ئاب 22, 2019

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ: تا ئێستا لە شنگال 76 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، كارێی باشە و خەڵكی ئەو ناوچانە پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكەن و دڵخۆشن بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە.

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بۆ "هەولێر" دیاركرد:" كردنەوەی رێگاو بانەكان و رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، كارێی باشە و خەڵكی ئەو ناوچانە پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكەن و دڵخۆشن بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە.
چەتۆ، دەشڵێ:" چارەسەر بۆ ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 ئەوەیە كە بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بەڕێوەببرێن و هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و بە پێی دەستوور كێشەكانی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی چی دیكە خەڵكی ئەو ناوچانە نەبنە قوربانی.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" نەمانی خاڵی گومرگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق لە بەرژەوەندی خەڵكی مووسڵ و شارەكانی دیكەی عێراقدایە، چونكە دانانی ئەو خاڵە گومرگیانە زۆر كاریگەری هەبوو و بەشێوەیەكی بەرچاو نرخی كەلوپەل گران ببوو، بەڵام دوای ئەوەی كە ئەو خاڵە گومرگیانە هەڵگیران نرخی كەلوپەل بە شێوەیەكی باش هەرزان دەبێت، ئەوەش لەبەرژەوەندی خەڵكی ئەو ناوچانە دایە.
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشكراشی كرد:" تا ئێستا لە شنگال 76 گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هەندێك لەو گۆڕانە هەڵدراونەتەوە، بەڵام زۆر گۆڕی دیكە ماونەتەوە و تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە، ئەوەش بۆ نەبوونی تیمی تایبەت و هەبوونی هێزی چەكدار لە شنگال و دەوروبەری دەگەڕێتەوە".

© 2017 Hawler