شوبات 22, 2020

نێچیرڤان بارزانی: شانازییەكانی دەڤەری سۆران بە خوێنی زیاتر لە 11 هەزار شەهید تۆمار كراوە

نێچیرڤان بارزانی لە ئاهەنگی بەرفراوانی پارتی لە دەڤەری سۆران رایگەیاند، شانازییەكانی دەڤەری سۆران بە خوێنی زیاتر لە 11 هەزار شەهید تۆمار كراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦/٩/٢٠١٨، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاهەنگێكی بەرفراوان بۆ بانگەشەكردن و سەرخستنی لیستی (١٨٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە شاری سۆران ساز کرا.

لەو ئاهەنگە جەماوەرییەدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش بە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە ناوچەکە و خەڵکی کوردستان کرد و تیایدا سڵاوی خۆی ئاراستەی بەشداربووانی مەراسیمەکە و خەڵکی ناوچەکە و کوردستان و هەموو شوێنێکی جیهان کرد کە لەپێناو بەهێزتر مانەوەی کوردستان، حەز بە سەرکەوتنێکی دیکەی دیموکراسییانەی پارتی دەکەن. ڕۆڵی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکەی لە پاراستنی خاکی کوردستان بە فیداکردنی گیان و خوێنی پیرۆزی (١٢٣) پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی (٨١٢) پێشمەرگەی دیکەی ناوچەکەی لە شەڕی داعش بەرز نرخاند.

هەروەها به‌ڕێزیان قارەمانێتی و گیانبەخشیی زیاتر لە (١١) هەزار شەهید لە شۆڕشەکانی بارزان و كۆماری كوردستانەوە تا ئێستای بە شانازیی خەڵكی ئەم دەڤەرە وەسف کرد بەوەی کە كوردستانپارێزیی ئەوان بە گیانبه‌خشی نووسراوەتەوە و پارتیبوونیشی بە قەد چیا سەرکەشەکانی کوردستان بە مایەی سەربەرزی دانا.

بەڕێزیان، ئاماژەی بە دۆزینەوەی یەکەمین شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە ناوچەکە و دەسەڵاتدارێتیی خانزادی سۆران وەک یادگاریی دەسەڵاتی ژنی كورد كرد و دەڤەری بارزانی بە شوێنی نووسینەوەی یەكەمین به‌رنامه‌ى بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان پێناسە کرد و ناوچەکانی چۆمان و گەڵاڵە و باڵەكایەتیی بە مەڵبەندی یەكەمین شۆڕشی هاوچەرخی سەرتاسەری كوردستان، ناوچەکانی سیدەكان و كێلەشین و خواكوڕكیشی بە یادگاریی مێژووی كوردستان و تۆمارکردنی داستانی نەبەردیی پێشمەرگە وەسف کرد. هەربۆیە ئەو ناوچانەی بە جێی شانازیی کوردستانییان و مرۆڤایەتی لەقەڵەمدا و خەڵکەکەی بە ئازا و سنوورەکەشی بە پارتیپارێز ناساند.

پێکەوەژیانی ئایینی بەشێکی دیکەی وتارەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بوو و لەو ڕووەوە پێکەوەژیانی موسڵمان و کریستیانانی ناوچەکانی بێدیال، هاودیان و دیانای وەک پێكەوەژیانی كه‌موێنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست باس کرد کە توانیویانە نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئایینی و ئاوێتەبوونی خەباتی کریستیان و موسڵمانانی ناوچەکە لە شۆڕش و ژیاندا نیشان بدەن.

لەڕووی پارتایه‌تیشه‌وه‌ ئاشكرای كرد کە ئەم دەڤەرە لە ڕۆژە سەختەکانی شۆڕشدا شوێنی قارەمانێتی و ڕێکخستنەکانی پارتی بووە، هەربۆیە، پارتی بەم دەڤەرە سەربڵندە، بەتایبەت کە خەڵکەکەی بوونەتە مایەی پێشکەوتن بۆ هەموو کوردستان و زانکۆی سۆرانی بە نموونەیەکی زیندوو هێنایەوە کە ساڵانە لە پێشکەوتنەکانی بەردەوام دەبێت.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، باسی لە پڕۆژە گەشتیارییە گەورەکانی ناوچەکە کرد کە بە پشتیوانی و ئاسانکاریی حکوومەت هاتوونەتە ئاراوە و موژدەی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دیکەی گەشتیاریی پێدان کە هەموویان دەبنە هۆکاری ڕاکێشانی گەشتیار و زیادبوونی دەرفەتی کار و لە ئەنجامدا، باشتربوونی داهاتی خەڵكی کوردستان بەگشتی و ناوچه‌كه‌ بەتایبەتی لێدەکەوێتەوە.

بەڕێزیان باشترکردنی ڕێگاوبانەکان، ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر، بایەخدانی پتر بە خاڵە سنوورییەکان، کارکردن بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی نێوان تورکیا و سنووری مێرگەسۆر و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکان، بە بەشێک لە بەرنامەکانی داهاتووی حکوومەت لەقەڵەمدا کە پڕۆژەکان لە حکوومەتی داهاتوودا بەپێی پێویست و توانای دارایی جێبەجێ دەكرێن.

بەڕێز جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە حزبەکەی هەروەک چۆن هەڵگیرسێنەری شۆڕش و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەكان بووە، ئێستاش ئەمینترین و باوەڕپێكراوترین هێز و ئەندازیاری پێشكەوتن و ئاوەدانییە و پلانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هەیە بۆ گه‌شه‌پێدانی زیاتری كوردستان. وەک بەڵگەش لێدوانی سەرەتاکانی ڕاپەڕێنی سەرۆک بارزانی لە دیانای بەبیر بەشداربووانی مەراسیمەکە هێنایەوە کە تیایدا بەڵێنی مانەوە و تێکشکاندنی پەلاماری سوپای ڕژێمی دا و بەڵێنەکەش لە تۆماركردنی داستانی کۆڕێدا به‌جێگه‌یاند، هه‌روه‌ها دوای ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردووی کەرکووکیش هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە داستانەکانی پردێ و سحێلا و مەخموور، خەونی ناحەزان و دوژمنانیان بۆ گرتنی هەولێر لەگۆڕنا و پیلانەکانیان تێکشکێندرا کە نەهێشتنی قەوارەی هەرێم، هەڵوەشاندەوەی حکوومەتی هەرێم و لەت لەتکردنی کوردستان بوو.

ئەوەشی باس کرد کە دواتر دەستیان بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان کردەوە و ئابڵۆقەی سەر ئاسمانی کوردستانیان لادا و دواتریش بە کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە، پرۆسەی چاکسازییان درێژە پێدا. بەڵێنیی ئەوەشی بە خەڵک دا کە بە پشتیوانیی ئەوان، کوردستان بەهێزتر دەکەن.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەشداری و سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بە سەرکەوتنێکی دیکەی حزبەکەی دانا کە سەرەڕای داگیرکرانی بارەگاکانیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە پارێزگای کەرکووک، پارتی توانی ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق. هەربۆیە ڕووی لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کرد کە دەیانەوێ هاوبه‌شی ده‌ستوری ڕاسته‌قینه‌ بن لە دروستكردنەوەی ئارامیی سیاسی و ئیداری بۆ خەڵكی عێراق، لەو ڕووەوە هەولێری بە خاوەنی كلیلە بەهێزەكانی ئارامیی سیاسی و ئیداری و هەروەها پردی ئاشتی و شوێنی ڕێککەوتن وەسف کرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ ڕێككەوتنێك بە بێ هەولێر سەرناكەوێت و دەیانەوێ هێزی هەولێر بەكار بێنین بۆ ڕێككەوتنێكی تەواو لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان كە مافەكانی خەڵكی عێراق و كورد بناغەی ئەو ڕێككەوتنە بن، نەك سەفەقاتی سیاسیی خۆپه‌رستانه‌ى هه‌رزان و شەخسی و دوور لە بەرژەوەندییەكانی خەڵك.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ڕووی قسەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و پێی گوتن کە پارتی حیزبێك نییە دەرفەتی ستراتیژی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و دەیەوێ بە هاوبەشی بڕیار له‌ هەموو هەنگاوەكان بدرێت و نایانەوێت پۆستەكانی كورد لە بەغدا بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بەكار بهێندرێن، بەڵکوو دەبێ بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بن و بۆ ڕێگرتن بێت لە پیلانگێڕان دژی هەرێمی كوردستان.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ بە پاڵپشتیی هەمیشەیی خەڵکی کوردستان، و بە بەیانکردنی ئەو ڕاستییەی کە کارنامەی ٥ ساڵی ڕابردووی پارتی بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان و ژیان و ئازادی لای خەڵک ئاشکرایە، خواستی حزبەکەی بۆ سەرکەوتنی زیاتر خستەڕوو بۆ بەرەوپێشبردنی زیاترى ژیانی خەڵكی كوردستان.

بۆیە داوای لە هەمووان کرد ئەمجارەش لەپێناو ئارامی و بەردەوامبوونی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، خۆنەچەماندن و سەرفرازی، بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان و ناوچە دابڕاوەکانی، هەروەها لەپێناو به‌ردوامبوونی پێكەوەژیان و بەهێزتربوونی هێزی بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، هەمووان دەنگ بدەن بە لیستی (١٨٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستان. بیری ئاماده‌بووانیشی هێنایه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا یه‌ك ده‌نگیش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگه‌.

 

دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی سۆران بۆ پاڵپشتیكردن له‌ لیستی (١٨٣)ی پارتی:

جەماوەری پارتیپارێز،

جەماوەری كوردستانپه‌روه‌ر،

ئێواره‌تان باش..

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدا بانگەشە بۆ سەركەوتنی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین.

خەڵكی كوردستانپارێزی قەزاكانی ڕواندز، چۆمان، مێرگەسۆر و سۆران، سڵاوتان لێبێت و هەموو لایه‌كتان بەخێربێن به‌سه‌ر چاو.

سڵاو لەوانەش كە لە شاشەی تەلەڤزیۆن و لە سۆشیالمیدیاوە به‌شداریمان له‌گه‌ڵدا دەكەن.

سڵاو لە هەموو كەسێك، لە هەموو شوێنێكی جیهان، كە حەز دەكات پارتی سەركەوتنێكی گەورەتری دیكە له‌ ڕێگه‌ی سه‌ندوقی ده‌نگدان له‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا تۆمار بكات، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ بۆ ئەوەیه‌ كوردستان بەهێز بمێنێتەوە و بەهێزتر ببێت.

به‌ڕێزان،

سەربەرزم كە ئێستا لەگەڵ ئێوەدام، چونكە ئێوە هاوبەشی مانەوەی سه‌ربه‌رزانه‌ى گەلی كوردستان و پاراستنی خاكی كوردستان بوون بە گیان و خوێنی پیرۆزی 123 پێشمەرگەی قاره‌مانى دەڤەرەكەتان لە شەڕی داعشدا. بەداخەوە هێشتا تەرمی پیرۆزی 4 لەو شەهیدانە نەكەوتوونەتەوە دەست هاوسەنگەران و كەسوكاریان. هەروەها 812 پێشمەرگەی ئەم دەڤەرە لەو جه‌نگه‌ى پاراستنی كوردستاندا بریندار بوون و هیوای سه‌لامه‌تییان بۆ ده‌خوازین.

 

شانازییەكانی خەڵكی ئەم دەڤەرە لە شۆڕشەكانی بارزان و كۆماری كوردستانەوە تا ئێستا، بە قارەمانى و گیانبه‌خشی و خوێنی زیاتر لە 11 هەزار شەهید تۆمار كراوە. كوردستانپارێزیی ئێوە بە گیانبه‌خشی نووسراوەتەوە.

 

جەماوەری كوردستانپارێزی پارتی،

خەڵكی دەڤەری چۆمان، سۆران، ڕواندز و مێرگەسۆر،

سەرهەڵبڕن و تەماشای چیای هەندرێن، زۆزك، كۆڕەك، برادۆست و قەلەندەر بكەن، سەری ئێوه‌ى پارتى بە ئه‌ندازه‌ی ئەو چیایانە بەرزە، چونكە بە گیانبه‌خشیی پێشمەرگه‌ی پارتی، ناوی ئەو چیایانە لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و هه‌زاران دایك و باوك ناوی ئەو چیا و شاخانه‌یان لە كوڕەكانیان ناوە. ئێمە و ئەو چیایانە، مێژووی به‌رگرى و سەربەرزیمان پێكەوە هەیە. پارتیبوون بەقەد ئەو چیایانە سەربەرزییە.

 

دڵسۆزان و خەڵكی كوردستانپارێزی پارتی..

ئەم دەڤەرە مایەی شانازیی ئێمەیە و مایەی شانازیی مرۆڤایەتییە. به‌شێكه‌ له‌ یەكەم شوێنی ژیان و گه‌شه‌ی مرۆڤ. ئێستا ڕووی شوێنەوارناسانی جیهان لە ئەشكەوتی شانەدەرە و پێش هەفتەیەك ئێسكى كه‌لله‌ى یەكەم مرۆڤی نیاندەرتاڵیان تێدا دۆزیەوە. ئێرە به‌شێكه‌ له‌ شوێنی ژیان و شارستانییەتی یەكەمی مرۆڤایەتی. مرۆڤ لەو ئەشكەوتە و له‌ زنجیرە چیای زاگرۆسەوە دەستی بە ژیان كردووە. ڕواندز مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین و بە شوێنی پێكگەیشتنی خۆر و زەوی ناو دەهێنرا. هەموومان ناوبانگی خانزادی سۆرانمان بیستووە. سۆران یادگاریی دەسەڵاتی ژنی كورد بووه‌.

بارزان شوێنی نووسینەوەی یەكەمین به‌رنامه‌ى بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بووه‌. چۆمان و گەڵاڵە و باڵەكایەتی، مەڵبەندی یەكەمین شۆڕشی هاوچەرخی سەرتاسەری كوردستان بووه‌.

سیدەكان و كێلەشین و خواكوڕك، یادگاریی مێژووی كوردستان و داستانی پێشمەرگەن. ئێمە هەموومان لەم دەڤەرە لەناو شانازییەكی مێژووییدا دەژین، هەموو كوردستانییان و مرۆڤایەتی شانازی بەم ناوچەیەوە دەكه‌ن. ئێمەش زیاتر شانازی پێوە دەكەین، چونكە ئەم ناوچه‌یە خاوه‌ن مێژووى دەوڵەمەند و خەڵكى ئازایە، ناوچەی پارتیپارێزانی كوردستانه‌‌.

شانازییەكی دیكەی گرنگی ئەم ناوچەیە، پێكەوەژیانی سنگفراوانیی كه‌م وێنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین له‌ نێوان موسڵمان و مەسیحیدا‌. بێدیال، هاودیان و دیانا، نموونەی جوانی پێكەوەژیانن. ژیان و خەباتی مەسیحی و موسڵمانان لە شۆڕش و ژیاندا لەم ناوچەیە، هەمیشە پێكەوە بووە و لێك دانەبڕاوە.

جەماوەری خۆشەویست..

ئەم دەڤەرە بە مێژووی خۆی سەربڵندە، پارتیش بەم دەڤەرە زۆر بەهێزە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی پارتی دیموراتی كوردستان بووه‌.

 

هەموو بستێكى ئەم دەڤەرە شوێنی قارەمانییه‌تیی پێشمەرگە و ڕێكخستنەكانی پارتی بووە لە ڕۆژە سەختەكانی شۆڕشدا. پارتی بەم دەڤەرە سەربڵندە و ئەم دەڤەرەش بەهۆی پارتییەوە خاوەنێكی زۆر دڵسۆزی هەیە. نەوە دوای نەوە، خەڵكی بە توانا لەم دەڤەرە هەڵدەكەون و ده‌بنه‌ مایەی پێشكەوتن بۆ هەموو كوردستان. ئێستا زانكۆی ئێوه‌، زانكۆی سۆران یەكێكە لە زانكۆ هه‌ره‌ باشەكانی كوردستان و ساڵ بە ساڵیش لە پێشكەوتندایە.

 

بە پشتیوانی و ئاسانكاریی حكوومەت، پڕۆژەی گەشتیاریی گەورە و پێشكەوتوو لەم دەڤەرە جێبه‌جێ كروان، پڕۆژەی دیكەش بەڕێوەن. ئێمە پشتیوانیی هەموویان دەكەین، چونكە دەبنە هۆی ڕاكێشانی گەشتیار و زیاتربوونی ده‌رفه‌تى كار و باشتربوونی داهاتی خەڵكی ناوچه‌كه‌ و كوردستان بەگشتی.

 

ڕێگەوبانەكانی دەڤەرەكە باش دەكەین و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر ئەنجام دەدەین، بایەخی زیاتر بە دەروازە سنوورییەكان دەدەین، هەوڵ دەدەین لە ماوەی داهاتوودا كاروبارەكانی كردنەوەی دەروازەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاش لە سنووری مێرگەسۆر تەواو بكەین. هەرچی لە تواناماندایە دەیكەین بۆ ئەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەكانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ كۆتایی بێت و خەڵك بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی باب و باپیرانیان.

 

ئێمە ئاگاداری هەموو داواكارییەكین، هەموویان بەپێی پێویست و توانای دارایی جێبەجێ دەكەین لە پلانی حكوومەتی داهاتوودا. ئەم ناوچەیە حەقی نازكردنیشیان بەسەر هه‌موومانه‌وه‌ هەیە، چونكە هەرچی بكەین بە ئه‌ندازه‌ی گیانبه‌خشیی خەڵكه‌كه‌ى نابێت.

 

ئەندام و لایەنگرە كوردستانپارێزەكانی پارتی..

پارتیبوون شانازییەكی یه‌كجار زۆر گەورەیە، ڕۆژ بە ڕۆژیش شانازیكردن بە پارتیبوونەوە زیاتر دەبێت. چونكە پارتی هەڵگیرسێنەری شۆڕش و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەكانە. پارتی ئەمینترین و باوەڕپێكراوترین هێز و حزبی و بزووتنه‌وه‌ی ڕێككەوتن و ئاشتییە. پارتی ئەندازیاری پێشكەوتن و ئاوەدانیی كوردستانە. ئێستاش پارتی پلانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هەیە بۆ گه‌شه‌پێدانی زیاتری كوردستان.

به‌ڕێزان،

له‌بیرتانه‌، ساڵی 1991 سەرۆك بارزانی لە كۆنە فڕۆكەخانەی دیانا، بە ئێوە و خەڵكی ئاوارەبووی كوردستانی گوت: من لێرەم هەتا دوا دلۆپی خوێنم، ئێوەش لەگەڵ ئێمە لێرە بن و لە وڵاتی خۆتان بمێننەوە، هەر خۆیشی سەرپەرشتیی تێكشكاندنی هێرشی سوپای ڕژێمی كرد لە كۆڕێ كە ئێستاش تانكە تێكشكێندراوەكانی لەوێ ماون و شاهێدی قاره‌مانی و به‌رگریی پێشمه‌رگه‌ی پارتین له‌و سنووره‌دا.

 

ساڵی ڕابردووش كە هەندێك كەس لە تەلەڤزیۆنەكانەوە هەواڵی چۆڵكردن و گرتنی هەولێر و كەوتنی قەڵای هەولێری پارتییان بڵاودەكردەوە، لە پردێ و سحێلا و مەخموور، تانكەكانی دوژمن بە ئیرادەی پۆڵایینی بەرگریكردنی پێشمەرگە تێكشكێندران و هێزی پێشمەرگەی ئێوە خەونی تێكشكاندنی پارتییان وەك دەیان جاری دیكە كردەوە به‌ خەونی حوشتر.

 

لە كاتێكدا هەوڵیان دەدا، قەوارەی هەرێمی كوردستان نەهێڵن و هەرێمی كوردستان لەتله‌ت بكەن، لە كاتێكدا هەوڵیان دەدا كورد بێ ئیرادە بكەن، لەگەڵ ئەملاوئەولا ڕێككەوتن بۆ ئەوەی حكوومەتی كوردستان هەڵوەشێننەوە، ئێمە، پارته‌كه‌ی ئێوه‌ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانمان ڕێكخستنەوە، ئابڵۆقەی ئاسمانیمان لەسەر كوردستان لادا. پاشەكەوتی مووچەمان زۆر كەمكردەوە، چاكسازیمان درێژە پێدا. دەستمانكردەوە بە دانەوەی بەشێكی زۆری قەرزه‌كان، وەبەرهێنەر و كۆمپانیاكان ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ پڕۆژەكان. هەواڵی خۆشتریش بە ڕێگەوەن بە پشتیوانی و بە هێزی ئێوە، كوردستان بەهێزتر دەكەین.

 

خۆشەویستان، كوردستانپارێزان..

لەو بارودۆخە سەختەدا كە ناحەزان خەونیان بە نەهێشتنی پارتییەوە دەبینی، بەشداریمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كرد. سەرەڕای هەموو ناحەقییەكان بەرامبەر پارتی و داگیركردنی بارەگاكانی و گرتن و دەركردنی ئەندامەكانی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای بەشدارینەكردنمان لە هەڵبژاردنی پارێزگای كەركووكدا، وێڕاى ساختەكاری و فەوتاندنی زۆر لە دەنگەكانمان، پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێوە، بووە حیزبی براوەی یەكەم نه‌ك له‌ هه‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵكو لە هەموو عێراقدا. ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌ده‌ست نه‌ده‌هات ئه‌گه‌ر به‌ پشتیوانی و خۆڕاگری و دڵسۆزیی ئێوه‌ نه‌بوایه‌ له‌سه‌ر سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدان.

به‌ڕێزان،

پارتی لە ئارامیدا زیاتر گەشە دەكات، چونكە پارتی حیزبی ئاشتی و ئاوەدانییە، لەبەرئەوە ئێستاش بە هەموو لایەنە عێراقییەكان و زلهێزانی ناوچەكە و جیهان دەڵێین: ئێمە دەمانەوێ هاوبه‌شی ده‌ستوری ڕاسته‌قینه‌ بین لە دروستكردنەوەی ئارامیی سیاسی و ئیداری بۆ خەڵكی عێراق، چونكە سوودی پارتی و گەلی كوردستانیش لە ئارامیدایە.

 

هەولێری خۆشەویست كە پایتەختی هەرێمی كوردستان و ناوەندی دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سیمبولى سنگفراوانی و لێبوورده‌ییی پارتییە، خاوەنی كلیلە بەهێزەكانی ئارامیی سیاسی و ئیدارییە.

 

ئێمە دەمانەوێت پردی ئاشتی بین، شوێنی ڕێككەوتن بین، هیچ ڕێككەوتنێكیش بەبێ هەولێر سەرناكەوێت. بۆ ئارامیی هەموو ناوچەكە، دەبێ هێڵی پەیوەندی و ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بەهێز ببێت. ئێمە ئێستا دەمانەوێ هێزی هەولێر بەكار بێنین بۆ ڕێككەوتنێكی تەواو لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا كە مافەكانی خەڵكی عێراق و كورد بناغەی ئەو ڕێككەوتنە بن، نەك سەفەقاتی سیاسیی خۆپه‌رستانه‌ى هه‌رزان و شەخسی و دوور لە بەرژەوەندییەكانی خەڵك.

 

بە هەموو هێزە كوردستانییەكان دەڵێین، په‌یامی ئێمه‌ بۆ هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌: پارتی حیزبێك نییە دەرفەتی ستراتیژی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە، ئەگەر ئەوەمان بكردبا زۆر لەمێژ بوو هەموو شتێكمان لەگەڵ لایەنە عێراقییە براوەكان كۆتایی پێهێنابوو. بەڵام ئێمە دەمانویست بە هاوبەشی بڕیار له‌ هەموو هەنگاوەكان بدەین. نامانەوێت پۆستەكانی كورد لە بەغدا بۆ بەرژەوەندبی شەخسی بەكار بهێندرێن، دەمانەوێت بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بن و بۆ ڕێگرتن بێت لە پیلانگێڕان دژی هەرێمی كوردستان.

دانیشتووانی هەر چوار قەزای سۆران، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر..

من ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەم، چونكە ئێوە هەمیشە لەگەڵ كوردستان و پارتی بوون. ئێوە بە ڕاستی كوردستانپارێزن، ئەمجارەش بە پشتیوانیی ئێوە و خەڵكی كوردستان، دەمانەوێ سەركەوتنی پارتی گەورەتر بكەین. لە چوار ـ پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەموو كاتێكی دیكە بۆ هەموو خەڵك ڕوونتر و ئاشكراتر بوو هیچ حیزبێك ئەوەندەی پارتی چاوی لە پاراستنی قەوارەی كوردستان و ئازادی و ژیانی خەڵكی كوردستان نییە. ئێستاش دەمانەوێت ئێوە بە دەنگی خۆتان كورسییەكانی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان زیاتر بكەن، چونكە پارتی پلانێكی تەواوی ئامادە كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاترى ژیانی خەڵكی كوردستان. بۆیەش ئەمجارە هەمووتان لەپێناو كوردستانێكی بەهێزدا دەنگ بدەن بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

پێتان ده‌ڵێم:

لەپێناو ئارامی و ئاوەدانی

لەپێناو خۆنەچەماندن و سەرفرازی

لەپێناو بەهێزكردنی قەوارەی كوردستان

لەپێناو بەردەوامبوونی ئاوەدانی، به‌یه‌كه‌وه‌ دەنگ بدەن بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لەپێناو ئاسایش و ئارامی

لەپێناو به‌ردوام بوونی پێكەوەژیان

لەپێناو خۆشی و خۆشگوزه‌رانى

لەپێناو ئازادیی زیاتری كوردستان، ئه‌مڕۆ لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ كۆبوومه‌ته‌وه‌ و داواتان لێده‌كه‌م ده‌نگ به‌و خۆشه‌ویستانه‌ بده‌ن، ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی خۆتان بده‌ن بۆ به‌هێزكردنی پارتی.

دەنگ بە لیستی 183 بده‌ن له‌پێناو كوردستانیبوونی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان.

لەپێناو بەهێزتربوونی هێزی بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان

لەپێناو دواڕۆژێكی باش و ئازاد بۆ منداڵەكانتان

لەپێناو هەموومان، پێكەوە دەنگ دەدەین بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

دەزانم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هەندێك لە دەنگدەرانى ئه‌م دەڤەرە نەچووبوونە سه‌ر سه‌ندوقه‌كانی دەنگدان، من ئەمڕۆ هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی به‌ هەموو دەنگدەرانی ئەم دەڤەرە بڵێم بچنە سه‌ندوقه‌كانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەركی هه‌ر یه‌كێكمانه‌ هەموو ئەوانە هان بدەین كە مافی دەنگدانیان هەیە، بچن بۆ دەنگدان.

 

له‌بیرتان نه‌چێت، یه‌ك ده‌نگیش بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، ده‌بێت ئێوه‌ له‌ ڕۆژی 30ی ئه‌یلوول سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشتر كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا تۆمارتان كرد، ئه‌مجاره‌ش بۆ لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمار بكه‌ن و به‌ ده‌نگه‌كانی خۆتان به‌ هه‌موو ناحه‌زانی پارتی بڵێن، پارتی یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ره‌، پارتی یه‌كه‌مه‌ له‌ كوردستان و له‌ هه‌موو عێراقدا.

 

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئاماده‌بوونتان و هه‌موولایه‌كتان به‌خێربێن بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌.

به‌خێر بێن سه‌رچاو،

زۆر سوپاس.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

© 2017 Hawler