نیسان 21, 2019

"بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان چاوەڕێی راپۆرتی لیژنەكان دەكرێت"

لە ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیانن بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، هەردوو وەزارەتی بەرگریی و پێشمەرگە پێنج لیژنەیا دروستکردووە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و کارەکانیان بە کۆتا گەیشتووە.
لیوا قارەمان شێخ کەمال کە بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو دوواوە، دەڵێت:" هەردوو وەزارەتی بەرگری ‌و پێشمەرگە، پێنج لیژنەی لاوەكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان دروستكردووە، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە ئەو لیژنانەیە كە بۆ دیالە‌ و كەركووك ‌و موسڵ ‌و مەخموور دروستكراون".
هەروەها ڕایگەیاندووە:" ئەو لیژنانە لە ئەمڕۆوە بەكردار دەست بەكارەكانیان دەكەن ‌و دەچنە ئەو ناوچانە بۆ رووپێوی كردن، دواتر راپۆرتی خۆیان بۆ دوو لیژنە سەرەكییەكە بەرزدەكەنەوە كە لەنێوان هەردوو وەزارەتدا دروستكراون".
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە، لیوا قارەمان باس لەوە دەکات لە ئێستادا لیژنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق چاوەڕوانی دوایەمین ڕاپۆرتن پێیان بگات، ڕاپۆرتەکەش بە شێوەیەکی مەیدانی دەبێت بۆ ڕوپێوکردنی ئەو سنوورانەی هێزی پێشمەرگەی لێ جێگیر دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، کەریم شنگالی رایگەیاندبوو، گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ هەموو ناوچەکانە و بە تەنیا کەرکووک نییە، بەڵکو تا خانەقین هێزەکانی پێشمەرگە بوونیان دەبێت.
هەر لە، بارەیەوە کەمال کەرکووکی، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ ئەوەی ڕاگەیاندبوو، کە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان پەیوەندی بە شکۆی نەتەوەی کورد و ڕەمزەکانی هەیە و هەرکاتێک بەربەست لەبەردەم ئاڵا و پیرۆزییەکانی کورد نەما لەو ناوجانە پارتی و ئەندامەکانی دەگەڕێنەوە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هەر سەبارەت بە پرسی گەرانەوەی پێشمەرگە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لە ناویاندا پارتی و یەکێتی لە ئێستادا خەریکی گفتوگۆ و هەماهەنگین بۆ ئەو بابەتە و پیشتریش لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیاندا ئەو بابەتەیان تاوتوێ کردووە و بریاریشە لە ١٨ ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕیوەبچێت و بڕیار لەسەر پرسە لاوەکییەکان بدرێت کە یەکێکیان بریتییە لە پرسی دانانی پارێگاری کەرکووک.
لە ساڵی ٢٠١٧ەو بە دیاریکراوی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە تەواوی لەو ناوچانە کشایەوە کە پێشتر بە گیانفیدایی خۆی لە چنگی تیرۆرستانی داعش ڕزگاریکردبوو، لە ئیستادا بارودۆخی ئەو ناوجانە ناجێگیرە و لە ڕووی ئەمنی و ئیدارییەوە کێشە و گرفتی زۆریان بۆ دروست بووە، لە هەفتەی رابردووەوە لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق خەریکی ئامادەکارین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان سەبارەت بە گەرانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە و دووبارە هاوبەشی پێکردنی لە مەلەفی ئەمنی ئەو ناوچانە.

© 2017 Hawler