نیسان 03, 2020

له‌ نۆ ساڵدا ٩١٢ ژن له‌كوردستان كوژراون و خۆیان سوتاندووه‌

به‌پێی ئاماری ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان، له‌نۆ ساڵدا ٩١٢ ژن كوژراون و خۆیان كوشتووه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی دژی ئافره‌تانیش ڕووداوه‌كانی نۆ مانگی ئه‌مساڵ ئاشكرا ده‌كات، كه‌له‌و ماوه‌یه‌دا ٨٧ ژن ده‌ستدرێژی سكسیان كراوه‌ته‌سه‌ر و زیاتر له‌حه‌وت هه‌زار سكاڵا دژی توندوتیژی به‌رانبه‌ر به‌ژنان تۆمار كراوه‌.

25ـی تشرینی دووەم، ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ئافره‌تان، ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان ئاماری توندوتیژییه‌كانی دژ به‌ژنان له‌هه‌رێمی كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه‌، كه‌له‌ماوه‌ی ساڵه‌كانی ٢٠١٠ تا ئه‌مساڵ؛ ٩١٢ ژن كوژراون و خۆیان سوتاندووه‌.
به‌پێی ئاماره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، ساڵی ٢٠١٦ زۆر ترین تونوتیژیی به‌١٢٥ ڕووداو تۆماركراوه‌و له‌ساڵی ٢٠١٤ ش كه‌مترین ڕووداوی كوشتن و خۆ سوتاندن، ٨٢ ڕووداو هه‌بووه‌.
هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان ئاماری ڕووداوه‌كانی ئه‌مساڵی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌لە ماوەی نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵی 2018 دا، 54 ژن خۆیان كوشتووە كە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و كەمترینیشیان لە ئیدارەی گەرمیان و شارۆكەی سۆران بووە، 37 ژنی تریش كوژراون كە ئه‌ویشیان زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی و كەمترینیان لە ئیدارەی ڕاپەڕین بووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاشكرای كردووە، لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا 87 حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی تۆمار كراون و حەوت هەزار و 192 سكاڵاش لەلایەن ژنانەوە تۆمار كراوه‌.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، له‌و نۆ مانگه‌دا 90 ژن خۆیان سووتاندووە و 113 ژنی تریش سووتاون.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ئامارەكانی توندوتیژی دژی ژنان لە كاتێكدایە، ساڵانه‌ڕۆژی ٢٥ ی تشرینی دووه‌م وه‌ك ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان دیاری كراوه‌و بۆ ئه‌مساڵیش له‌هه‌رێمی كوردستان هەڵمەتێكی 16 ڕۆژی ڕاگەیەنراوە.

 

© 2017 Hawler