نیسان 06, 2020

داوا دەکرێت سەرجەم لایەنەکان وەک پارتی ڕێز لە مافی پێکهاتەکان بگرن

زیاتر لە مانگێک تێپەڕی بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا لایەناکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن و ئیتیفاق لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتی کابینەکە دەکات.

پارتی لە ماوەی ڕابردوودا، وەفدێکی سەردانیکەری بۆ لای لایەنەکان پێکهێنا و سەردانی شاری سلێمانیان کرد و لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان بە جیا کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانیش تا ئێستا پارتی لە هەڵوێستی تازەی لایەنەکان ئاگادار نەکراوەتەوە بە شێوقەیەکی فەرمی و ئاشکرا.

یەکێتی پاکێجەکەی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تاوتوێ دەکات
دوێنێ، مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە سەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوول جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی حیزبەکە، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تیایدا تاوتوێ پاکێجی پارتییان کرد لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، کە پشتر پارتی لە ڕێگای شاندی دانوستانەوە پێشکەشی یەکێت یکردبوو.
دوای کۆبوونەوەی مەکەتەبی سیاسی یەکێتی، ڕاگەیانداوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا ئەوەیان ڕاگەیاندووە، ئەوان ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێ بە بەشدارییەکی ڕاستەقینە و هەڵوێستی هاوبەش و بەرپرسیارێتی هاوبەش، لە ڕاگەیندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە:"دۆخی كوردستان‌ و گفتوگۆكانی پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسەنگێنرا، بەردەوامیی گفتوگۆكانی نێوان یەكێتی ‌و پارتی ‌و لایەنەكانی تر بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە گرنگ زانراو لەمبارەیەوە جەخت لەوە كرایەوە، یەكێتی بە شەراكەتی راستەقینە‌و بڕیاری هاوبەش‌ و بەرپرسیارێتی هاوبەش، بەشداری كابینەی نوێ‌ حكوومەت دەكات". هەروەها بڕیاریشە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبێتەوە.
پێدەچێت پارتی چاوەڕوانی یەکلا بوونەوەی یەکێتی و گۆڕان بکات بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن لە داواکارییەکانیان لە کابینەی نوێ، چونکە تا ئێستا ئەو دوو لایەنە داواکاری هاوبەشییان هەیە لە پۆستەکانی حکومەت.

مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداربن لە کابینەی نۆیەم
لە ماوەی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندووە، مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیە، واتە هەر لایەنێک لە نێو حکومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکومەت بێت و هەوڵی لاوازکردنی بدات، ئەم مەرجەی پارتیش لە ئەزموونی کابینەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکومەتی هەرێم ڕووبەرووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر هاتەوە لایەنە بەشدار بووەکان بێ گوێدانە ئەوەی لە حکومەت بەشدارن وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵەیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.

کوردستان پێویستی بە دەستوور و سەرۆکی هەرێمە
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتی حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان، لە ماینەی لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی، لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هەڵوێستی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت:" ئێمە وەك حیزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ حكوومەتی بنكەفراواندا نین، چونكە حكوومەتی بنكەفراوان بۆ ڕازیكردنی حیزبەكانە، ‌واقیعی كوردستان وای كردووە كە ئەگەر حكوومەت لە هەولێر دروست بكەی، نەتوانێت حوكمڕانیی هەڵەبجە و سلێمانی بكات، ئەگینا لە وڵاتانی دیموكراسی و دەستووریدا، هەر حیزبێك كە زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بە دەست دەهێنێت، ئەوە حیزبێك كە بەقەدەر ئەو كورسیانەی كە پێویستەیەتی، بەشداری پێدەكات بۆ دروستكردنی حكوومەتەكەی، كە ئێستا پارتی 45 كورسیی پەرلەمانی بە دەست هێناوە و دەتوانێت لەگەڵ 11 كورسیی دیكە حكوومەت پێك بهێنێت، بەڵام پێم وایە لە ئێستادا پارتی و یەكێتی دەتوانن بەیەكەوە حكوومەت دروست بكەن، وەلێ دەرفەت هەیە حیزبی دیكە بەشدارییان پێ بكرێت لە كابینەی 9ـی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا".
هەروەها ڕایدەگەیەنێت:" دەبێ ئەو حیزبەی كە زۆرینەی دەنگەكانی بە دەست هێناوە، لە كاتی گفتوگۆ لەگەڵ حیزبەكان لەگەڵ ئەو حیزبانەدا بیبڕێنێتەوە كە هەر حیزبێك بەشداریی حكوومەتی كرد، دەبێت پشتیوانیی حكوومەت بكات و وەك حوكمڕان مامەڵە بكات، نابێت ڕێگە بدرێت بەناو جۆگەكەدا بڕوات یان دەبێت لە حكوومەت بێت یان ئۆپۆزیسیۆن، كە لە چوار ساڵی ڕابردوودا و لە كۆتایی تەمەنی حكوومەتدا، چەند حیزبێك ‌بۆ ئەوەی خەڵك بخەڵەتێنن، لە حكوومەت كشانەوە".
هەروەها باس لەوە دەکات کە پێویستە خوولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دەستوورێک بۆ کوردستان دابنێت، چونکە کوردستان پێویستی بە دەستوورێکە بۆ ئەوەی سیسیتەمی حوکمڕانی دیاری بکات، لە بارەی پۆستی سەرۆکی هەرێمیشەوە دەڵێت:" پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ كوردستان گرینگە و ئەگەر سەرۆكایەتیی هەرێممان نەبێت، پارێزگا بە پارێزگا دەبەسترێینەوە بە بەغداوە، بۆیە پێویستە سیستمی كوردستان لە دەستووردا دیاری بكرێت كە ئێمە چ جۆرە سیستمێكمان دەبێت‌".

داوا دەکرێت لایەنەکان ڕێز لە مافی پێکهاتەکان بگرن
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لە هەرێم، دەڵێت، بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە نموونەیەکی بەرچاو و جوانی پێکەوژیانی پێکهاتە و کەمینەکان، پێویستە لایەنەکان هاوکاری پارتی بن لەوەی ڕێز لە مافی پێکهاتەکان بگرن و ڕازی بن بە داواکارییەکانیان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، محەمەد ئیلخانی بە ماڵپەڕی پارتی دەڵێت:" داوامان کردووە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەردوو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتێک بدرێنە پێکھاتەکانی تورکمان و مەسیحی، چونکە ئێمەش پێکھاتەی سەرەکیی ھەرێمی کوردستانین و پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەڵامی بۆ داواکاریی ئێمە ئیجابی بووە و ڕازییە، بەڵام پێویستە لایەنەکانی سیاسییەکانی دیکەش ھاوکار بن و نەبنە ڕێگری پێدانی ئەو پۆستانە بە پێکھاتەکان و ھاوشێوەی پارتی پشتگیری لە ئێمە بکەن."

© 2017 Hawler