شوبات 28, 2020

لە نەجەف و بەسرە خۆپیشاندان بەردەوامە

سەرەرای ئەوەی دەگوترێت بەشێکی داواکاریەکانیان جێەجێ کراوە، بەڵام لە نەجەف خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە بەسرەش ئامادەکاری بۆ یاخیبوون دەکرێت .

حکومەتی عێراق بە گوتەی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، وەڵامی ئەوتۆی داواکاریەکانی نەداونەتەوە، هەر بەوهۆیەش لە بەسرە و نەجەف خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، سەدان هاووڵاتی لە بەسرە لە نزیک دەروازەی سەفوان لەنێوان عێراق و کوێت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای خزمەتگوزاری دەکەن، خۆپیشاندەرانی بەسرە داوای چاکسازی بەپەلەی حکومی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیش دەکەن
هاوکات لە نەجەفیش بە هەزاران کەس ڕژانە سەرشەقامەکان و داوا دەکەن گەندەڵی بنەبڕ بکرێت، و چاکسازی لە کارگێری و حکومەتدا بکرێتە بنەمای کاری حکومەت.
لە خۆپیشاندانەکەی نەجەف دروشم دژی بەرپرسانی عێراق گوترایەوە و داوایان کرد پەلە بکرێت لە داببینکردنی خزمەتگوزارییەکان، هۆشداری دەدەن وەڵامی داواکانیان نەدرێتەوە، مانگترنی سەرتاسەری رادەگەیەنن .
مورتەزا حوسەینی، یەکێکە لە خۆپیشاندەران، ئەو پێی وایە: حکومەتە خۆجێییەکان شکستان هێناوە لە جێبەجێکردنی داواکانی خەڵک و، دەڵێت تەنانەت یەک داواکاری خەڵکیش وەڵام نەدراوەتەوە، گوتیشی:" زۆربەی ئەندامانی ئەنجوومەن خاوەن کۆمپانیان، خاوەن سەرمایە، چوونەتە نێو حکومەت تاوەکو پڕۆژەکانی خۆیان سەربخەن، هەر لە بەسرە زیا بەسری، یەکێکە لە ئەندامانی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان رایگەیاند، رێکخەر و لیژنەکانی خۆپێشاندەرانی بەسرە ماوەی دوو رۆژە دیدار و کۆبوونەوە دەکەن، بەمەبەستی گەیشتن بە بڕیارێکی یەکگرتوو بۆ ڕاگەیاندنی مانگرتن یاخود یاخبوونی مەدەنی لە پارێزگاکەدا.
خۆپیشاندانەکان لەکاتێکدان حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بڕیارێکدا قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی راسپارد لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە بکات کە تێیدا بە ئۆتۆمبێلی سەربازی هەوڵی خۆ کێشان بە ناو خۆپیشاندەران دراوە، بەپێی زانیارییەکان لە موسەننا هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بە ئۆتۆمبێلی سەربازی خۆیان کێشاوە بە خۆپیشاندەراندا.
هێشتا لایەنی نێودەوڵەتیش چاودێری رەوشەکە دەکات، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوا لە پەرلەمانی نوێی عێراق دەکات لەگەڵ یەکەم دانیشتنی پەسندکردنی یاسای تووندوتیژی خێزانی بخاتە پێشینەی کارەکانی، رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا دەڵێت، پەرلەمانی نوێی عێراق یەکەمین کاریان پەسندکردنی ئەم یاسایە بێت، کە لەساڵی 2015ە یاساکە هەڵپەسێردراوە.
خۆپیشاندانەکان لە عێراق ئەمساڵ بۆ یەکەم جار لە ٨ـی تەمموز دەستیان پێ کرد، زیاتر لە ٩ پارێزگای گرتەوە، سەرەکیترین داوای خۆپیشاندەران خزمەتگوزارییە، تاوەکو ئێستا لە ئاڵۆزییەکاندا 13 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش برینداربوون .

© 2017 Hawler