ئەم پەڕەیە چاپ بکە

بە هەوڵی ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی پارتی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵیه‌كانی عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان لە كه‌ركووك پووچه‌ڵكرایەوه

به‌ هه‌وڵ و كۆششی ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌وڵی نوێ كردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵیه‌كانی عه‌ره‌بە هاوردەکانی‌ كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری پوچەڵكرایەوه‌.

شاخەوان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی لە فیسبوك ڕایگه‌یاند، له‌ دیدارێكدا له‌گەڵ ئه‌ندازیار(فه‌لاح حه‌سه‌ن زێدان) ڕه‌زامه‌ندی پووچەڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ وه‌زیری كشتوكالی عیراق وه‌رگرتووە كه‌ له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر، عه‌ره‌بی هاورده‌ به‌ هاوكاری پارێزگاری کەرکووک به‌وكاله‌ت (ڕاكان سه‌عید جبۆری ) و به‌ڕێوبه‌ری گشتی كشتوكاڵی كه‌ركووك به ‌وەكاله‌ت، كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان بۆ نوێ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ له‌سه‌رده‌می به‌عس به‌ بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕ‌ش پێیاندراوه،‌ كه‌ به‌شی زۆری زه‌وییه‌كان هی كورد بوون، له‌گه‌ڵ زه‌وی به‌شێك له‌ توركمانه‌كانی ئه‌و شاره،‌ كه‌ دراوه‌ به‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و باشووی عیراق هاورده‌كراون كه‌ مه‌به‌ست لێی به‌ عه‌ره‌ب كردن و گۆڕینی دیموگرافیای ئه‌و شاره بوو.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندوه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ی به‌رێوه‌به‌ری گشتی كشتوكال به‌ وەكاله‌ت پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (140) ده‌ستووری عیراقه‌ و له‌گه‌ڵ بڕیاری ژماره‌ی (29)ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فیدراله‌ هی سالی 2012، دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌ كه‌ركوك و ده‌وربه‌ری هه‌وڵی نوێ كردنه‌وه‌ی گرێبسته‌ كشتوكاڵیه‌كان ده‌ده‌ن، یان به‌ چه‌ك هێرش ده‌كه‌نه‌ گونده‌ كوردییە‌كان و داوای چۆلكردنیان لێ ده‌كرێت له‌ كاتێكدا ئه‌و گوندانه‌ هی كورده‌ و خاوه‌ن سه‌نەدی ره‌شن.
له‌ دوای هاتنی به‌عس بۆ سه‌ر حكومی عیراق له‌ سالی 1963 ئه‌و زه‌وییانەیان به‌ زۆر له‌ كورد سه‌ندراوەته‌وه‌ دراوەته‌ عه‌ره‌بی هاورده،‌ به‌ڵام له‌ دوای ڕووخانی به‌عس له‌ سالی 2003 دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق له‌ سالی 2005، مادده‌ی (140) تایبه‌ته‌ به‌ چاره‌سه‌كردنی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی كوردستان، بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌، له‌ كاتێكدا هه‌ر سه‌رخێزانێكی عه‌ره‌بی هاوردانی بڕێك پاره‌یان پێدراوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان له‌ ئه‌وه‌ش پارچه‌ زه‌وییه‌كی نیشته‌جێ بوونی پێ بدرێت .