نیسان 06, 2020

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: داوای پڕچەككردن و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەمان لە كەنەدا كرد

هەفتەی رابردوو شاندێكی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆكایەتی د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی پەرلەمانتارانی ناتۆ سەردانی وڵاتی كەنەدای كرد و تیایدا چەند داواكارییەك بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خرانەڕوو و، داواكارا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری و ڕاهێنان و پڕ چەككردنی سوپای عێراق نابێت هێزی پێشمەرگە لەبیر بكرێت و دەبێت بەشی پێشمەرگە لە پڕ چەككردن و لە یارمەتیدان و مووچە لە بەرچاو بگیرێت.

دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی دەدرێت
محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی ئەمڕۆ یاخود بەیانی دەبێت، ئەگەر ئەمڕۆ دوو شەممە كارەكان تەواوبوون ئەوا كۆدەبێتەوە، ئەگەرنا بەیانی كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر وەزیرەكان دەدات.
هەفتەی رابردوو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە یاخود سێشەممە دەچێتە پەرلەمان و وەزیرەكانی پێشكەش دەكات.
هێشتا 8 وەزارەت لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بێ وەزیرن، كورد بە دوو وەزیر كە هەردووكیان پارتین بەشداری كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراقی كردووە، كورد دوو وەزارەتی دیكە وەردەگرێت، بەڵام هێشتا سوننەكان لەسەر پۆستی وەزیری بەرگری و شیعەكانیش لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
هەر یەك لە وەزارەتەكانی ناوخۆ، بەرگری، كۆچ و كۆچبەران، پلاندانان، رۆشنبیری، خوێندنی باڵا، پەروەردە و داد بێ وەزیرن و بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێن.

یارمەتییەكان رادەستی هەرێم بكرێن نەك هیچ لایەنێكی دیكە
هەفتەی رابردوو شاندێكی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆكایەتی د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی پەرلەمانتارانی ناتۆ سەردانی وڵاتی كەنەدای كرد و تیایدا چەند داواكارییەك بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خرانەڕوو.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ "هەولێر" گوتی:"ئەم كۆنگرەیە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، لەلایەن كۆمەڵەی پەرلەمانی وڵاتانی ناتۆ، ئەم خولە، خولی 64ـەمین بوو، ئێمە بەشدار بووین بەناوی پەرلەمانی عێراقەوە، باس لە دوو شت كرا، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە چۆن بتوانین رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، وە وڵاتانی ناتۆ دەتوانن چ شتێك پێشكەش بكەن لەو بارەیەوە، خاڵی دووەم باس لەوە كرا ئەو شار و شوێنانەی وێران كراون لە ئەنجامی شەڕی داعش، چۆن بتوانن ئاوەدان بكەنەوە، بە چ شێوازێك یارمەتی پێشكەش بەو خەڵكە بكرێت كە ئاوارە بوونە، ئێمە باسمان لەوە كرد عێراق توشی زیانێكی زۆر بووە، چەندین شار وێران بوونە و ئەوانە پێویستیان بە ئاوەدان كردنەوە هەیە، هەتا باسمان لەوە كرد لە كوردستانیش زۆر شوێن هەن وێران بوونە، پێویست بەوە دەكات ئەو یارمەتیانە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدا بێت و، داوامان كردووە یارمەتییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان رادەستی هەرێم بكات نەك هیچ لایەنێكی دیكە، چونكە لە ڕێگەی بەغدا ئەو بەشە یارمەتیە وەكو خۆی بە دەستی هەرێم ناگات.

داوای پڕچەككردن و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەمان كرد
د. بەشیر حەداد، گوتیشی:" باسی قارەمانێتی پێشمەرگەمان كرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعشدا، چونكە ئەوەی كرا تەنیا بە سوپای عێراق نەكراوە، بەڵكو بە بەشداریەكی كارای كاریگەری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش ئەنجام دراوە، پێشمەرگە نەك تەنیا لەسەر خاكی كوردستان، بەڵكو لە دەرەوەی خاكی كوردستان شان بە شانی سوپای عێراق شەڕی داعشی كردووە، لەبەر ئەوە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری و ڕاهێنان و پڕ چەكردنی سوپای عێراق نابێت هێزی پێشمەرگە لەبیر بكرێت و دەبێت بەشی پێشمەرگە لە پڕ چەكردن و لە یارمەتیدان و مووچە لە بەرچاو بگیرێت.

قەرەبووی خەڵكی كوردستان دەكرێتەوە
پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەك لەبارەی رووداوەكانی لافاو پێكبهێنێت و ئەو ناوچانەی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، كە رووبەڕووی لافاو بوونەتەوە.
هەر لەم بارەوە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاركرد:" لە ئەنجوومەنی نوێنەران باس لە زەرەروزیانەكانی لافاو كرا، كە زۆربەی ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتەوە، كە لە سنووری هەولێر بەتایبەتی لە دەڤەری سۆران، چۆمان و رواندز خەڵكێكی زۆر توشی زیانی ماددی بوو، بڕیارەكەی پەرلەمان خاڵێكی تێدایە كە پێویستە قەرەبووی هەموو ئەو شوێنانە بكرێتەوە كە بەهۆی لافاو زەرەرمەند بوونە، بۆیە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی عێراق، قەرەبووی خەڵكی كوردستانیش دەكرێتەوە".

© 2017 Hawler