ئازار 21, 2019

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا بە خەرجکردنی تێچووی دروستکردنی شەقامی١٠٠مەتری سلێمانی

لە هەوڵێکی تردا لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری، لەسەر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستا، بڕیاردا بە خەرجکردنی کۆی تێچووی پرۆژەی شەقامی ١٠٠مەتری لە شاری سلێمانی، کۆی تێچووی پرۆژەکەش بریتییە لە ٤٦٩ملیار و ٩٠٠ملیۆن دینار و وەک دەستپێکی پرۆژەکە لە سەرەتادا ٩٠ ملیار دیناری بۆ خەرجدەکرێت و بڕیاری لەسەردراوە.

ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەردی بناغەی پرۆژەکە لە لایەن جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەوکات عیماد ئەحمەدەوە دانرا، بەلام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ دەستپێکی پرۆژەکە نەنراوە و هۆکارەکەشی بۆ دەستپێکی شەڕی داعش و سەرهەلدانی قەیرانی دارایی لە کوردستان دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بە وردەکاری پرۆژەکە بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئازاد ڕەسووڵ لە لێدوانێکدا بۆ ڕووداو دەڵێت: "خێرایی دیزاینکراو 120 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، هیچ یەکتربڕین و بڕینێکی نایەتەسەر، چوار ئاراستە ئۆتۆمبێل دێت و چوار ئاراستە دەڕوات"، دوو ئاراستەی خزمەتگوزاریش لە تەنیشتەکاندا دروستدەکرێت، حەوت ئینتەر چەینجی و سێ پردی تێدایە، لەو شوێنەی کە گوندەکان دەکەونە سەر شەقامەکە پێنج پرد دروستدەکرێت، کە خەڵکی گوندەکان و کەرەستە و ئۆتۆمبێلە کشتوکاڵییەکان و مەڕ و ماڵاتیان لەسەریەوە بپەڕنەوە و نەیەنەوە سەر شەقامەکە".
جێگای ئاماژە پێدانە ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە بووە بە مایەی خۆشحاڵی هاووڵاتییان و شۆفێرانی شاری سلێمانی و دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

© 2017 Hawler