نیسان 03, 2020

سەرووی 200 ماڵ لە دانیشتووانی گردجووتیار بێ کارەبا و خزمەتگوزارین

گردجووتیار کەوتووەتە پشت شارۆچکەی عەنکاوە و لە نێو بازنەی شارەوانی هەولێردایە، بەڵام گەڕەکێکی نوێ لە تەنیشت گوندەکە دروست بووە کە نە بەگوند حساب دەکرێت و نە بەشارۆچکە و خەڵکەکەی لەو نێوەندەدا چارەنوووسیان نادیارە و لە زۆرێک خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بێبەش بوون. شارەوانی دەڵێت خانووەکان زێدەڕۆن و دەبێت بە یاسا کێشەکانیان یەکلایی بکرێتەوە و ناتوانن وەک گەڕەکێکی ئاسایی سەیری بکەن.

ژمارەی ماڵەکانی ئەم گەڕەکە200 ماڵ دەبێت وجگە لە خزمەتگوزاری ئاو هیچ خزمەتگوزارییەکی تریان پێ ناگات و خەڵک دەڵین چەندین جار داوایان لە لایەنە پێوەندیدارەکان کردووە، بەڵام ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە.
یەکیک لە دانیشتووانی ئەم گوندە کە مامۆستایە و حەزی نەکرد ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ هەولێر خستیەڕوو. چوار ساڵە لە گردجووتیار دەژیت بەڵام لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێبەشە.ئەو گوتی رێک 10 رۆژە بۆ یەک سەعاتیش کارەبای نیشتیمانییان نەبووە و پێشتر ئەگەر جاروبار کارەبایان پێ درابا ئێستا بە یەکجاری لێیان بڕدراوە.
تیری کارەبا بۆ ئەم شوێنە راکیشراوە کە هێمایە بۆ ئەوەی حکوومەت پێشتر کارەبای بۆ دابین کردوون و ئەوەی جێگەی پرسیاری دانیشتووانی ئەو گەڕەکەیە بریتییە لەوەی10 رۆژە بێ کارەبان نازانن کەی ئەو خزمەتگوزارییەیان بۆ دابین دەکرێتەوە.
ئەوان تەنیا لە کارەبا بێبەش نین، بەڵکوو شەقامەکانیشیان قیرتاو نەکراوە و لە وەرزی باران لەبەر قوڕ و لیتە ناتوانن بڕۆن. یەکێکی تر لە دانیشتووانی گوندەکە کە بە محەمەد خۆی ناساند ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر مەبەستی حکوومەت ئەوە بێت ئەو خانووانەی دروست کراون تاپۆیان نییە، ئەوا ناکرێت هەتا هەتایە خەڵک لە خزمەتگوزاری بێبەش بکرێن و هەر دەبێت ئاوڕیان لێ بدەرێتەوە.
بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە کێشەکە تەنیا کارەبا و رێگا نییە، بەڵکوو شارەوانیش هەفتەی یەک جار سەردانی گوندەکەیان دەکات و زبڵ و خاشاکەکانیان کۆ دەکاتەوە کە زۆر کەمە و مادام کەوتوونەتە سنووری شارەوانی پێویستە وەکوو بەشێک لە شاری هەولێر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
مازن ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەوانی دووی هەولێر، باسی لەوە کرد کە ئاگاداری ئەو کێشەیەی گردجووتیارن و کێشەکەش کۆنە و دەمێکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
وەک بەڕێوەبەرەکە باسی کرد ئەو ماڵانەی لە نزیک گوندەکە داوای خزمەتگوزاری دەکەن کێشەکەیان ئەوەیە محاویلەی کارەبایان سووتاوە و هێشتا بۆیان چاک نەکراوەتەوە و ماوەیەکە بێ کارەبان. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کۆمەڵێک خانوو پێشتر لەم شوێنە بە زێدەڕۆ دروست کراون کە لە دەرەوەی سنووری گوندەکەیە و رەزامەندی لایەنە پێوەندیدارەکانی لەسەر نەبووە و بۆیەش ئێستا بۆ گەیاندنی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک بۆیان، لەبەردەم لەمپەری یاسایی دان و ناکری گەڕەکێک بە زێدەڕۆ دروست کرابێت بەڵام خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەن.
لیژنەیەک لە خەڵکی گەڕەکەکە رۆژی دووشەم26ی مانگ سەردانی شارەوانییان کردووە و دوایین وەڵام کە بە لیژنەکە دراوەتەوە ئەوەیە چارەسەرییەکە لای شارەوانی نییە و بەڵکوو لایەنی سەرتر دەتوانن کێشەکە یەکلایی بکەنەوە.
وەک مازن ئەحمەد ئاماژەی پێ کرد کێشەکە دەبێت بە یاسا یەکلایی بکرێتەوە و پێشتر خەڵکێک ئەو زەوییانەی بە نایاسایی فرۆشتووە و دواتر بە نایاساییش خانوویان لەسەر کراوە و چەندین دەستیان کردووە و پێویستە دادگا کێشەکە یەکلایی بکاتەوە، هەرچەندە خەڵکێک لە گەڕەکەکە دەژین کە لەوانەیە تاوانیان نەبێت، کرێچی بن یان خانوویان لەدەستی دووەم و سێیەم کڕیبێتەوە و پێویستیان بەوە هەیە خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێ یان قەرەبوویان بکرێتەوە و بۆ شوێنێکی تر رابگوێزرێن.

© 2017 Hawler