شوبات 27, 2020

ڕێناس جانۆ: كورد لەم دۆخە خراپەی عێراقدا دەبێت ناو ماڵی خۆی رێكبخاتەوە

پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق دەڵێت، كورد فاكتەرێكی سەرەكی دەبێت لە چارەسەركردنی ئالۆزییەكانی عێراق، بۆیە هێزە عێراقییەكان ناتوانن كورد فەراموش بكەن، بەڵام ئەگەر بەشداری كورد بێ زامنكردنی مافەكانی بێت، پێموایە زیانەكان زیاتر دەبن لە سوودەكان، لەگەڵ ئەوەی پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەت، چونكە ئەگەر ئەوە نەكرێت ڕەوشی عێراق رۆژ بۆ رۆژ خراپتر دەبێت.

دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی بەشێك لە سندووقەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامەكانی راگەیاند:
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەنیا 5 پارێزگا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و 13 پارێزگای دیكە ژمارەی كورسییەكان وەك خۆیەتی.
ڕێناس جانۆ، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بۆ "هەولێر" دەڵێ، ئەو دەرئەنجامانەی كە راگەیاندراون هەر وەكو هی پێشوونە، بەوەش كۆمیسیۆن مافی هەیە گلەیی بكات و داوای یاسای لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمار بكات، بە ئەوان بڵێ كە ئێمە كاری خۆمان بە تەواوەتی كردووە، ئەگەر گۆڕانكاریش بەسەر ئەنجامەكان هاتبێت، بەو شێوەیە نیە كە كاریگەری خۆی هەبێت، ئەو گۆڕانكاریانە نابنە هۆكار بۆ گۆڕینی هیچ شتێك لە ساحەی سیاسیی، بۆیە غەدر لە كۆمیسیۆن كراوە كە دادوەر لە شوێنی ئەوان دانراون، ئێستا هیچ لایەنێك ناتوانێ گلەیی بكات لەسەر ئەنجامەكان كە بە دڵی ئەوان بێت، یان بە دڵی ئەوان نەبێت.
جانۆ، دەشڵێ، ڕەوشی عێراق وا بە ئاسانی چارەسەر نابێت، پاش پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەت و سەرۆكایەتییەكانی دیكە، بە زووترین كات یەكلا بكرێنەوە، ئەگەر ئەوە نەكرێت ڕەوشی عێراق رۆژ بۆ رۆژ خراپتر دەبێت.
پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئاماژەی بەوەش كرد، كورد لەم دۆخە خراپەی عێراقدا یەكەم هەنگاو دەبێت پێش هەموو شتێك هێزە كوردستانییەكان بە یەك پاكێج مامەڵە لەگەڵ ڕەوشی عێراق بكەن، چونكە هێزە عێراقییەكان چاوەڕوانی پارچەبوونی كورد دەكەن، ئەوە خزمەتی ئەوان دەكات، چەند هێزە كوردستانییەكان پەرش و بڵاوبن ناتوانن لە بەغدا هیچ بكەن و دەستكەوتەكان كەمتر دەبن، بۆیە پێش هەموو شتێك دەبێت بابەتی ناوخۆی كوردستان یەكلا بكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی نابێت مساومە لەسەر هیچ شتێك بكەن كە پەیوەندی بە مافی كوردەوە هەیە.
ڕێناس جانۆ، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، زیاتر گوتی:" كورد فاكتەرێكی سەرەكی دەبێت لە چارەسەركردنی ئالۆزییەكانی عێراق، بۆیە هیچ كاتێك هێزە عێراقییەكان ناتوانن كورد فەراموش بكەن، لەگەڵ ئەوەی بەبێ كورد حكوومەت پێك ناهێت، بەڵام ئەگەر بەشداری كورد بێ زامنكردنی مافەكانی بێت، پێموایە زیانەكان زیاتر دەبن لە سوودەكان".

© 2017 Hawler