حوزەیران 01, 2020

هەوڵی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان دەدرێت

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵی زیادكردنی بەشە بودجەی دەزگای شەهیدانی عێراق لە بودجەی گشتی ساڵی 2019 دەدات، لەپێناو هاوتاكردنی مافەكانی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەوڵەكان بۆ یەكخستنی دامەزراوەی شەهیدانی سەر بە حكوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان چڕ دەكرێنەوە.

لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەراندا هاتووە، " لە كۆبوونەوەیی نێوان حەداد و ناجیحە عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عێراقی و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد لە نووسینگەی بەشیر حەداد، گفتوگۆ لەبارەی نەخشەڕێگا و میكانیزمی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان دەزگای شەهیدانی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەران كرا".
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، "بەشیر حەداد، جەختی لەسەر هەوڵەكان بۆ زیادكردنی پشكی دارایی بۆ دامەزراوەی شەهیدان لە بودجەی ساڵی 2019 كردەوە و، دووپاتیكردەوە، پێویستە سەرجەم دامودەزگا حكوومی و پەیوەندیدارەكان هەوڵی كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانی خانەوادەی شەهیدان بدەن".
حەداد، ئاماژەی بەوەشدا: "لە هەمووی گرنگتر وەك هەنگاوی یەكەم بۆ زیاتر خزمەتكردنی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان، پێویستە هەوڵ بۆ یەكخستنی دەزگای شەهیدانی سەر بە حكوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بدرێت، بۆ ئەوەی مافی تەواوی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دەستەبەر بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنی نوێنەران پشتگیری تەواوی ئەو هەوڵانە‌ دەكات".
لە بەرامبەریشدا شەمەری ئاماژەی بەكاری ئەو لێژنەیە كرد، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تایبەت بۆ یەكخستنی دەزگای شەهیدانی عێراقی و وەزارەتی شەهیدانی هەرێم پێكهێندراوە و گوتیشی: "یەكخستنی ئەو دوو لایەنە ئیدارییە مافی تەواوی خانەوادەی شەهیدان لە عێراق دەستەبەر دەكات و قەرەبووكردنەوەیان مسۆگەر دەكات".
بەر لەماوەیەكیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، "هەوڵ بۆ هاوتاكردنی مووچەی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شەهیدانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەدرێت".

© 2017 Hawler