حوزەیران 25, 2019

لە کەرکووک جووتیارانی کورد دژی تەعریب خۆپێشاندانیان کرد

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک رایگەیاند، لە دژی پرۆسەی تەعریب کە لە لایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکەوە دەکرێت، خۆپێشاندان کرا و دوای خۆپێشاندانەکەش ڕێکخەری خۆپێشاندانەکە کە جووتیارێکی کوردە دەستگیر کرا.

نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک ڕاگەیاند: لە دژی ئەو ھەڵمەتی تەعریبەی لە لایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکەوە بۆ تەعریبکردنی سنووری کەرکووک، بەتایبەت ھەردوو قەزای داقووق و دوبز دەکرێت، ئەمڕۆ جووتیارانی کوردی ناوچەکە لە بەردەم پارێزگای کەرکووک خۆپێشاندانێکیان بەڕێوە برد دژی ئەو تەعریبەی دەکرێت و ڕێگری لەوە دەکرێت زەوییەکانیان بەکار بێنن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: جگە لەوەی ھیچ وەڵامێکی جووتیارەکان نەدرایەوە، کە بەشێکیشیان جووتیاری تورکمان بوون، ھێزەکانی عێراق ڕێکخەری خۆپێشاندانەکەیان دەستگیر کرد.
عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: ژمارەیەکی یەکجار زۆر زەوی لەو ناوچەیە هەیە کە ھەمووی ھی کوردە و ئەو عەرەبانەی کاتی خۆی ھاوردە کرابوون، سەرجەمیان قەرەبووی ماددەی ١٤٠یان وەرگرتووە، بەڵام پارێزگاری کەرکووک دەیەوێت دووبارە ناوچەکە تەعریب بکاتەوە و کوردەکانیش ڕەتی دەکەنەوە.
لە KDP.infoەوە

© 2017 Hawler