شوبات 27, 2020

شیرین حوسنی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان: حكوومەتی هەرێم ئامادەكاریی بۆ پڕۆژە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەكات

ئەندامێكی لیژنەی داراییی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پێویستە هەموو ساڵێك حكوومەت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمدا پڕۆژە بودجەی خۆی رادەستی پەرلەمان بكات، تا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت و بەپێی ئەو یاسایە پارە خەرج بكرێت، هەرێمی كوردستان لە ئێستادا چەند داهاتێكی جێگیری هەیە، بۆیە پێویستە یاسای بودجەی هەبێت. روونیشیكردەوە، یاسای چاكسازی زۆر گرنگە و پێویستە پەسەند بكرێت، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی رابردوو چەندین پرۆژەی یاسای گرنگ پەسەند كران، هەموو ئەو پرۆژانە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بوون.

شیرین حوسنی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "هەولێر" دیاركرد، هەتا ئێستا هیچ پرۆژە یاسایەكی بودجە نەگەیشتووەتە پەرلەمان، پێویستە حكوومەت پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بكات، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەشی نۆیەم، پێویستە هەموو ساڵێك حكوومەت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمدا پڕۆژە بودجەی خۆی رادەستی پەرلەمان بكات، تا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت و بەپێی ئەو یاسایە پارە خەرج بكرێت، وەكو پەرلەمان باسی بودجەمان كردووە و گفتوگۆ لەسەر كراوە، بۆیە دوای ئامادەكردنی پرۆژەكە لەلایەن وەزارەتەكان دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران، پاشان رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، دوای خوێندنەوەی یەكەم ڕەوانەی لیژنەكانی پەیوەندیدار دەكرێت و گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەكرێت و پاش ئەوە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت و دەبێتە یاسا و كاری پێ دەكرێت.
شیرین حوسنی، گوتیشی:" ئەوەی كە گرنگە بڵێم ئەوەیە پێویستە یاسای بودجە هەبێت، بە داخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، لە ساڵی ٢٠١٤ بە دواوە هەرێمی كوردستان بودجەی نەبووە، هەرێم خاوەن داهاتێكی جێگر نەبوو، ئەو پارەی دەهات تەنیا بۆ مووچە خەرج دەكرا، بۆیە زۆر پێویستە ئەمساڵ پرۆژە یاساكە بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی باری ئابووری هەرێم بە شێوەیەكی شەفاف ئەو داهاتە لەلایەن حكوومەتی هەرێم هەیە خەرج بكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد:" هەرێمی كوردستان لە ئێستادا چەند داهاتێكی جێگیری هەیە، لەوانە ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت، هەروەها ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەست هەرێمی كوردستان دەكەوێت، هەروەها ئەو بڕە پارەی لە ئەمریكا بۆ پێشمەرگە دێت، بۆیە دەتوانین پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بكەین.
شیرین حوسنی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" یاسای چاكسازی زۆر گرنگ بوو پەسەند بكرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەسەند نەكراوە، پاش ئەوەی گەڕێنرایەوە پەرلەمان لیژنە پەیوەندیدارەكان گفتوگۆیان لەو بارەیەوە كرد، هەندێك ماددەی دیكە گۆڕانكاریان تێدا كرا، ئەو ماددانەی كە گۆڕانكاریان تێدا كرا حكوومەت هەندێك تێبینی لەسەر هەبوون، لە توانای حكوومەتدا نەبوو جێبەجێ بكات، هەر لەبەر ئەوە ئێمە چاوەڕوانی حكوومەت دەكەین لەگەڵ یەكدی دابنیشین و بگەینە ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بكەین.
حوسنی، ئەوەشی گوت:" هەندێك ماددە پێویست بوون دەستكاریان تێدا بكرێت، وەكو بابەتی دەرمالە، چونكە ناڕوونیەك لەناو دەرمالەكاندا هەبوو، كە كێ باشە وەربگرێت و كێ وەرنەگرێت، ئەوە كاری پەرلەمان نیە، ئەوە كاری حكوومەتە، دەسەڵاتمان داوەتە حكوومەت ئەو بابەتە چارە بكات، بابەتێكی دیكە خانەنشینی مەدەنینە، داوامان كردووە مووچەی ئەوان لە 600 هەزار كەمتر نەبێت، حكوومەت دەڵێ لە توانای مندا نیە مانگانە زیاتر لە 400 هەزار زیاتر بدەم، هەروەها خانەنشینی سەربازی ئەویش كێشەی لەسەر بوو كە وەكو خۆ بمێنێتەوە، بەڵام داوا دەكرێت وەكو مەدەنی لێ بكرێت، بەڵام كێشەی تەمەنیان هەیە، بۆیە هەندێك كێشە هەبوون كە پێویستیان بەوە هەیە لەگەڵ حكوومەت گفتوگۆ بكەین و بگەینە چارەسەر، هەروەها هەندێك ماددەی باشیش تێدا هەبوون، كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی كوردستان دا بوون پاشەكەوتی مووچە نەدەما، هەروەها حسابێكی بانكی بۆ هاووڵاتیان دەكرایەوە، بۆیە چاوەڕوانین لەو ماوەی كە ماوە بگەینە ڕێككەوتن و پەسەند بكەین و ببێتە یاسا، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی رابردوو چەندین پرۆژەی گرنگ پەسەند كران، هەموو ئەو پرۆژانە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بوونە.
شیرین حوسنی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دركاند، هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا هەڵوێستی پارتی روونە، تەنیا هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتی نیە، بەڵكو حزب، سەرۆك بارزانی هەموو لەگەڵ ئەوەن كە هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت، بۆیە پێویستە 30ی ئەیلوول هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و گەل بڕیاری خۆی بدات".

© 2017 Hawler