نیسان 06, 2020

پێویستە زمانی كوردی بخرێتە سەر دراوی عێراق

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند، دەبێت زمانی كوردیی بخرێتە سەر دراوی عێراق.

ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجامدا و تێیدا باس لە پرسەكانی پەیوەست بە دراوی عێراق و بانكی ناوەندی كرا.
محەممەد شاكر، داوای لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد، زمانی كوردیش هاوتای زمانی عەرەبی بخرێتە سەر دراوی عێراق، وەك ئەوەی لە دەستووردا زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا بە رەسمی ناسێنراوە.
گوتیشی:" وەرگێڕ بۆ زمانی كوردیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دابنرێت و لە سۆنگەی جێبەجێكردنی دەستوورەوە، نەك وەك بابەتێكی رەگەزپەرستی، پێویستە وەرگێڕی كوردیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ، پارێزگاری بانكی ناوەندی پێشلكاری دەستووریی ئەنجامداوە كاتێك لەسەر دراوی نوێی عێراقیدا زمانی كوردی بەكارنەهێناوە.
د. محەممەد شاكر، ئەوەشی گوت:" نەبوونی زمانی كوردی لەسەر دراوی عێراق نادەستووری و نایاساییە و نەبوونی زمانی كوردی لەپاڵ زمانی عەرەبی لەسەر دراوی كاغەز، پێچەوانەی ماددەی 4ی دەستووری عێراقە كە لە ماددەكەدا ئەوە جێگیركراوە زمانی كوردی، هاوشانی زمانی عەرەبی زمانێكی فەرمی عێراقە و پێویستە لە شوێنە فەرمییەكان و تەنانەت لەسەر دراویش بنووسرێت. لە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2014ش كە یاسای زمانە فەرمییەكانە، جەخت لەسەر ئەم بابەتە كراوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا جێەجێ نەكراوە. لەكاتێكدا لەسەر زۆر لە دراوی وڵاتانی فرەنەتەوە و فرەزمان، بە دوو زمان و زیاتریش لەسەر دراوەكانیان نووسراوە.
شاكر:" ئاماژەی بەوەش كرد:" نە تاوانی ئێمەیە ئێوە لە كوردی تێناگەن، نە لەسەر هەموو پەرلەمانتارێكی كوردیش ئەركە تەنیا بە عەرەبی قسە بكات. بۆیە داوادەكەم ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت و بە زمانی كوردی گوتم: من دەمەوێت بە كوردی قسە بكەم، وەك ئامادەباشی بۆ گەیاندنی تێبینی دووەمم".

© 2017 Hawler