ئاب 23, 2019

وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەری هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش کۆبوونەوە

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، بە سەرپەرشتی کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت كۆبوونەوەی دەوری هاوپەیمانان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو تیایدا باس لە هەماهەنگی و هاوكاری هەرێمی كوردستان و وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژ بە داعش کرا.

دوێنێ، بە سەرپەرشتی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت ‌و بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەت و فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی و فەریق جەمال مەحەمەد سەرۆكی ئەركان و ژمارەیەك لە پلەدار و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەری هاوپەیمانان كۆبوونەوەی دەوری هاوپەیمانان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت، لەكۆبونەوەكەدا وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت هاماهەنگی و هاوكاری هەرێمی كوردستان و وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژ بە داعش بە گرنگ و پێویست زانی ‌و ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە كاری هاوبەش ‌و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوانیان سوود بە هەردوولا دەگەیەنێت.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرلەو كۆبوونەوەیەدا راپۆرتی ژوورەكانی ئۆپەراسیۆن و هەواڵگری ‌و میرە خوێندرایەوەتەوەو تێیدا ئاماری روودا و قوربانیەكانی چەند هەفتەی رابردوو خراوەتەروو، هەروەها ئاماژە بە دوا پێشهاتەكانی شەڕی داعش ‌و جموجوڵی ئەو چەكدارانە كراوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی مەشق‌ و راهێنان كراوە كە بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بەشێوەیەكی بەردەوام بەڕێوەدەچێت، هاوكات تیشكخراوەتە سەر گرنگی بەردەوامی مەشقەكان و دابینكردنی پێداویستەكانی ئەو پرۆسەیە.

© 2017 Hawler