ئاب 22, 2019

27 منداڵی رووس کە هاتبوونە نێو داعش، بە فڕۆکەیەک لە بەغداوە بۆ رووسیا گواسترانەوە

27 منداڵی رووس کە هاتبوونە نێو داعش بە فڕۆکەیەک لە بەغداوە بۆ رووسیا گواسترانەوە و لە کۆتایی ساڵی رابردووش 30 منداڵی رووسیا بۆ وڵاتی خۆیان گەڕێندرابووەنەوە. دوای شکستی داعش رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە بایەخەوە کارە لەسەر لە چارەنووسی منداڵەکانی نێو داعش دەکەن.

کاتێک لە ساڵی 2014 رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە مووسڵ دەستی بەسەر رووبەرێکی فراوان لە خاکی عێراق و رووسیا و کوردستاندا گرت و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شامی راگەیاند، لە زۆر ناوچە و وڵاتی جیهانەوە تیرۆریستان و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە رێگەی جیاواز روویان لە مووسڵ کرد بۆ ئەوەی ببن بەشیک لە داعش.
هەرێمەکانی سەر بە رووسیا بەتایبەت ئەو هەرێمانەی زۆرینەی دانیشتووانیان موسڵمانن، یەکێک بوون لە سەرچاوە مرۆییەکانی داعش و بە هەزاران کەس لەو وڵاتەوە روویان لە نێو داعش کرد.
یەکێک لەو توێژانەی داعش چ لە کاتی داگیرکارییەکانی و چ لە رێکخستنەکانی زیاتر کاری لەسەر کرد و هەوڵی بەلارێدابردن و فریودانی دان منداڵان و هەرزەکاران بوون و دوای شوشتنەوەی مێشکیان بە کۆمەڵێک قسەی بریقەدار رەوانەی مووسڵیان کردن بۆ ئەوەی لە هێرشە خۆکوژییەکاندا بەشداری بکەن. هاوکات بەشێک لە منداڵان لەگەڵ دایک و باوکیان و بە ناچاری هاتنە نێو داعشەوە.
لەگەڵ رووخانی داعش و شکستی ئەم رێکخراوە لە عێراق بەشێک لە چەکدارەکان لە لایەن پێشمەرگە یان هێزەکانی تری گۆرەپانەکە بەدیل گیران و بەشیکی تریش دوای کوژرانی باوکیان خۆیان رادەست کرد و لە شوینی تایبەتی پارێزران و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کرا.
هەر لە دوو رۆژی رابردودا 27 منداڵی رووسیا کە تەمەنیان لە نێوان چوار تا 13 ساڵ بووە بە فڕۆکەیەکی تایبەتیی رووسیا لە بەغداوە بۆ مۆسکۆ گوازرانەوە.
ئانا کوزانتسۆ نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ مافی مرۆڤی منداڵان گوتی بەشێک لەو منداڵانە باوک و سەرپەرشتیان هەیە و لایان ناسراون بەڵام بەشێکیان سەرپەرشتەکانیان دیار نییە و بە رێوشوێنێکی تایبەتی بۆ وڵاتی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە.
بەشیک لەو منداڵانە دایکیشیان تیرۆریست بوون و بە یەکەوە گیراون یان باوکیان کوژراوە و لە خانەی تایبەتیی چاودێریی لە بەغدا لە لایەن حکوومەتەوە پاریزراون.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیاکانی رووسیا لەو چەند ساڵەی کە داعش بەشێک لە خاکی سووریا و عێراقی داگیر کردبوو بە هەزاران هاووڵاتی رووسیا چوونەتە نێو ئەو رێکخراوە و بەشێک لەوانەش بە بێ ویستی خۆیان بووە و تەمەنیان بچووک بووە و لەگەڵ باوک و دایکیان چوونەتە نێو رێکخراوەکە، ئەگەرچی هەندێکیشیان هەر لە تەمەنی منداڵی فریو دراون و داعش پەلکێشی مووسڵی کردوون.
بەشی زۆری ئەو تیرۆریستانە کوژراون بەڵام منداڵەکانیان لە پاشیان بەجێماوە و لە دۆخێکی خراپدا دەژین و نازانن چ داهاتوویەک چاوەڕوانییان دەکات.
ئەمە دووەم فڕۆکەیە کە منداڵان بۆ رووسیا دەگوازنەوە. لە کۆتایی ساڵی رابردووش بە فڕۆکەیەکی رووسی 30 منداڵ بۆ کۆمارەکانی چیچان داغستان، تاتارستان و کاربادینۆ گوازرانەوە.
پێویستە بگوترێت داعش لە کاتی داگیرکارییەکانیدا ژمارەیەکی زۆری منداڵی لە دایک و باوکیان دابڕاند و کردنی بە چەکدار و لە ناوەندی تایبەتیی خۆی راهێنانی پێ کردن و هیشتا چارەنووسی سەدان منداڵ بە تایبەت منداڵانی ئیزدی نادیارە.
دوای ساڵ و نیوێک لە راگەیاندنی کۆتایی داعش لە عێراق بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایی شکستی داعش لە سووریا رابگەیەنرێت هەرچەندە راگەیاندنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم ئەو رووبەرەیە کە داعش داگیری کردبوو و پاشماوەکانی داعش هێشتا مەترسین بۆ سەر ناوچەکە چ لە سووریا و چ لە عێراق.

 

© 2017 Hawler