نیسان 06, 2020

وەزارەتی ناوخۆی هه‌رێم: تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار تۆمەتباری هەڵاتوو لە یاسا دەستگیرکراون

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆتایی کارەکانی ئەو نۆ ژوورەی ئۆپەراسیۆنی راگەیاند، کە ساڵی 2011 بۆ دەستگیری تۆمەتبارانی هەڵاتوو لە یاسا پێکهێندرابوون، لەو چوارچێوەیەشدا دوو هەزار کەس دەستگیرکراون. هەروەها دۆسیەی ئەوانەشی تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون رادەستی پۆلیسی ناوچەکانیان دەکرێت.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان و لیوا عەبدوڵڵا خەیلانی، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "وەزیر ناوخۆ رەزامەندی پیشانداوە لەسەر کۆتاییهاتنی کارەکانی ئەو نۆ ژوورە ئۆپەراسیۆنەی لە پارێزگا و قەزاکان دروستکرابوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی هەڵاتوو لە یاسا".
ساڵی 2011 بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی باڵا بۆ دەستگیرکردنی 2335 کەس پێکهێندرا، کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوو بەڵام دەستگیرنەکرابوون، هاوکات نۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی فەرعی لە پارێزگا و قەزا و شارۆچکەکانیش بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە دروستکران.
جەبار یاوەر دەڵێت "خۆشبەختانە توانیومانە بەشێکی زۆر لەو تۆمەتبارانە دەستگیربکەین کە زیاتر لە دوو هەزار تۆمەتبار دەبێت. هەندێک لەوانەی تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون، چوونەتە دەرەوەی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق. ئەوانە دۆسیەکانیان دەدرێتە پۆلیسی ناوچەکانی خۆیان، فەرمان دەرکراوە هەر هەڵاتوویێک لەنێو دەزگا ئەمنییەکان بێت رادەستی یاسا بکرێت، ئەوانەشی داڵدەی هەڵاتووان دەدەن، هاوبەشی تاوانن".

© 2017 Hawler