ئازار 21, 2019

شیعەكانی عێراق:جموجۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نایاساییە و دژی دەوەستینەوە

چەند رۆژێکە ھێزەكانی ئەمریکا لە بەغدا و کەرکووك و مووسڵ و ئەنبار جموجۆڵیان ھەیە. ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە و سوننەش نیگەرانن لەوەی کە ئەمەریکا بێ ئاگادار و رەزامەندی حکوومەتی عێراقی ھێز دەھێنێتە وڵاتەکە و جوڵەیان پێدەکات، بۆیە دەیانەوێت لە رێگەی پڕۆژە یاساییەکەوە جموجۆڵی ھێزە دەرەکییەکان سنوردار بکەن.

پەرلەمانتارێکی شیعە دەڵێت "ئەوەی جێی نیگەرانیە ھیچ سەرکردە و سیاسییەکی ئەم وڵاتە نازانێت ژمارەی سەربازە ئەمەریکییەکان چەندە و بنکەکانیان لە کوێی خاکی عێراقن".
ئەحمەد کینانی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح بە كوردستان24 راگەیاند: "بوونی ھێزەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی دیكە لە عێراق نا یاساییە، بۆیە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە یاساییەك دەربكات، بۆ دەركردنی ئەو ھێزانە، ھەروەھا حكوومەتییش پابەند بكرێت بە جێبەجێكردنی یاساكە. جیا لەمەش رای جیاواز لەسەر ژمارەی ھێزەكانی ئەمەریكا و جۆری چەكەكانیان و پێداویستییەكانیان ھەیە، حكوومەتی عێراق خۆی نازانێت چەند بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق ھەن".
ھەروەھا محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری شاری سەلاحەدین دەڵێ: "بەبێ رەزامەندنی حكوومەتی عێراق ئەمەریكا بنكەی سەربازی لە عێراق زیاد دەكات، پرسیار ئەوەیە كاتێك یەك لەسەر سێی عێراق كەوتە دەست داعش سەربازانی ئەمەریكا لە كوێ بوون؟، جگە لەوەش وەك پێویست ھاوكاری سەربازییان نەبوو ئەو ھاوكارییەی بە عێراقیان دەدات لەكار كەوتبوون، ئێمە ئازاری زۆرمان چەشتوو نامانەوێت بگەڕێینەوە سەردەمی داگیركاری ئەمەریكا".
میدیا عێراقیەکان لە زاری چەند پەرلەمانتارێکەوە بڵاویان کردوەتەوە کە ئەمەریکا بنکەی نوێی سەربازی لە ناوچەی ھەریری سنووری پارێزگای ھەولێر دادەمەزرێنن، ئەندامێکی کوردی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نۆێنەرانی عێراقیش ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەشڵێت "حکوومەتی ھەرێم بێ رەزامەندی حکوومەتی فیداڵی رێگە بە ھیچ ھێزێك نادات بێتە ناو خاکی عیراقەوە".
ناسر ھەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایش له‌ فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 گوت: "ئەو دەنگۆیە راست نییە كە دەگوترێ ئەمەریكا بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ھەرێمی كوردستان كردووەتەوە، پێشتر حكوومەتی ھەرێم رایگەیاندووە ھەر داوایەكی دەرەكیی لەم شێوەیە بكرێت بەبێ حكوومەتی ناوەندی رەزامەندی نادات".
دوای بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانیان لە سووریا، دەنگۆی ھێنانی ئەو ھێزانە لە سووریاوە بۆ عێراق بڵاوبوەتەوە و لە چەند رۆژی رابردووش فەرماندە ئەمەریکییەکان لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنی عێراق کۆبوونەوەتەوە، لە سنووری قەزای حەویجە و ئەنباریش گەڕان و پشکنینیان ئەنجامداوە.
لە کوردستان٢٤ەوە

© 2017 Hawler