لەنێویاندا ژمارەیەکی بەرچاو لەچەکدارەکان و، هەروەها ژن و مندالەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە لەحەفتەی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە عێراق زیاتر لە (١٥٠٠) منداڵی لەزیندانەکاندان کە دەگوترێ پەیوەندیان بەداعشەوە هەبوە، وە نزیکەی (١٥٠) یشی لێ سزا داون.
شیاوی باسکردنە، شەڕی باغۆزی سووریا کە دوا مۆڵگەی خەلافەتی داعشە لەسووریا چەند ڕۆژێکە درێژەی هەیە، هێواشی شەڕەکە لەبەر ئەوەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەیانەوێ هاوڵاتیانی مەدەنی و ژن و منداڵەکان دەربازببن و ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن.
لەو بارەیەوە (بێهزت جودی) فەرماندەی یەکەکان لەو هێزانە گوتی، دەتوانین لەشەوێکدا شەڕەکە تەواوبکەین بەڵام ستراتیژی ئێمە ئەوەیە کە فشاربکەینە سەر داعش کە ڕێگابدەن هاوڵاتیان لەوێ دەرچن، وە ئەو کاتە هێرشیان دەکەینەسەر و دەرفەتی خۆ بەدەستەوەدانیان پێ دەدەین.
شەڕەکە لە بارەگا سەرەکیەکانی چەکدارەکان و خێوەتەکانیان زۆر نزیکە و بەشێک لەو خێوەتانە ژن و منداڵیان تێدایە لەپاڵ چەکدارەکانی داعش و خۆکوژەکاندا، فەرماندەکە گوتی لەو حاڵەتەدا ناکرێ هێرشی هەوایی هاوپەیمانانیش ئەنجامبدرێ بۆ پاڵپشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
شەڕی داعش لەدوا خاڵیدایە بەڵام شەڕی داعش بەکۆنتڕۆڵکردنەوەی باغۆزیش کۆتایی نایەت، داعش لەشێوەی چالاکی چەکداری هەیە و هێشتا ئایدۆلۆژیەتی داعش و، هەروەها دەستگیرکراوەکانیشیان مەترسین لەسەر ئاسایشی ئەو ناوچەیە لەعێراق و سووریا بەتایبەتی و هەروەها جیهانیش بەگشتی، بۆیە چاودێرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن کە هەماهەنگی و ستراتیژیەتیەکەیان لەدژی تیرۆر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بەردەوامی پێبدەن و بەتەنیا بەجێیان نەهێڵن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler