کانونی یەکەم 14, 2019

لە ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دا چەند ساتەوەختێکی خشتەی بەروار و ڕووداوەکانی سەهەڵدانی داعش و هەتا کەوتنی لەعێراق و لەسووریا بڵاوکردۆتەوە.

لەمانگی (تشرینی دووەمی ٢٠٠٤) ەدا لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەعێراق بەسەرکردایەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، دواتر پشێوی و ئاڵۆزی ناوخۆیی دروست بوو، گروپە یاخیبوەکان و توندڕەوەکان خڕبوونەوە و لەچوارچێوەی قاعیدەدا خۆیان ڕێکخست، وە دواتر ناوەکەیان گۆڕی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق.
ساڵی (٢٠١١) لەدوای سەرهەڵدانی قەیران و شەڕی ناوخۆی سووریا، (ابوبکر بەغدادی) سەرکردەی ئەو گروپە تیرۆریستیە هەندێکی ناردن بۆ سووریا تاوەکو لەوێش خۆیان ڕێکبخن وەکو لایەکی سەر بەعێراق دابمەزرێن، بەغدادی لەدوای (٢٠١٣) ەوە لەقاعیدە جیابۆوە و، ناوی گروپەکەی گۆڕی بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام.
لەساڵی (٢٠١٤) ەدا لەسەرکەوتنێکی لەناکاودا دەستیان بەسەر فەللوجەدا گرت لەعێراق و، هەروەها لەسووریاش دەستیان بەسەر ڕەققەدا گرت. دواتر چەکدارەکانی داعش لەمانگی حوزەیراندا موسڵ و تکریتیان گرت، وە هەروەها سنورەکانی سووریاشیان کۆنتڕۆڵکرد و ئنجا لەمزگەوتی گەورەی موسڵ (بەغدادی) خەلافەتەکەی لەعێراق و، سووریا ڕاگەیاند.
لەگەڵ ئەو پێشڕەویانەدا دەستیانکرد بە کوشتن و بڕی و تاڵان و ڕفاندنی ئافرەت و منداڵانی خەڵکی دانیشتوی ئەو شوێنانەی دەیانگرتن.
لە عێراق لەشارۆچکەی شنگال داعش بەهەزارن یەزیدی کوشتن و ئافرەت و منداڵەکانی ڕفاندن، بەزەبر و توندوتیژی نزیکەی (٧) هەزار ئافرەت و کچی بۆ کەنیزەکردنی سێکسی و مامەڵەکردن ڕفاندن.وە لە سووریایش کۆمەڵکوژی لەئەندامەکانی هۆزی شایتات ئەنجامدا و چەندین دیلی لەهێزە شەڕەکەرەکان و هاوڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوایبەشێوەی دڕاندانە سەربڕین.
لەمانگی ئەیلولی هەمان ساڵدا ئەمەریکا هاوپەیمانیەتێکی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دروستکرد و هەڵمەتی هێرشی هەواییان لەدژی داعش دەستپێکرد، وە بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە زەمینیەکان بەتایبەتی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان ئەستونەی داعشیان وەستاند.
ساڵی (٢٠١٥) چەند چەکدارێکی داعش لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هێرشیان کردە سەر ڕۆژنامەی کاریکاتێریەکە و فرۆشگای کۆشێر و چەندین کارمەندیان لێ کوشتن، وە دواتر کردە تیرۆرستیەکانیان بەوڵاتانی نێودەوڵەتیدا بڵاوبونەوە و چەندین کردەی تیرۆرسیتیان لەوڵاتانی جیاجیادا بەشێوەی جیاواز ئەنجامدان.
لەمانگی مایسی ئەو ساڵەدا داعش هەڵیکوتایە سەر ڕومادی و هەروەها لەسووریایش شارۆچکەی پالمێرای دێرینی گرت، وە تاکۆتایی ساڵی (٢٠١٥) هەڕەشەکانیان لەگەشە و لوتکەدا بوون بەڵام لەکۆتایی ساڵی (٢٠١٥) ەدا دەستکرا بەپاشەکشە پێکردنیان و ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەستیان.
لەحوزەیرانی ساڵی (٢٠١٦) ەدا لەعێراق فەللوجە ڕزگارکرایەوە، ئەوە یەکەمین شارۆچکە بوو داعشیان لێ وەدەرنا، وە دواتر لەمانگی ئابدا لەسووریاش بەهاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات (مەنبج) یان کۆنتڕۆڵکردەوە.
ساڵی (٢٠١٧) ە دیسان ساڵێکی پڕ سەرکەوتن بوو بۆ هێزە هاوپەیمانەکانی دژی داعش و چەندین سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا تۆمارکردن، دەوڵەتی ئیسلامی داعش کەوتە شۆڕبونەوە و کەوتن، وە مەترسیەکانی کەم کەم لادران. لەحوزەیرانی ساڵی (٢٠١٧) ەدا موسڵ لەبن دەستی داعشدا کەوت، هەڵمەت و هەماهەنگیەکانی هێزەکانی دژی داعش لە هاوپەیمانان و سوپای عێراقی و هێزی پێشمەرگە توانیان کۆتایی بەداعش لەموسڵ بهێنن و بەش بەش شارەکە ڕزگارکرایەوە و، وە لەکۆتایی ئەو ساڵەدا حکومەتی عێراقی سەرکەوتنی بەسەر خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لەعێراق ڕاگەیاند.
وە لەسووریایش لەمانگی ئەیلولی ئەو ساڵەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەپاڵپشتی ڕووسیا و ئێران ناوچەکانی شۆڕبۆوەی لای ڕۆژهەڵاتیان ڕزگارکردەوە کە ناوچەکانی دێرەزوور و کەناراوەکانی ڕووباری فوڕات بوون، وە لەمانگی تشرینی یەکەمدا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەهەماهەنگی هاوپەیمانان داعشیان لە ڕەققە دەرپەڕاند.
ساڵی (٢٠١٨) ەیش حکومەتی سووریا ناوچەی یەرموکی لەژێر دەستی داعش ڕزگارکردەوە کە دەکەوێتە باشووری دیمەشق، وە هەروەها لەگەڵ ناوچەکانی نزیک لەبەرزاییەکانی جۆلان لای سنوری ئیسرائیلیش، وە هەر لەو کاتەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشڕەویان زیاتریان کرد بەدرێژایی ڕووباری فوڕاتدا و هێزە عێراقیەکانیش تەواوی سنورەکانیان لەگەڵ سووریا لەداعش کۆنتڕۆڵکردەوە.
ئێستا لەسووریا هێزەکانی سووریای دیموکرات دوا ناوچەی ژێر دەستی داعش لەسووریا کۆنتڕۆڵدەکەنەوەو دوا ناوچەی داعش ڕزگاردەکەنەوە، ماوەیەک پێشتریش ئەمەریکا سەرکەوتنی بەسەر داعشدا لەسووریاش ڕاگەیاند و بەتەمایە بەشێک لەهێزەکانی لەوێ بکشێنێتەوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler