تەمموز 16, 2019

شەڕی تازەی عێراق، شەڕی بێکاریە

دوای تێکشکاندنی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، عێراق ڕووبەڕووی شەڕێکی دیکە دەبێتەوە ئەویش شەڕی بێکاریە کە گەنجێکی زۆری ئەو وڵاتە بێ ئیشن. داشکانی نرخی نەوت لەساڵی (٢٠١٤) و بەدواوە قەیرانێکی گەورەی وشکبونەوەی دارایی هێنایەپێش کە بوو بەهۆی ڕاوەستانی دامەزراندن و، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دواجار کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر دەرفەتەکانی کارکردن لەو وڵاتەدا.

ئێستا لەدوای داعش بارودۆخێکی تازە لەعێراق هەیە کە پێویستی بەوەبەرهێنانی گەورە هەیە لەبوارە جیاجیاکاندا بۆ زیادکردنی دەرفەتەکانی کارکردن و، ڕووبەڕووبونەوەی بێکاری، تاوەکو عێراق بەرەو سەقامگیری هەنگاوبنێتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (فرانس‌٢٤) لەعێراق گەنجێکی زۆری بێکار هەیە کە خاوەن بڕوانامە و توانای ئەکادیمین و هێشتا تامەزرۆی بەدەستهێنانی دەرفەتێکی کارکردنن. شەڕی تازەی عێراق شەڕی بێکاریە و، پێویستە کار لەسەر هۆکارەکانی بێکاری بێت تاوەکو سەقامگیری و، دەوڵەمەندی بۆ ئەو وڵاتە بێتەوەپێش.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی داعش و، دابەزینی نرخی نەوت و، هەروەها کەڵەكەبوونی گەندەڵیش لەعێراقدا ڕێژەی بێکاریش بێشومار بەرزبۆتەوە و، دامەزراندنی گشتی وەستاوە و، کەرتی تایبەتیش توانایەکی سنورداری هەیە بۆ دروستکردنی دەرفەتەکانی کارکردن سوککردنی ئەو کێشەیە لەو وڵاتەدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێستا بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپانەی ڕابردووی ئەو وڵاتە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی نەبوونی دەرفەتی کارکردن بۆتەوە و ڕێژەیەکی زۆری ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیایەکانی خوێندنن بێکارن.
بیرۆکراسیەت کێشەیەکی دیکەی بەردەم گەنجانە لەپەیداکردنی دەرفەتی ئیشدا و لەو بارەیەوە چەند خوێندکارێک بۆ ڕاپۆرتەکە لێدوانیان داوە و دەڵێن زۆر ئەستەمە بۆ قوتابیان لەدوای تەواوکردنی خوێندنیان ئیش پەیدابکەن بەبێ پاڵپشتی حیزب و لایەنە سیاسیە باڵادەستەکان، لەعێراق زۆربەی ئیشەکان لەلایەن حیزبەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون و دەست هەموو کەسێک ناکەون، نایەکسانی هەیە لەو بوارەدا.
بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی زیاتر لە یەک لەسەر سێی گەنجان لەعێراق بێکارن و وە داواکاری لەسەر ئیش و دەرفەتی کارکردن تاوەکو ساڵی (٢٠٣٠)یش بەرزتردەبێتەوە و دەبێتە دوو ئەوەندەی ئێستا.
شارەزاییان لەزانکۆیەکانی عێراق هۆشداریان داوە لەو دۆخەی ئێستای عێراق و داوای پلانێکی گشتگیر و تۆکمە لەحکومەت دەکەن بۆ زیادکردنی دەرفەتەکانی کارکردن لەو وڵاتەدا لەپێناو دابینکردنی سەقامگیر و دواڕۆژێکی باشتر بۆ عێراق، ئەگەرنا دوورنیە ئەو کێشەیە سەربکێشێت بۆ باردوخێکی نەخوازراوی دیکە لەعێراقدا.
لەو بارەیەوە (د. سورەیا ئەلخزرەجی) پرۆفیسۆری ئابوری لەزانکۆی بەغداد دەڵێ، حکومەتی عێراقی پێویستە گرنگی بەو دۆخەی ئێستای بێکاری بدات و حیساب بۆ کاریگەرییەکانی بێکاری کۆمەڵایەتی بکات کەدەبنەهۆی ناسەقامگیری و بەرزبونەوەی تاوان و، کوشتن و، دەکرێ ڕۆژێک بتەقنەوە. یان بەشێوەیەکی دیکە دەکرێ ببنەهۆکاری ناسەقامگیری و تێکدانی ئاسایش لەوڵاتدا.
بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دۆخی بێکاری و بەرزکردنەوەی تواناکان وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پرۆگرامی خول و پرۆگرامی ڕاهێنانی جیاجیای کردونەتەوە بۆ یارمەتیدانی گەنجان تاوەکو بتوانن کار بەدەستبهێنن. ئەو پرۆگرامانە یارمەتیدەردەبن لەبەرزکردنەوەی تواناکان و بەهێزکردنیان، بەڵام توانا داراییەکانی حکومەتی عێراقیش بەهۆی ڕەوشە نالەبارەکانی ڕابردوەوە سنوردارن.
هەر لەسەر ئەو بابەتە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراقی زۆری ڕێژەی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوازی پێویست لەو بوارەدا بەتایبەتی لەڕووی کردنەوەی خول و دەرفەتی زیاتر لەبەردەم گەنجاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمی پارە و نەبوونی بودجەی پێویست لەبەردەستدا.
کێشەیەکی دیکەی بەردەم خاوەن گەنجە بەتواناکان ئەوەیە کە سیستەمێکی ڕێک و پێک نیە تاوەکو گەنجانی بەهرەمەند و خاوەن بیرۆکەی باش بۆ بازرگانی پاڵپشتی بکات تاوەکو بتوانن لەدەرەوەی دامەزراندنی گشتیدا بازرگانیەکی بچوک یان مامناوەندیبۆ خۆیان دابنێن، بەشێوەیەکی دیکەی کاتێک گەنجێک پرۆژەیەکی هەیە بۆ دروستکردنی بازرگانیەکی بچوک پێویستە حکومەت پلان و ستراتیژی لەچوارچێوەیەدا هەبێت تاوەکو یارمەتی دارایی پێشکەشی ئەو پرۆژانە بکات، لێرەدا هەم حکومەت قازانج دەکات و، وە ئەو بازرگانیانەش دەکرێ سەرچاوەیەک بن بۆ کردنەوەی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجانی دیکەی بێکار.
ئەو گەنجانەی کە بۆ ڕاپۆرتەکە قسەیان کردوە گلەیان لەیاساکانی بواری کارکردن و، نەبوونی یارمەتی و پاڵپشتیەکانی حکومەتی عێراق هەیە لەو بوارەدا، لەو باوەڕەدان کە ئەگەربێتو حکومەت ئاسانکاری زیاتر لەو بوارەدا بڕەخسێنێت یارمەتیدەردەبێ بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو ڕەوشەدا.
عێراق دەبێ هەوڵبدات ڕووبەڕووی بێکاری بەپرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان و، پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی و باشکردنی سیستەم و یاساکانی کارکردن ببێتەوە، دەنا لەماوەیەکی کەم و لەئایندەیەکی نزیکدا کێشەی بێکاری سەردەکێشێت بۆ گیروگرفت و ململانێی گەورەی دیکە کە دەشێ ڕێگربێ لەسەقامگیری و ئاسایش لەعێراقدا.
شیاوی باسکردنە، سەرەڕای بارودۆخ و ئاستەنگەکانی دیکەی بەردەم حکومەتی عێراقی، ئێستا عێراق ڕووبەڕووی کێشە و قەیرانێکی دیکەی گەورەبۆتەوە کە ئەویش ڕەوشی بێکاریە لەنێو توێژی گەنجاندا.
بەپێی داتای ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان نزیکەی دوو ملیۆن و نیو گەنج زۆر بەخێرایی پێویستیان بەپەیداکردنی دەرفەتێکی کارکردن هەیە، وە باشترکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ زیادکردنی دەرفەتەکانی کارکردنیش لەعێراق پیویستی بەپلانی گونجاو و، گێڕانەوەی سەقامگیری و، زیادبوونی بودجە و، ڕێگری لەگەندەڵی و، پرۆژەی وەبەرهێنانی ستراتیژی هەیە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler