ئەیلول 19, 2018

هەرێمی كوردستان بۆتە پەناگەیەك بۆ ئاوارەكان

بۆ وەرزی هاوین ئاوارەكان داوای هاوكاری زیاتر دەكەن

حكوومەتی عێراق بە هیچ جۆرێک ئاگاداری ڕەوشی ئاوارەکان نییە و خۆی بە خاوەنیان نازانێت

زیاتر لە ملیۆنێك و نیو ئاوارە لە هەرێمی كوردستان لە بەردەم مەترسی گەرمای هاویندان و هێشتا پێداویستییەكانی ئەم وەرزەیان بۆ دابین نەكراوە، وەك ئاوارەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەتی حكوومەتی عێراق و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، زیاتر خەم لە ئاوارەكان بخۆن و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن چارە بكەن و، پێداویستییەكانی ئەم وەرزە دابین بكەن.

قاسم جیهاد، كە لە شاری مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە بە "هەولێر"ـی گوت:" بەهۆی هاتنی داعش و بەهۆی هەڵەكانی حكوومەتی عێراق ئاوارە بووین، ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا نەمان بینیوە شاندێكی حكوومەتی عێراق بێتە لامان و هاوكاریمان بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەركی سەرشانی ئەوانە ئاوڕ لە ئاوارەكانی خۆی بداتەوە و هاوكاریمان بكەن، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆیان لە ئێمە نەكردووەتە خاوەن، وەك ئەوە وایە ئێمە لە وڵاتێكی دیكەوە ئاوارە ببین، سوپاسی حكوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكەین، كە بەردەوام هاوكاریمان دەكەن و هەرچی پێویستمان پێ بێت بۆمان دابین دەكەن".
یونس محەمەد، ئاوارەیەكی دیكەیە، بۆ "هەولێر" دەڵێت:" بەداخەوە حكوومەتی عێراق هیچ هاوكاری ئێمەی نەكردووە، ئەگەر لەبەر حكوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازی بارزانی نەبووایە، ڕەوشی ئێمە زۆر خراپ دەبوو و نەماندەزانی روو لە كام شوێن بكەین، بۆیە تا ماوین سوپاسی حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەكەین، بۆ ئەو هاوكاریەی پێشكەش بە ئێمەی كردووە.
سەعید ئەرشەد، ئەویش ئاوارەیەكی دیكەیە، لەگەڵ منداڵەكانی لەژێر خێمەیەكی 2 مەتری شوێنی خۆی كردووەتەوە، بۆ "هەولێر" دیاركرد، ژیانی ئاوارەیی زۆر ناخۆشە، داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین چۆن لە رابردوو هاوكاری ئاوارەكانی كردووە، ئێستایش هاوكاری ئاوارەكان بكات و پێداویستییەكانی وەرزی هاوین بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكات.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران بۆ "هەولێر" روونیكردەوە، بەڕێوەبەرایەتیەكەمان هەر چوار شارۆچكەی سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان لە خۆ دەگرێت، ئێستا 500 خێزانی ئاوارە كە لەبەر شەری داعش لە ناوچەكانی عێراق ئاوارە ببوون لە سنووری سۆران ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، كە پێشتر زیاتر لە 6 هەزار خێزان لەناوچەكە بوون، ئەوانەی كە گەڕاونەتەوە لەسەر ویستی خۆیان نەگەڕاونەتەوە، بەڵكو بەهۆی ئەو زەختەی حكوومەتی عێراق بۆیان هێناوە گەڕاونەتەوە، ئەوانەی كە تائێستا لە سۆران ماون، هەندێكیان خەڵكی سنووری شنگالن لەبەر حەشدی شەعبی و هەبوونی هێزەكانی دیكە ناتوانن بگەڕێنەوە، هەندێكیان كە گەڕابوونەوە لەبەر خراپی باری ئەمنی ئەو ناوچانە جارێكی دیكە ئاوارەی سنووری سۆران بوونەتەوە.
گوتیشی:" بەداخەوە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئێستا وەكو پێویست هاوكاری ئاوارەكانی ناوچەكە ناكەن، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق پاش ساڵێك و سێ مانگ هەندێك كەلوپەلی خواردنیان ڕەوانە كردووە، كە ئێمە بۆ 680 خێزان داوامان كردبوو، تەنیا 200 كارتۆن خواردنیان ڕەوانە كردووە، سەرەڕای قەیرانی دارایی حكوومەتی هەرێم بەردەوام هاوكاری ئاوارەكان دەكات و رۆژانە كەلوپەلی پێویست بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش دەكات".

 

ڕائیب جادر ـ سۆران

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.