تشرینی دووەم 12, 2019

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

سەرۆک بارزانی لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پێوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردن و دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكوومەت، جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرینگە بنەماكانی شەراكەتی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی دروستبوونی بڕیار و تەوافوق لە دەستەڵاتی یاسادانان و تەوازون لە كەرتی ئابووری و ئەمنی و سەربازی و سیاسیی وڵات و هەروەها دانانی میكانیزمی كاریگەر بۆ گەرەنتیكردنی ئەو سێ بنەما سەرەكییە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.

دوێنێ، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی كردووە و هەروەها لەپێناو سەقامگیریی ئەمنی و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر داوای كرد كە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانان بەردەوام بێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بیروڕا لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و ئاسۆكانی پێكهێنانی حكوومەت و ڕۆڵی كاریگەری هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردن و دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكوومەت، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بەلای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە بنەماكانی شەراكەتی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی دروستبوونی بڕیار و تەوافوق لە دەستەڵاتی یاسادانان و تەوازون لە كەرتی ئابووری و ئەمنی و سەربازی و سیاسیی وڵات و هەروەها دانانی میكانیزمی كاریگەر بۆ گەرەنتیكردنی ئەو سێ بنەما سەرەكییە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا. هەروەها باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراقیش ئەوەی خستەڕوو كە وڵاتەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی ئەوەیە كە دەستوور و دانوستاندن بنەمای پڕۆسەی سیاسیی بە جۆرێك كە سەقامگیریی ئەمنی و ئابووریشی لێ بكەوێتەوە.

© 2017 Hawler