تشرینی یەکەم 21, 2019

ئەمڕۆ شاندی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەچنەوە بەغدا

ئەمڕۆ لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی دیكە لەبارەی مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم دەڵێ، بۆ جاری سێیەمە سەردانی بەغدا بكەین، ئەمجارە بەغدا خۆی داوای كردووە سەردانیان بكەین و كۆبوونەوەكەش بەسەرپەرشتیی مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت.
د. ڤیان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "هەولێر"ـی گوت: ئەمڕۆ شاندەكەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی ‌و پەروەردەی هەرێمی كوردستان بۆ قسەكردن لەسەر مووچەی ئەو دوو وەزارەتە سەردانی بەغدا دەكەینەوە‌، یەكەمجار كە ڕۆیشتین لیستی بایۆمەتری و مووچەی فەرمانبەران و هەموو زانیارییەكمان بە بەغدا داون، لەوە دەچێت پێداچوونەوەیان كردبێت، پەیوەندیان بە ئێمەوە كرد داوا دەكەین كۆبوونەوەیەكی دیكە بكەینەوە، بەڵام ئەمجارە جگە لە لیژنەكە د. مەهدی حەلاق، ئەمینداری گشتی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكات، هەروەها ئەوان ئەو جارە داوای ڕاوێژكاری داراییان كردووە، ئێمەش ڕاوێژكاری دارایی نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیرانمان لەگەڵە، لەگەڵ ڕاوێژكاری دارایی لە وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، تیمەكەمان ئەوجارە لەجیاتی دوو كەس بوونەتە پێنج كەس.
د. ڤیان ئاشكراشی كرد، ئێمە لە تیمە هونەرییەكەین، بەڵام بەدواداچوونی بەغدا بۆ ئەو پرسە جددیەتی پێوەدیارە و بەردەوام لەسەر خەتن و كە پرسیاریان دەبێت پەیوەندی دەكەن و دەڵێن، دەمانەوێت بە پەلە كارەكان تەواو بكەین، ئێمەش بیانۆیەكانی ئەوان دەبڕین و بەردەوام دەرگامان كراوەیە و زانیارییەكان دەدەین بە ئەوان".

© 2017 Hawler