ئاب 18, 2018

حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ٤٢ساڵەی دامەزراندنی بە مانۆڕێکی سەربازی پیرۆزکرد

دوێنێ ٨ی ئابی ساڵی ٢٠١٨، ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی تێکۆشەر و خەباتگێڕی کوردستان، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بوو، کە تەمەنی گەیشت بە ٤٢ ساڵی بێ پسانەوە لە خەباتی سیاسی و چەکداری، وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەش ئاماژەی پێکرد، بەهۆی ئەوەی دەستپێکی دامەزراندنی حیزبەکە بە شۆڕش بووە، لەبەر ئەوەش بڕیاریاندا بە مانۆڕێکی سەربازی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکە پیرۆز بکەن، کە مانۆڕە سەربازییەکەش لە گوڵەخانە بە ئامادەبوونی ٥٠٠ پێشمەرگەی ئەو حیزبە بەڕێوەچوو.

حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٦ لە کوردستان دامەزرا لە ژێر بیر و کاریگەری ئایدیای سۆشیالیزم، دامەزرێنەرانی ئەم حیزبە هەر یەکە لە (مەحموود عوسمان) و (عەنان موفتی) و (ڕەسوول مامەندە) کە ئەم کەسیەتییانە هەر لەسەرەتای تەمەنی لاویانەوە پەیوەندییان بە هێزی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە کردووە و لە ئێستاشدا (عەدنان موفتی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە و (مەحموود عوسمان) وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ درێژە بە خەباتی سیاسی دەدات.
ئەم حیزبە هەر لەسەرەتای درووستبونییەوە بڕوای بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەبووە و لەو ڕیاگیەدا خاوەنی قوربانییەکی زۆرن دژ بە ڕژێمی بەعسی عێراق و سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق، لەو ڕێگایەشدا دەیان شەهیدیان بەخشیوە بە کاروانی ڕزگاریخوازی کوردستان لە دیارترینیشیان، شەهید عەلی عەسکەری و شەهید شێرکۆ شێخ عەلی و شەهید تاهیر عەلی والی بەگ و شەهید کاردۆ گەڵاڵی و زۆری تریش کە لە دڵی خەڵکی کوردستاندا ناویان زیندوو ماوە.

محەمەد حاجی مەحموود ناسراو بە (کاکە حەمە)
محەمەدی حاجی مەحموود، کە لە ئێستادا سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە، ئەو کەسایەتییەی خەڵکی کوردستان بە تەواوی پێی ئاشنان و هەڵوێستە کوردانەکانی لە ساتە تەنگ و ناخۆشەکاندا جێگای ورەی خەڵکی کوردستانە، محەمەد حاجی مەحموود لە دایکبووی ٢٦ ی حوزەیرانی ساڵیساڵی ١٩٥٣یە ولەسەر گردەلەت لە ناوڕەشماڵدا لە گوندی قەدەفەری سەر بە ناحیەی خورماڵ ھاتۆتە دنیاوە.
لە ساڵی ١٩٨١ دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سۆسیالیست و دواتر دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە و پاشانیش دەبێتە سکرتێری گشتی و تا ئێستاش لەو پۆستەدا بەردەوامە.
محەمەد حاجی مەحموود خاوەنی ٩ نامیلکە و کتێبە، بەناوبانگترینیان کتێبی (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک)ە کە لە چوار بەرگ پێکهاتووە و مشتومڕێکی گەرمیشی لە ناوەندە سیاسییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.
محەمەد حاجی مەحموود، هەر لەسەرەتای تەمەنی لاوییەوە خولیای بەشداریکردنی هەیە لە شۆڕشەکانی ئەوکاتی کوردستان و چەند جارێک داوا دەکات ببێت بە پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنییەوە ڕێگای پێنەدراوە. محەمەد حاجی مەحموود، خاوەنی ٣ هاوسەر و پێنج کچ و سێ کوڕە، هەر یەک لە کوڕەکانیشی بە ناوی (عەتا و پشتیوان) شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستانن، کە ئەوەی دوایین شەهید (عەتا) لە میحوەری (مەکتەب خالید) لە شەڕی دژ بە داعش دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دلێرانە گیانی خۆی پێشکەشی کوردستان کرد.
لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەشدا، کە بە مانۆڕێکی سەربازی ساڵیادەکە کرایەوە بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی محەمەدی حاجی مەحموود، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ ڕایگەیاند، مەبەست لەم مانۆڕە سەربازییە پەیام نییە بۆ حیزبەکانی نێوخۆی کوردستان، بەڵکو پەیامە بۆ ئەو هێزانەی دەیانەوێت پێشمەرگە لە کەدار بکەن و بیشکێنن و گەلەکۆمەی لێبکەن، کە ئەم پیلانە لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە نەخشەی بۆ کێشرا.
سەبارەت بۆ دۆخی کورد لە عێراقێش کە لە ئێستادا لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێدایە، ڕایگەیاند، پێویستە کورد نێوماڵی خۆی یەکبخات و بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی بەشدار بێت لە دانوستاندندەکانی پێکهێنانی حکومەت لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی.

پەیامی مەکتەبی سیاسی حیزبی سۆسیالیست دیموکرات لە ساڵیادی دامەزراندنیان
لە ٤٢ ساڵەی دامەزراندنیان، مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە لە ڕیگای پەیامێکەوە بۆ خەڵکی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوان بەردەاوم دەبن لە پێناو گەیشتنی گەلی کوردستان بە ئاواتە لە مێژینەکەی خۆی، دەڵێن:" ئه‌م ساڵیش به‌ هه‌مان گوڕو تین، به‌ هه‌مان گیان و گه‌رمیی هه‌وه‌ڵ، به‌ڵێنی نه‌سره‌وتن تا به‌دیهێنانی ئامانجی سه‌دان ساڵه‌مان دووپات ده‌که‌ینه‌وه‌و گه‌له‌که‌شمان شاهێده‌ که‌ ئێمه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ چه‌ند راستگۆ و چ نرخێکی گه‌وره‌مان بۆ داوه‌. به‌ڵێن به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌ده‌ین وه‌ک هه‌میشه‌ خه‌باتکاری سه‌رسه‌ختی به‌دیهێنانی سه‌روه‌ری و ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بین تا ئه‌م گه‌له‌ ئازار چه‌شتوو برسیکراوه‌ به‌ ژیانێکی شایسته‌ ده‌گات. به‌ڵێن به‌ کرکوک و گه‌رمه‌سێر، که‌ وه‌ک چۆن به‌ خوێن له‌ تیرۆر پاراستمان، جارێکی تر ئاڵای شه‌کاوه‌ی کوردستان بگه‌یه‌نینه‌وه‌ حه‌مرین و دوایین سنووری کوردستان. به‌ڵێن به‌ شه‌نگال و شێخان و ئێزدی و کاکه‌ییه‌کان، که‌ وه‌ک چۆن بۆ به‌رگری له‌ بوون و باوه‌ڕیان سه‌دان رۆڵه‌ی قاره‌مانمان پێشکه‌ش کردن، هه‌رواش بۆ پاراستنی که‌رامه‌ت و ناسنامه‌یان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتدا بین".
هەر لە پەیامەکەیاندا بۆ خەڵکی کوردستان یادی تێپەڕبوونی چوار ساڵەی شەڕی تیرۆرستانی داعش دەکەنەوە و باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان دەکەن کە چۆن توانییان ئەفسانەی داعش بشکێنن.

سۆسیالیست لە ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوە نەخوزراوەکانی دواتر
لە دوای ئەوەی سەرکردایەتی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیدا لە رابردوودا، کە بڕیارەکەش بە بەشداری زۆرینەی حیزبەکانی کوردستان بوو، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدرا و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان دەنگیان دەنگی سەربەخۆیی کوردستان بوو، لەم نێوەندەدا حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی نیشتیمانانەی بەرزی نواند و پاڵپشتییەکی بێ وێنەی نواند بۆ پرۆسەکە، ئەوە بوو دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، کوردستان کەوتە ژێر گوشار و گەلەکۆمەیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، تا گەیشتە ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کە مێژوویەکی ڕەشی لاپەڕەی مێژووە، کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان کەوتنە بەر پەلاماری چەند هێزێکی میلیشیایی، حەمەی حاجی مەحموود لەو کات و ساتەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون هەڵوێستی خۆی و حیزبەکەی ڕاگەیاند و درکاندی کە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەی ڕیفراندۆم نەبووە، بەڵکو هەڵەی باڵێکی خیانەتکاری نێو یەکێتی بووە، کە پلان و ستراتیژییەتی سەربازی شاری کەرکووکی تێکدا و بەرەکانی شەڕی بە جێهێشتووە، لە کاتێکدا ئەو لە شەڕی داعشدا ئەگەرچی ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە و چەکی ئاسایی و سوکی لەبەردەست بوو، بەڵام چەندین سەرکەوتنی گەورەی بەسەر چەکدارانی داعشدا تۆمار کرد و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پاراستنی شاری کەرکووک.

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.