ئەیلول 19, 2018

چاودێران: پارتی جارێكی دیكە متمانەی زۆرترین خەڵكی كوردستان بەدەست دێنێتەوە

چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ دەڵێن:" پارتی حزبێكی جەماوەری بنكە فراوانە و شوێنی هەموو كەس و ئایدیایەكی تێدا دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگی نەتەوەیی بۆ گەلی كورد بە دەست هێناوە، هەر ئەوەش وای كردووە كە ببێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێم و زۆرترین خەڵك دەنگ بە پارتی بدەن، بۆیە ئەمجارەش پارتی متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستان بە دەست دێنێتەوە.

بانگەشەی هەڵبژاردن تا دێت گەرمتر دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە ژمارە 183 بەشدارە و كارنامەی لیستەكەی راگەیاندووە و لە كارنامەكەیدا هاتووە كار بۆ "بەدیهێنانی كۆدەنگییەكی كوردستانی لە پێناو ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی ناكۆكییە نێوخۆییەكان تێپەڕێنێ و لەسەر نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كۆك و یەكڕیز بێت تا ببێتە زامنی پاراستنی مافە دەستورییەكان و شایستە داراییەكانی هەرێم و بەشی ڕەوای خەڵكی كوردستان لە سەروەت و سامانی هەموو عێراق، هەروەها لە رووی ئیدارە و ئابووری و ریفۆڕمی گشتی لیستی پارتی رایگەیاندووە: "پێداچونەوەیەكی میتۆدیانەی گشتی بە ئابووری كوردستاندا دەكات لەسەر بنەمای زیادكردنی جۆرەكانی سەرچاوەی داهات و پشت نەبەستن بە كەرتی نەوت بەتەنیاو بوژاندنەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەگەڕی و گەشتیاری تا ببنە هاریكاری كەرتی نەوت. هاندانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لەو بوارانەدا و دەرچواندنی هەر یاسا و رێسایەك كە بۆ ئاسانكاریی لەو بوارانەدا پێویست بن".
ئێحسان ئامێدی، چاودێری سیاسی بۆ "هەولێر" گوتی:" پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی، كە بۆ ئارمانجێكی پیرۆز دامەزراوە، ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، گەلی كوردستان بە باوەڕیەوە تەماشای پارتی دەكات، هیوا و ئۆمێدی تاكی كورد پارتییە، چونكە ڕابەرایەتی گەلی كوردستان دەكات، لە خۆشی و ناخۆشی خۆی لە خەڵكی كوردستان كردووەتە خاوەن، ئەوەش وای كردووە كە پارتی ببێتە حزبێكی جەماوەری، لەسەرەتای شۆڕش كە ساڵی 1961 دەستی پێ كرد گەلی كوردستان هەموو لەگەڵ پارتی بوون، ئەو باوەڕیەی خەڵكی كوردستان وای كرد كە پارتی هەموو كاتێك بەهێز بێت و گەشە بكات، ئەوەش وای كرد كە پارتی بەهێز بێت و هەر بە هێزی یەكەمی كوردستان بمێنێتەوە، پاش ساڵی 1991 هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی كە كراون، پارتی خاوەن بەرنامەیەكی نەتەوەیی و ئابووری بووە، وای كرد كە خەڵك متمانە بە پارتی بكەن و پارتی هەر بەهێزی یەكەم بهێڵنەوە، لەو هەڵبژاردنەشدا پارتی هەر بە هێزی یەكەم لە كوردستان دەمێنێتەوە.
گوتیشی:" پارتی بوو ریفراندۆمی ئەنجامدا، ئەوەش بۆ ئەوە بوو كوردستان سەربەخۆ بێت و گەلی كورد بە ئازادانە بژیت، پارتی بە پێویستی زانی كە گەلی كوردستان سەربەخۆ بێت و گەلی كوردستانیش هەمان داوای پارتی هەبوو، هەر بۆیە بەهێزی پارتی لە جەماوەرەكەیدایە، چونكە پارتی بەردەوام خۆ لە خەڵكی خۆی كردووەتە خاوەن، هەتا لە رووی ئابوورییەوە، پارتی تاكە حزبە كە توانیویەتی باوەڕی بۆ خەڵكی كوردستان دروست بكات، كە ژیانی ئەوان خۆش دەكات، پارتی توانیویەتی كوردستان رۆژ بۆ رۆژ ئاوەدان بكات و ئابووری كوردستان بەهێز بكات و پەیوەندی نێوان هەرێم و وڵاتان باشتر بكات و رووی كۆمپانیاكانی جیهان بداتە كوردستان، ئەگەر تەماشای ئەو شوێنانە بكەین كە پارتی لێی دەسەڵاتدارە رۆژ بۆ رۆژ ئەو ناوچانە پێش دەكەون و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت و خەڵك لەو ناوچانە هەست بە ئارامی دەكات، بۆیە پارتی توانیویەتی باوەڕی بۆ خەڵكی كوردستان دروست بكات، هەر بۆیە لە رۆژی هەڵبژاردن ئەو حزبەی ئەوەندە خۆ بە خەڵكی كوردستان ماندوو دەكات و خزمەتی دەكات، خەڵكی كوردستانیش رێز لە ماندووبوونی ئەو حزبە دەگرێت و دەستخۆشی لێ دەكات و دەنگی پێ دەدەن.
د. موسلیح دهۆكی، سەرۆكی زانكۆی دهۆك بۆ "هەولێر" دیاركرد:" یەكەم هەڵبژاردن كە لە ساڵی 1992 لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، تاوەكو ئێستا پارتی توانیویەتی متمانەی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە دەست بهێنێت.
دەشڵێ:" پارتی حزبێكی جەماوەری بنكە فراوانە و شوێنی هەموو كەس و ئایدیایەكی تێدا دەبێتەوە، پارتی جگە لەو ئارامی و ئاسایشەی كە دروستی كردووە، جووڵەیەكی زۆری بە ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری داوە، كوردستان رۆژ بۆ رۆژ پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، ئێستا و لە داهاتووشدا هاووڵاتیانی كوردستان دەنگ بە پارتی دەدەن، هەر بۆیە پارتی هەر بە هێزی یەكەم لە هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، چونكە خەڵك دەزانێت ئەگەر دەنگ بە پارتی بدەن و پارتی سەركەوتوو بێت، كوردستان بەهێز تر دەبێت، پارتی كوردستان دەپارێزێت و كوردستان ئاوەدان دەكاتەوە، لە داهاتووشدا پارتی كوردستان دەپارێزێت و زیاتر لەوەی كە هەیە ئاوەدان دەكاتەوە و گەلی كورد بەو ئاواتە دەگەیەنێت كە دەریایەك خوێنی بۆ داوە".

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.