شوبات 27, 2020

دەست بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی دژ بە تیرۆریستانی داعش كرا

بریكاری وەزاره‌تی شەهیدان و ئەنفالكراوان رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای دهۆك وەك قۆناغی یەكەم، دەست بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی دژ بە تیرۆریستانی داعش كراوە و بۆ سنوورەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش لە قۆناغی داهاتوودا دەبێت.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، حەفتەی رابردوو لە پرێسكۆنفرانسێكیدا بۆ مێدیاكان، رایگەیاند، بڕیاریان داوە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دابەش بكەن. بەرەڤان حەمدی، رایگەیاند: لە دوای شەڕی داعش ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا زەوی، یاخود یەكەی نیشتەجێبوون بدرێتە كەسوكاری شەهیدان، لیژنەیەكیش بە سەرۆكایەتیی وەزیری شەهیدان و ئەندامێتیی وەزیری شارەوانی و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و وەزارەتی پێشمەرگە پێك هات، چەندین كۆبوونەوەش كراون، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە، نەتواندرا یەكەی نیشتەجێبوون دابین بكرێت.
وەك بریكاری وەزاره‌تی شەهیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی پێ دا، دابەشكردنی زەوی بەسەر شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، كراوەتە چەند قۆناغێك و لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەست بە دابەشكردنی زەوی كراوە، ئێستایش وەك قۆناغی دواتر، دەست بە ئامادەكاری دەكرێت، تا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیش زەوی بدرێتە خانەوادەی شەهیدان، ئەویش بەپێی بوونی زەویی شیاو بۆیان.
حەمدی، هەروەها ئەوەشی گوت، كار بەو داتایانە دەكەن، كە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی شەهیدان دەڕوات، هاوكات ئەوەشی روون كردەوە كە هەر شەهیدێك سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، یان دامودەزگاكانی دیكەی ئیداری بن و لە شەڕی دژ بە داعشدا و لە پێناو ئازادی و پارێزگاری لە خاك و گەلی كوردستان، بێ جیاوازی دەیانگرێتەوە، ئەویش رێوشوێنی تایبەتی خۆی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، كە دەبێت دۆسیەیان لەوێ تەواو بكەن، دواتریش رەوانەی وەزارەتی شەهیدان دەكرێت.
لەشكری رۆژ كە پێكهاتبوون لە كوردانی رۆژئاوا و هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دژ بە تیرۆریستانی داعش جەنگان و شەهید و برینداریان دا، بە گوتەی بەرەڤان حەمدی، كەسوكاری ئەو شەهیدانەی رۆژئاواش بێبەش نابن لە سوودمەندبوونی زەوی، دەشڵێ هەر كەسێك لە هەر شوێنێك بووبێت و لە هەرێمی كوردستان بەشداری لە پارێزگاریكردن لە كوردستان دژ بە تیرۆریستان كردبێت و شەهید بووبێت، لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران بێبەش ناكرێت.
لە KDP.infoەوە

© 2017 Hawler