تشرینی دووەم 16, 2018

فازڵ میرانی: لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكە كۆدەبێتەوە

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ:" لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە، هەروەها پارتی لەگەڵ گۆڕان و لایەنەكانی دیكەش كۆدەبێتەوە. دەشڵێ كورد هێشتا لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئەنفال و جینۆسایدە و بە پێویستیشی دەزانێ ئەوەی لە رابردوودا بەرامبەر كورد كراوە بكرێتە مەنهەجێكی خوێندن و نەوەكانی لێ ئاگادار بكرێتەوە.

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پانێلێكدا لە زانكۆی هەولێری پزیشكی لەبارەی جینۆسایدی سەر هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" جینۆساید و كیمیاباران بەرامبەر خەڵكی هەمان وڵات كراوە ئەوەش لە مێژوودا وێنەی نەبووە و قەت رووینەداوە دەسەڵات لە دژی خەڵكی خۆی جینۆساید و كیمیاباران بكات.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت پێویستە لایەنی پەیوەندیدار پڕۆژەیەك ئامادە بكەن بۆ ناساندنی ئەو پرسە لە سەرەتاییەوە تاوەكو زانكۆ بۆ ئەوەی قوتابییان ئاشنای مێژووی گەلەكەیان بن ئەنفال و جینۆساید بخوێنن نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە هەموو عێراق .
فازڵ میرانی هەروەها دەڵێت:" داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كوردستان بپارێزن، لە رێگەی یاسایەكی نێودەوڵەتیەوە كە لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەرچێت، كەمینەكان و خەڵكی كوردستان و كورد بپارێزرێن لە هەڕەشەكان .
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە "لە رووی نیشتمانی و سیاسییەوە هێشتا ئێمە رووبەڕووی ئەنفال و جینۆساید دەبینەوە، چونكە جینۆساید تەنیا كردار نییە بە كوشتنی خەڵك، رەتكردنەوەی مافە نەتەوەییەكانت، سەركوتكردنت وەكو مرۆڤێك، پشتگوێخستنی تۆ وەكو هاوبەشێكی ئەو وڵاتە جۆرێكە لە جینۆساید، ئەو دەڵێت :"تەنیا ریفراندۆممان كرد ساڵی رابردوو، هێزە عێراقییەكان بە هێرش هەوڵیان دا جارێكی دیكە كورد پاكتاو بكەن، بەڵام قارەمانی پێشمەرگە رێگر بوو لە جێبەجێكردنی ئەو بیرۆكە دڕندانە.
بە بڕوای فازڵ میرانی ئەگەر كێشەی كورد بە رێگەیەكی دیموكراسی چارەسەر نەكرێت، مانای وایە ئەنفال و جینۆساید بە شێوازی دیكە بەردەوام دەبێت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئومێد دەخوازێت حكوومەتی داهاتوو، بتوانێت پێشەكیەكانی دادگایەكی دادپەروەرانە بۆ تۆمەتبارانی ئەنفال دابنێت، ئەو دەڵێت ناكۆكی نێوان لایەنەكانیش یەكێكی دیكەیە لە كێشەكان، بە بڕوای ئەو هەندێك لایەن بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بوون هەموو قسەیەكیان بە نوێنەرایەتی خەڵك دەكرد، بەڵام دواتر كە هاتنە حكوومەت هیچیان پێ نەكرا.
ئەو دەڵێت:" دەبێت لە هەرێمی كوردستان لایەنەكان كەناڵی گفتوگۆ لەگەڵ خەڵك فراوانتر بكەن و زیاتر گوێ لە خەڵك راگیرێت، چونكە بە بڕوای ئەو هەندێك پرس بە هەڵە لە خەڵك گەیەندراوە.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردەوە: " كە لەو دوو سێ رۆژەدا حزبەكان لەگەڵ یەكدی دادەنیشن، پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە، هەروەها پارتی لەگەڵ گۆڕان و لایەنەكانی دیكە كۆدەبێتەوە، هەموو لایەنەكان هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەن و ناچارن پێكەوە كۆببنەوە و چارەسەری كێشەكان بكەن".

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
© 2017 Hawler