نیسان 21, 2019

وه‌زاره‌تی ناوخۆ بڕیاری داماڵینی چه‌كی ده‌ركرد

وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بێ مۆڵه‌تی له‌ ده‌ستی خه‌ڵكی ده‌ركرد و هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆیان چه‌كه‌كانیان ڕاده‌ست بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا له‌ به‌رانبه‌ر دادگا به‌رپرسیار ده‌بن.

له‌مه‌ڕ داماڵینی چه‌ك له‌ده‌ستی هاوڵاتیان، ١٠ ی شوبات؛له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانكه‌ واژۆی كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆی له‌سه‌ره‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێماندراوه‌ له‌ یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆی ژماره‌ (٦) ی ساڵی ٢٠٠٩ و به‌پێی یاسای چه‌ك ژماره‌ (١٦) ی ساڵی ١٩٩٣، به‌ مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌كداری به‌ تایبه‌ت چه‌كی قورس و مامناوه‌ند و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ ته‌نیا له‌ده‌ست هێزه‌ چه‌كداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیارماندا به‌ داماڵینی گشت چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و چه‌كه‌ بێ مۆڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیان هه‌ڵده‌گیرێت و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی به‌رامبه‌ریان".
وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، "له‌سه‌نته‌ری هه‌ر پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پۆلیس و ئاسایش، بنكه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی ڕاده‌ست ده‌كرێن، یان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت، كۆده‌كرێنه‌وه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ جه‌رد ده‌كرێن و ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێن".
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ هێما بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ئاگاداری گشت هاوڵاتیان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ده‌مانچه‌ و كلاشینكۆفی بێ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌، له‌و بنكانه‌ تۆماری بكه‌ن و چه‌كه‌كانیان ڕاده‌ست بكه‌ن.
هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا هاتووه‌، ئه‌م به‌یانه‌ له‌ ڕۆژی ده‌رچوونی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ كاری پێ ده‌كرێت و دوای كۆتایی هاتنی ئه‌و ماوه‌یه‌، هه‌ر چه‌كێك ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت، خاوه‌نه‌كه‌ی به‌پێی یاسای چه‌ك ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت.
ئه‌و به‌یانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌، ڕووداوه‌كانی كوشتن و خۆكوشتن به‌ چه‌ك له‌ كوردستان زۆرن و تائێستاش له‌ زۆربه‌ی شاره‌كان بازاڕی چه‌ك فرۆشتن هه‌نه‌ و تاڕاده‌یه‌ك به‌ ئازادانه‌ كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كرێت.

© 2017 Hawler