ئاب 18, 2018

لەگەڵ کۆتاییهاتنی بە دەست هەژمارکردنی دەنگەکان، باس لە راگەیاندنی فراکسیۆنی زۆرینە دەکرێ

کۆتایی بە هەژمارکردنەوەی دەستیی سندووقەکانی دەنگدان هات و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن. لایەنە سیاسی و فراکسیۆنەکانی عێراق خۆیان ئامادە کردووە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن فراکسیۆنی زۆرینەی خۆیان لە پەرلەمان ئاشکرا بکەن. هەر یەک لە لایەنەکان لەسەرەوە لەگەڵ یەکیک هاوپەیمانن و لە بنەوە لەگەڵ یەکێکی تر و دیار نییە دواجار کامە لایەن فراکسیۆنی زۆرینە رادەگەیەنن، ئەوەی ئاشکرایە بێ کورد ئەو فراکسیۆنە زۆرینەیە بەدی نایەت.

نزیکەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام هیشتا تەنانەت ئەنجامی کۆتایی پەسندکراو رانەگەیەنراوە و عێراق تووشی دۆخێکی نالەباری سیاسی بووە. ئەمەش دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بوو و دادگای فیدراڵی لە سەر داخوازی پەرلەمان بڕیاریدا بەشێک لە سندووقەکان بە دەست بژمێردرێنەوە.
ژماردنەوەی دەنگەکان دوو رۆژە کۆتایی پێ هاتووە و بڕیارە لە نیوەی مانگی ئاب ئەنجامەکە ڕابگەیەنرێت.
پێشتر هەر لە دوای ئەنجامی سەرەتایی، لایەنە براوەکان دەستیان بە گفتوگۆکانیان کرد تا فراکسیۆنی زۆرینە دروست بکەن و کاتێکیش دەست بە دووبارە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان کرا سەرەتا هەوڵەکانی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت سست بوونەوە، بەڵام چەند رۆژێکە هەندێک لایەن باس لەوە دەکەن فراکسیۆنی زۆرینەیان کۆ کردووەتەوە.
حاکم زاملی یەکێک لە ڕێبەرانی رەوتی سەدر ئاشکرای کردووە، هاوپەیمانی سائیرون کە لە لایەن موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەیەوێت فراکسیۆنی زۆرینە لە پەرلەمانی عێراق پێک بهێنێت و باسی لەوەش کردووە لەو فراکسیۆنە هاوپەیمانی دەولەتی یاسا جێگەی بۆ نەکراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە خوودی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش سێ رۆژ لەمەوبەر باسی لە پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە کردبوو و تەنانەت باسی لەوە کردبوو لە فراکسیۆنەکەیاندا فەتح و نەسر بەشدارن و دەستیشیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی سائیرون و حیکمەت رازی بکەن.
ئێستا بە پێچەوانە نوێنەرەکەی سەدر باس لە خستنەدەرەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە دانوستانەکانیان و پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی عێراق دەکات. زاملی گوتوویەتی تەنیا چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکانی 12 ئایاری ئەمساڵن و لە دوای ئەنجامەکە ئەوانیش فراکسیۆنی زۆرینەی خۆیان رادەگەیەنن.
زاملی بۆ فراکسیۆنی داهاتوو و پێکهێنانی حکوومەت پێداگری لە نەهێشتنی گەندەڵی و پشک پشکێنە و داماڵینی میلیشیاکان لە چەک کردووە. ئەو ناوی نووری مالیکی هێناوە و گوتوویەتی لە فراکسیۆنەکەدا جێگەی نابێتەوە.
لێدوانەکانی سائیرونیش جیاوازە و پیشتر سەلاح عوبێدی گوتەبێژی ڕەوتەکە گوتبووی هێڵی سووریان بە دەوری هیچ کەس و لایەنێکدا نەکێشاوە.
بە گوێرەی ئەنجامی پێشوو لیستی سائیرون، 54 کورسی، فەتح 47 کورسی، نەسر 42 کورسی و دەوڵەتی یاسا 26 کورسی بەدەست هێناوە. شیعە بە پێچەوانەی خولەکانی پێشوو بە چەندین بەرەدا دابەش بووە و بە بێ کورد هیچ کامێکیان ناتوانن فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان پێک بهێنن.
دووبارە قسەکردن لە سەر پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوو خۆپێشاندان زۆربەی پاریزگاکانی باشوور و ناوەراستی عێراقی گرتەوە. هەر یەک لە ئەمەریکا و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەنجامێک رابگەیەنرێت جێگەی متمانەی خەڵک و لایەنەکان بێت.
یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، دەستخۆشی لەڕاگەیاندنەكەی دەستەی دادوەرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد بەبۆنەی تەواوكردنی هەژماركردنەوەی دەنگەكان لە هەر 18 پارێزگاكەی عێراق و دەنگەكانی دەرەوە و بە پڕۆسەیەکی شەفافی هەژمار کردووە.
نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان، گوتیشی لە ئێستادا هانی دەستەی دادوەران و دامودەزگا پێوەنددارەكانی دەوڵەت دەدەن تاكو ئەوپەڕی توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەزوویی ڕاگەیاندنی كۆتایی ئەنجامە بەراییەكان و وەڵامدانەوەی هەموو تانەكان.
ئەرکی ئەم جارەی فراکسیۆنی زۆرینە تەنیا ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو نییە، بەڵکوو دەبێت بە دڵی ئەو خۆپێشاندەرانەش بێت کە ماوەیەکە شەقامەکانی عێراقیان تەنیوە.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.