تشرینی یەکەم 21, 2019

گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە

پاش ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لێکنزیکبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کراوە و سەبارەت بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و ئاسایی بوونەوەی گەشتەکان لە ئاسمانی کوردستانەوە.

پاش ئەوەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، پێرێش شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق سەردانی هەولێریان کرد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و پاش کۆبوونەوەکانیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەربارەی کۆبوونەوەکان ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەنجامی کوبوونەوەکان ئیجابی بوونە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە.
دوێنێش، باڵویزی بەریتانیا لە عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژانامەوانیدا لە هەولێرەوە، ئەوەی ڕاگەیاند، کە ئەوان پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردستانێکی بەهێز و خاوەن پێگە، دووپات دەکەنەوە و هیوا دەخوازێت کورد بەهێزەوە بچێتە بەغدا.
جۆن ویکلس، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، هاوکات ڕایگەیاند" به‌مزووانه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێنه‌وه‌و پاڵپشتی مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كه‌ین و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان پێشڤه‌چوونی باش به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت".
هەروەها ئاماژەی پێکرد "بریتانیا خوازیاری هه‌ماهه‌نگی به‌هێزی ئابوورییه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان و كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمیش له‌ كه‌ركووك وه‌به‌رهێنان له‌بواری نه‌وتدا ده‌كات".
جێگای باسە ئەم لێدوانانەی باڵوێزی بەریتانیا پاش ئەوە دێت ناوبراو لە چەند ڕۆژت ڕابردوودا چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجامداوە.
ڕۆژی پێرێش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پاش سەردانی شاندی باڵای حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، باسی لە لێکتێگەیشتنی باش کرد لە نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و شاندی حکومەتی عێراقی و ڕایگەیاند، لەگەڵ شاندی عێراق لێکتێگەیشتنی باش هەیە و لەسەر "چەند خاڵێکی زۆر کەم" ناکۆکی هەیە.
هاوکات کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق سەرکەوتوو بوون و بڕیاری باش دراون".

© 2017 Hawler