تەمموز 23, 2018

لە پارێزگای سلێمانی ٨٠٠ دۆنم رووبەری پووش و پاوان سووتا

لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما یەکیک لە گرنگترین مەترسییەکان بۆ سەر ژینگە و دارستانەکانی کوردستان بریتییە لە ئاگرکەوتنەوەی پووش و پاوان و ساڵانە لە هەرێمی کوردستان رووبەرێکی فراوان لەو زەوی و پاوان و دارستان دەبنە خۆراکی ئاگر. لە نوێترین رووداودا ٨٠٠ دۆنم پووش و پاوان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتا.

نزیکەی مانگێک دەبێت وەرزی گەرمای تاقەت پڕووکێن لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و بۆیەش لە شوێنی جیاجیا رووداوی ئاگرکەوتنەوە روودەدات. بەشێک لەو رووداوانە بچووکن و هەر لە لایەن خەڵکی گوندەکان یان دانیشتووانی نزیک لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە بە سوود وەرگرتن لە شێوەی کلاسیکی ئاگرکوژاندنەوە کۆنترۆڵ دەکرین وبەشێکیش دووردەستن و تەنانەت تیمەکانی فریاکەوتنی شارستانی و ئاگرکوژێنەوەش دەستیان پی ڕاناگات.
نوێترین نموونەی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانییە وبە گوێرەی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سلێمانی ئاگرێکی گەورە رووی داوە و سەرەڕای ئەوەی کە توانیان کۆنترۆڵی بکەن بەڵام زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە کەوت.
عه‌قید هێمن كه‌مه‌رخان به‌ڕێوه‌به‌ریڕاگه‌یاندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سلێمانی ئاشكرایکرد ئه‌و دیارده‌یه‌ ساڵانه‌ چه‌ند جارێك دووباره‌ ده‌بێتەوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوژاندنه‌وه‌ و كۆنترۆڵ كردنیان كارێكی ئه‌سته‌مه‌، هاوكات زیانێكی زۆر به‌سروشت و ژینگه‌ی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. ئەو گوتیشی هەر بەم هۆکارەوە له‌ سنووری قه‌ره‌داغ و پێنجوێن٨٠٠ دۆنم پووش و پاوان سووتاون.
بە گوتەی بەڕێوەبەرەکە دوای ئەوەی ئاگرێكی به‌رفراوان له‌ سنووری قه‌ره‌داغ و پووش و پاوانی هەندێک لە گونده‌كانی وەکولیان، زین عومر، گۆشان، قاره‌مان کەوتەوە، ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌كانی به‌شی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی قه‌ره‌داغ گه‌یشتنه‌ شوێنیڕووداوه‌كه‌ و توانیان ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام‌٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان سووتا و ئەگەر کۆنترۆڵیان نەکردبا زیانێکی زۆر زیاتر بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیشت.
هاوکات ئاگرێك له‌ سنووری پێنجوێن و بنكه‌ی گه‌رمك كه‌وتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵکرا بەڵام زیانی ئاگره‌كه‌ سووتانی٣٠٠ دۆنم پووش و پاوان بوو.
پێویستە بگوترێت هۆکاری هیچ کام لەم ئاگرکەوتنەوانە نەزانراوە و پۆلیس لێکۆڵینەوە لە رووداوەکا دەکات.به‌ڕێوه‌به‌ریڕاگه‌یاندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سلێمانی،داوای لە هاووڵاتیان کرد ژینگه‌ و سروشتی كوردستان بپارێزین به‌تایبه‌تی له‌م وه‌رزه‌دا کە هاووڵاتییانڕوو ده‌كه‌نه‌ ده‌شت و چیاكان پێویستە زۆر دڵنیابن له‌ كوژانه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ئاگر و پشكۆ له‌ دوای خۆیان به‌جێ نه‌هێڵن بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ڕوو نه‌دات.
یەکیک لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە فڕیدانی جگەرەی نەکوژاوەیە لە لایەن شوفێرانی ئۆتۆمبێل کە بە جادەکاندا تێپەڕ دەبن و هەندێک جار جگەرەکە دەکەوێتە نیو پووش و بە ئاسانی ئاگر لە پووشەکە بەردەدات و دواتریش بە شنەبایەک ئاگرەکە بەرفراوان دەبێت.
جگە لە سەرپێچی و کەمتەرخەمی هاووڵاتیان لە کردنەوەی ئاگر یەکیک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بۆ هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و زۆر جار دەبێتە هۆی سووتاندنی رەز و باخ و لەوەڕگەکان.

سلێمان تاشان - هە‌ولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.