نیسان 21, 2019

وێرای سەختی ژیان و گوزەرانیان، ئاوارەكانی عێراق ئامادەنین بگەڕێنەوە

وێرای سەختی ژیان و گوزەرانیان لەنێو كەمپەكان، بەڵام ئاوارەكانی عێراق ئامادەنین بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ترسیان هەیە جارێكی دیكە ببنەوە قوربانی دەستی داعش و گرووپە میلیشیاییەكان، ئەوانەی گەڕاونەتەوەش لەبەر نەبوونی ئەمنی و پرۆژەی خزمەتگوزاری جارێكی دیكە ئاوارەی كەمپەكان دەبنەوە. سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، زیاتر لە 750 هەزار ئاوارەی مووسڵ لە سنووری دهۆك دەژین.

حكوومەتی عێراق هاوكاری ئاوارەكان ناكات
سمۆ میرۆ، ئاوارەیەكی دەشتی نەینەوایە بۆ "هەولێر" دیاركرد:"بەداخەوە بۆ حكوومەتی عێراق لەوەتەی ساڵی 2014ـەیە ئێمە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووینە و تا ئێستا بە هیچ شێوەیەك هاوكاری ئێمەی نەكردووە، هەتا یەك بەرپرسی حكوومەتی عێراق سەردانی ئێمەی نەكردووە، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێم ژیانێكی ئارامی بۆ ئێمە دابین كردووە و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمەی كردووە.
سالم خەلیل، ئەویش كە ئاوارەی مووسڵە بۆ "هەولێر" گوتی:" ئێمە لەترسی تیرۆریستانی داعش و وێرانی و ناسەقامگیری ناوچەكانمان رامان كردووە و پەنامان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، ڕاستە ژیانی ژێر خێمە ناخۆشە و رۆژانە توشی چەندین كێشە و گرفت دەبین، بەڵام ئامادەنین كەمپەكە جێ بهێڵین و بگەڕێینەوە بۆ مووسڵ، چونكە لەوێ ژیان بوونی نییە.
خدر سەعید، ئاوارەیەكی دیكەیە بۆ "هەولێر" دەڵێ :"حكوومەتی عێراق هاوكاری ئێمە ناكات، رێگەش نادات رێكخراوەكان هاوكاری ئاوارەكان بكەن، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین لەگەڵ حكوومەتی هەرێم هاوكار بێت بۆ چارەكردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێكی نوێ بكەنەوە.

ئاوارەكان دەگەڕێنەوە كەمپەكان
حازم قاسم، بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" دوای ئازادكردنی مووسڵ ئێمە زۆر دڵخۆش بوین و خۆمان پێچایەوە و گەڕاینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، بۆ ئەوەی دەست بە ژیانێكی نوێ بكەین، بەڵام پاش دوو مانگ مانەوە لە مووسڵ، حكوومەتی عێراق هیچ هاوكاری ئێمەی نەكرد، مەترسی هەبوونی داعش هەیە، بۆیە بەناچاری پەنامان بۆ ئەو كەمپە هێنا كە زیاتر لە سێ ساڵ لەوێ دەژیاین، نەك هەر من، بەڵكو رۆژانە بە دەیان خێزانی دیكە لەو ناوچانەوە پەنا بۆ كەمپەكە دێنن".
تەحسین بەرەكات، ئەویش كە لەبەر شەڕی داعش ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە، بۆ "هەولێر" روونیكردەوە:" ئێستا كۆچی پێچەوانە دەستی پێ كردووە، نەك هەر ئێمە بەڵكو بە سەدان خێزان دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دووبارە ئاوارەی نێو كەمپەكان دەبنەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە لە ناوچەكانی ئێمە بارودۆخ ئارام نیە و پرۆژەی خزمەتگوزاری نیە، ئەوانە هەموو هۆكارن بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە ئەوانیش بگەڕێنەوە و ژیانی ژێر خێمە هەڵبژێرن.
دەشڵێ:" هەرێمی كوردستان بە ماڵی خۆمان دەزانین و ئەوەی پێویست بێت بۆ ئێمە دابین كراوە و هیچ كێشەیەكمان نیە و وەكو خەڵكی كوردستان لە خۆشی و ئارامی دا دەژین.

زیاتر لە 750 هەزار ئاوارەی مووسڵ لە دهۆك دەژین
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە "هەولێر"ـی راگەیاند، لە 14 كەمپی سنووری دهۆك زیاتر لە 750 هەزار ئاوارەی مووسڵ دەژین، نەگەڕانەوەی ئاوارەكان لەبەر چەند هۆكارێكە لەوانە نەبوونی ئەمنی و پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە ناوچەكانی ئەوان، هەروەها لە شنگال لەبەر بوونی پەكەكە و حەشدی شەعبی ئاوارەكان ناگەڕێنەوە، هێشتا مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لەو ناوچانە هەیە، بۆیە تا بارودۆخی ئەو ناوچانە ئارام نەبێتەوە خەڵك ناگەڕێتەوە، هەتا هەندێك لەو خەڵكەی كە گەڕاونەتەوە دووبارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان دەبنەوە".
چەتۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:"پێویستە ئیدارەی شەڕعی شنگال بگەڕێتەوە، كە ئەوە داواكاری خەڵكی ئەو ناوچەیە، چونكە وەكو خەڵكی ئەو ناوچەیە دەڵێن، تا ئەوان نەگەڕێنەوە و كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال نەكەن، ئێمەش ناگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".

© 2017 Hawler