تشرینی یەکەم 21, 2019

پەرلەمان لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی خورماتوو دەكات

پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەدواوە دروست كردووە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان دەكات و بەڵگەی پێویست كۆدەكاتەوە و ڕاپۆرتی خۆی ئامادەكات و دەداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان. لەلایەكی دیكەوە پەرلەمانتاران ڕوونی دەكەنەوە، پرۆژەی چاكسازی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و هەفتەی داهاتوو لەسەر پڕۆژەكە كۆدەبینەوە، ئەگەر بێت و پرۆژەكە پەسەند بكرێت داهاتێكی باش بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.

لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی خورماتوو دەكرێت
شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی پارتی بۆ "هەولێر" دەڵێ، فەرمانی لیژنەكە دەرچووە، بەس ماوە كۆبوونەوەی خۆمان بكەین و دەست بە ئیش و كارەكان بكەین، ئەو رووداوانەی كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە روویداون، ئەو لیژنەیە بەڵگەی پێویست كۆدەكاتەوە و ڕاپۆرتی خۆی ئامادەكات و دەداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان.
مونا قەهوەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی پێشكەوتووی توركمان بۆ "هەولێر" دیاركرد، ئەندامانی لیژنەكە دیاری كراون كە لە هەر فراكسیۆنێك ئەندامێك لەناو لیژنەكەدا هەیە، ئەو ئەندامانە لەگەڵ دەستەی ناوچە كوردستانییەكان كۆبوونەوە و هەفتەی داهاتوو فەرمان دەردەچێت و سەردانی خورماتوو و ناوچەكانی دیكە دەكەین، لە نزیكەوە تەماشای رووداوەكان دەكەین، بەتایبەتی كە لە پشت پەردەوە چی هەیە و حەشدی شەعبی چ تاوانێكی لەو ناوچانە ئەنجامداوە، بۆیە بەدواداچوون دەكەین و ڕاپۆرتێكی تێر و تەسەل ئامادە دەكەین و دەهێنینەوە پەرلەمان و لەسەری كۆدەبینەوە.
ئەگەر پرۆژەكە پەسەند بكرێت داهاتێكی باش بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە
شوان شێخ ئەحمەد، دەشڵێ، پرۆژەی چاكسازی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام هێشتا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانە و نەگەیشتووەتە لیژنەی یاسایی، تا ئێمە لەسەر دابنیشین و كۆبوونەوە بكەین، بۆیە هەر كاتێك گەیشت، ئێمەش بە زووترین كات لەسەر كۆدەبینەوە و گفتوگۆی لەسەر دەكەین، ئێمە چ وەكو فراكسیۆن چ وەكو پەرلەمان پشتگیری لە هەموو چاكسازییەك دەكەین.
سەرۆكی فراكسیۆنی پێشكەوتووی توركمان، روونیكردەوە، وەكو لیژنەی یاسای هەفتەی داهاتوو لەسەر پڕۆژەی چاكسازی كۆدەبینەوە، كە پڕۆژەیەكی گرنگە و دەبێت بە تەواوەتی دیراسەی بكرێت، چونكە تەفسیری زۆر هەڵدەگرێت، بۆیە لە كۆبوونەوەكانی خۆمان لە لیژنەی یاسایی یەكلا دەكەینەوە، ئینجا بڕیاری لەسەر دەدەین، بەڵام بە تەئكید ئەگەر پرۆژەكە پەسەند بكرێت داهاتێكی باش دەگەڕێتەوە بۆ حكوومەت، بۆیە لەم قەیرانە داراییەدا كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، گرنگیەكی زۆری دەبێت بۆ حكوومەت".

© 2017 Hawler