نیسان 06, 2020

سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا ئاسۆی نوێ لەگەڵ ناوەند دەكاتەوە

سیاسەتمەدارانی كورد و پەرلەمانتارانی عەرەب سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بە گرنگ دەزانن و ئەوان لەو باوەڕەدان، سەردانەكەی سەرۆك بۆ بەغدا كردنەوەی ئاسۆیەكی نوێیە لەگەڵ ناوەند و، دەبێتە هۆی ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن، بۆیە سەردانەكە بەرهەمدار دەبێت و ئەنجامی باشی لێ دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی هەولێر و بەغدای خستە قۆناغێكی تازەوە.

برێت مەكگۆرك، نێردراوی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر باسی لەوە كرد، ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێشوازی لە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەكەن، بۆ ئەنجامدانی چەند دیدارێكی گرنگ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چونكە هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا پێویستییەكی سەرەكییە بۆ تێكشكانی داعش لە عێراق.

سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پێشوازییەكی زۆر باش لێكراوە
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد بۆ "هەولێر" گوتی:" سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەركردە باڵاكانی عێراق، سەردانێكی گرنگ بوو، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەم لەسەر ئاستی دەرەوە دەنگی دایەوە، ئەمریكا، ئێران، هەتا وڵاتانی دیكە پێشوازیان لەو سەردانە كردووە، بۆیە بێ گومان ئەو سەردانە سەردانێكی گرنگ بوو، چونكە پاش ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا كێشەی تێكەوت بوو، بۆیە سەردانی سەرۆك بارزانی هۆكار دەبێت بۆ چارە كردنی هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، پەیوەندییەكان ئاسایی دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی لە بەغداش كێشە هەیە، كە تا ئێستا كابینەی عادل عەبدولمەهدی بە تەواوی تەشكیل نەبووە، دیارە كەسایەتی سەرۆك بارزانی دەوری خۆی دەبینێت لەوەی كە ڕەوشی سیاسی عێراق ئارامی بە خۆیەوە ببینێت و حكوومەت پێك بێت.

ئەو سەردانە بەرهەمدار دەبێت و ئەنجامی باشی لێ دەكەوێتەوە
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد گوتیشی:" لەگەڵ ئەوەی گەشبینین كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكرێن، بوودجەی كوردستان زیاد بكرێت، ماددەی 140 چارە بكرێت، ڕەوشی كەركووك و ناوچەكانی دیكە كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دان، ئاسایی بكرێنەوە، بۆیە ئەو پێشوازیە گەرمەی كە لە سەرۆك بارزانی كرا، نیشانەی ئەوەیە كە ئەو سەردانە بەرهەمدار دەبێت و ئەنجامی باشی لێ دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەی بۆ هەموو لایەنەكان دیار بوو كە كەس ناتوانێت شوێنی سەرۆك بارزانی بگرێتەوە، چونكە بارزانی چ لەسەر ئاستی عێراق، چ لەسەر ئاستی جیهان كەسایەتیەكی گرنگە و كاریگەری خۆی هەیە.

پارتی وەكو هێزی یەكەم مافی خۆیەتی داوای پۆستەكانی خۆی بكات
دۆسكی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" پێویستە لە بەغدا هاوپەیمانی كوردستانی دروست بكرێت، كە بەداخەوە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار هەندێك كێشە هاتنە پێشەوە و ئەوەش وای كرد كە پارتی داوای ئیستحقاقی خۆی بكات، كە پارتی وەكو هێزی یەكەم نەك لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی هەموو عێراق هێزی یەكەمە، مافی خۆیەتی داوای پۆستەكانی خۆی بكات و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەدەست بهێنێت، لەگەڵ ئەوەش دەبێت فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەسەر پرسە نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكڕیز بن، وەكو ئەوەی كە ئێستا لەسەر بوودجە هەموو یەكدەنگن، بۆیە پێویستە هەموو فراكسیۆنەكان یەكدەنگ بن، ئەگەر هاوپەیمانی پێك نەهێنن، دەتوانن لەسەر پرسە نیشتمانییەكان یەك بن، وەكو پرسی بوودجە و ماددەی 140و پێشمەرگە كە گرێدراوە بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە".

پەرلەمانتارێكی فەتح: سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا ئاسۆی نوێ لەگەڵ ناوەند دەكاتەوە
میساق حامیدی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ شاری بەغدا سوودمەند بوو و بۆ راستكردنەوەو چارەسەركردنی كێشە و هەڵوێستە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و ناوەندە".
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح گوتیشی :"سەردانەكە ئاسۆیەكی نوێ لە قۆناخی داهاتوو لە نێوان هەولێر و ناوەند دەكاتەوە، هەروەها بارزانی لە دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیران و لایەنە سیاسییەكان گوشار دەكات بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت لە بودجەی گشتی 2019ی پەیوەست بە پشكی هەرێم و مووچەی پێشمەرگە، سەرەڕای ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەكات".

© 2017 Hawler