نیسان 03, 2020

دیندار زێباری: یاسا و ڕێنماییەكانی حكوومەت لە بەرژەوەندیی ئافرەتانن

لە سەرتاسەری جیهان هەڵمەتی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەست پێ دەكات و لە هەرێمی كوردستانیش بە مەراسیمێكی شایستە هەڵمەتی نیشتمانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و كچان دەستی پێ كرد.

د. دیندار زیباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری پاراستن و بەرگریكردن لە مافەكانی ئافرەتان هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە، لە یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوی كرداری، كە هەر هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتانن و لەم ڕووەوە بەردەوامە لە هەوڵەكانی.
دیندار زێباری باسی لە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێشخستنی تواناكانی ئافرەتان لە گشت ڕوویەكەوە و گوتی: لە كوردستان چەندین یاسا و ڕێنماییی تایبەت بە پاراستنی مافی ئافرەتان دەرچووە، گرنگترینیان یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2011، یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لەگەڵ توندوتیژی لە هەرێمی كوردستان، هەروەها یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٠١، یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠١، یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٠٩ . هتد. بە پێی ئەم یاسایانە مافی تەواو بە ئافرەتان دراوە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتدا، جگە لەمانە ژمارەیەكی دیكەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان هەموار كراون لە خزمەتی ئافرەتانی كوردستان و لە زۆر ڕووەوە كاریگەریی خۆیان هەبووە.
زێباری ئەوەیشی خستە ڕوو كە ئەم یاسایانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە ئافرەت لە كوردستان بەشدارییەكی كارای هەبێت لە گشت بوارەكانی ژیاندا و شان بە شانی پیاو كار دەكات وەك بوارەكانی دادوەری، سەربازی، سیاسی، كار و گشت كایەكانی ژیان بە جۆرێك دەیان ئافرەت وەك داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراون و لە ناویاندا (٤٩) داواكاری گشتی، (٣٠) دادوەری ئافرەت لە دادگاكانی تێهەڵچوونەوە، (٩٤) لێكۆڵەری دادوەری و (٢٨٩) یاریدەدەری لێكۆڵەری دادوەری لە هەرێم دامەزراون. زیاتر لە (١٥٠) ڕێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنییش تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان هەن و هەمووان بە پێی توانا كار دەكەن لە پێناو پاراستنی مافی ئافرەتاندا".
د. دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەو خزمەتگوزاریانەی كە پێشكەش بە ئافرەتە ئاوارەكان كراون لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان و لەم ڕووەوە گوتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای هاتنی بە لێشاوی ئاوارەكان بۆ هەرێم باوەشی كردەوە و سەرەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموارەی كە كوردستان پێیدا تێپەڕ بوو، بەڵام بە پێی توانا لە هەموو ڕوویەكەوە هاوكاریی كردن، بەتایبەتی ئافرەت و منداڵان وەك كردنەوەی سەنتەری تایبەت بە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و پێشوازیكردن لێیان، ئەم سەنتەر و بنكە تەندروستیانە جگە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە ڕووی دەروونییەوەش هاوكاریی كردن، بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی كە لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار دەكران، وەك سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانی لە پارێزگای دهۆك كە لە كۆمەڵێك خەڵكی پسپۆڕی یاسایی و دەروونی پێك هاتووە، ‌بەردەوام لە خزمەتكردنی كەیسەكانی ژنانی ئێزدیدایە، توانراوە هاوكاری زیاتر لە دوو هەزار ژن بكرێت، لەم ژمارەیە زیاتر لە هەزاریان ژنن و تەمەنیان لە سەرووی (18) ساڵەوەیە ئەوەش بە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و چارەسەركردنیان و ئارامكردنەوەی لایەنی دەروونی لە لایەن پسپۆڕانی دەروونناس و كۆمەڵناس. هەروەها چەندین بنكەی پۆلیس و ئاسایش و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەت لە ناو ئەو كەمپانە كراونەتەوە.
بە پێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، كە ئەو بەرپرسە ئاماژەی پێ دەكات لە ئەنجامی داگیركردنی ناوچەكانیان لە لایەن داعشەوە نزیكەی 360 هەزار كەس لە ئێزدییەكان ئاوارە بوون و هەزار و 293 كەسیان شەهید بوون، بە گشتی شەش هەزار و 417 هاووڵاتیی كوردی ئێزدی ڕفێنراون، لەوانە سێ هەزار و 548 كەسیان لە ڕەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 كەسی تریان لە ڕەگەزی نێر بوون.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە هەوڵەكانی حكوومەت كرد بۆ ڕزگاركردنیان و لەم بارەوە گوتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 25/11/2014 لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزدییە ڕفێنراوەكان و بوودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگاركردنیان و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حكوومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەكی زۆر لە ڕفێنراوەكان ئازاد بكرێن.
زێباری گوتیشی: بە هەوڵ و كۆششەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا ڕۆژی 10/10/2018 توانراوە سێ هەزار و 331 كەسیان ئازاد بكرێن، لەوانە هەزار و 159 كەسیان ژنن و 337 كەسیان پیاون، 960 كەسیان كچ و 875 كەسی تریان كوڕ بوون و هێشتا سێ هەزار هاووڵاتیی ئێزدی بێسەروشوێنن.
لە بارەی یارمەتیدانیان لە ڕووی یاساییەوە زێباری ئەوەی ڕوون كردەوە كە حكوومەت لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ئەركی ڕزگاكردنی ڕفێندراوە ئێزدییەكانی گرتە ئەستۆ و بە هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەت تا ڕۆژی ٢٣/٥/٢٠١٨ ژمارەی ئێزدییە ڕزگاركراوەكان (٣٢٧٥) كەس بووە، لەوانە (١١٤٨) ئــافرەتن. هەرچی سەبارەت بە كریستیانەكانیشە ژمارەی ئەو ڕفێندراوانەی كە كەیسەكانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاكو ڕێكەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دۆكیومێنت كراوە (٢٥٠) كەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤)یان بە شێوازی جۆراوجۆر ڕزگار كراون، بەڵام تا ئێستا (٧٦)یان ڕزگار نەكراون، لەوانەی كە ڕزگار نەكراون، ژمارەیەكیان ئافرەتن".
سەبارەت بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان، دیندار زێباری گوتی: بە پێی فەرمانی وەزاریی ژمارە (٩٣٨٦ی ٣١/٥/٢٠١٦)، حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە چەند لیژنەیەكی لاوەكیی لە پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی پێك هێناوە و بە نووسراوی ئەنجومەنی دادوەری ژمارە (١٧٤٨ لە ١٥/١٢/٢٠١٦) بڕیار دراوە بە دانانی دادوەری تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و وەزارەتی ناوخۆ چەندین هۆبەی لێكۆڵینەوەی داناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەم كەیسانە و لەم ڕووەوە حكوومەتی هەرێمی بە جدی كار دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەك دژی ئافرەتان و بازرگانی كردن بە ئافرەتان و منداڵان و بە توندی سزای ئەو كەسانە دەدات كە تاوانەكان ئەنجام دەدەن.
سەبارەت بە كردنەوەی شەڵتەرەكان، دیندار زێباری گوتی: لە هەرێمی كوردستان چەندین شەڵتەر دامەزراوە بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی لە دەست توندوتیژی ڕوویان تێ دەكەن و حكوومەت یارمەتییان دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، هەروەها دەیان دایەنگەش دامەزراوە بۆ هەمان مەبەست، لەم دایەنگانەدا توێژەری كۆمەڵایەتی و فەرمانبەری بەشەكە سەرپەرشتییان دەكەن. ئەو منداڵانە تا تەمەنی ٥ ساڵ لەگەڵ دایكیان دەبن و هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین دەكرێت لە شەڵتەر، بەڵام لە دوای ٥ ساڵی لە دایكیان جیا دەكرێنەوە و لە ڕێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە ڕەوانەی خانەی منداڵان دەكرێن".

© 2017 Hawler