ئەم پەڕەیە چاپ بکە

دۆستایەتی یەکێتی و حەشد لە کەرکووک بۆ دژایەتی دەگۆڕێت

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کە کەرکووک و زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکان ڕادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی کران، بە هۆکاری ڕێککەوتنێکی تاکلایەنەی باڵێکی نێو یەکێتی، لە ڕاگەیاندنەکان و کەناڵەکانی سەر بەو حیزبە وا بڵاو دەکرایەوە، حەشدی شەعبی، هێزێکی دەستوورییە و بارودۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئاساییە، بەڵام لە ئێستادا کە مەترسی لەسەر گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژرادن لە کەرکووک دروست بووە، شتێکی تر دەگوزەرێت:

دۆستایەتی حەشدی شەعبی و یەکێتی بەرەو دژایەتی:
لە ئێستادا و دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا، پێداچوونەوە بە ئەنجامی هەڵبژرادنەکان بکات و دەنگەکانی هەندێک لە پارێزگاکان، بە دەست ئەژمار بکرێنەوە، یەکێتی بۆ یەکمجاری فەرهەنگی خۆی بەرامبەر حەشدی شەعبی دەگۆڕێ و بە میلیشیا ناوی دەبات، بەهۆی ئەوەی بە مەترسی دەزانێت لەسەر دەنگەکانی خۆی لەو پارێزگایە و پێی وایە بە نایاسایی دەستکاری ئەنجامی هەڵبژرادنەکانی ئەو شارە دەکات، (شوان داودی) ئەندام پەرلەمانی یەکێتی، ڕایدەگەینێت، کۆمەڵێک چەکداری حەشد بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دەبێت، دەستیان بەسەر ئەو شوێنەدا گرتووە کە دەنگەکانی ئەو شارەی لێ هەڵگیراوە و ئەو چەکدارانەی حەشدیش بە میلیشیا ناو دەبات.

هەڵبژاردن لە کەرکووک:
لە هەڵبژرادنی پەرلەمانی عێراق لە شاری کەرکووک، لە نێو لایەنە کوردییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان، داواکار بوو وەک هەڵوێست وەرگرتن دژی داگیرکاری حەشدی شەعبی، لایەنە کوردییەکان بایکۆتی هەڵبژرادن لەو شارە بکەن، بەڵام داواجار پارتی بە تەنیا مایەوە و بەشداریشی لە هەڵبژرادنی ئەو پارێزگایە نەکرد و لیستی نەبوو، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش لەو پارێزگایە، یەکێتی ٦ کورسی بەدەستهێنابوو، بەڵام تێبینی و ناڕەزایی گەورە لەسەر دەنگەکانی یەکێتی هەبوو، وە هەموو لایەنە بەشداربووەکان، یەکێتییان بە تۆمەتی ساختەکاری تۆمەتبار کرد، لە ئێستاشدا پێدەچێت، دەنگەکانی ئەو پارێزگایە بە تەواوی بە دەست ئەژمار بکرێنەوە، ئەمەش نیگەرانی لای یەکێتی دروست کردووە و پێیان وایە دەستکاری دەنگەکانیان دەکرێت لە بەرژەوەندی لایەنەکانی تر.

یەکێتیش لە بێدەنگی سەرۆککۆمار(فواد مەعسوم) بێزار بوو:
فواد مەعسوم، لە دوای دوورکەوتنەوەی مام جەڵال لە کایەی سیاسی بە هۆی نەخۆش کەوتنییەوە، تا ئێستا فواد مەعسوم سەرۆککۆماری عێراقە، ئەگەرچی بە پێی دەستوور، زۆرینەی دەسەڵات لای سەرۆکوەزیرانی عێراقە، بەڵام سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە و مافی ئەوەی هەیە تەداخول لە بڕیارەکان بکات، پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین جار ناڕەزایی دەربڕیوە لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی (فواد مەعسوم)، لە کاتە هەستیارەکان کاتێک حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی بڕی و کاتێک هێرشی سەربازییان ئەنجامدا بۆ سەر کوردستان، بەڵام ئەمجارەیان یەکێتی لە ترسی لە دەستدانی دەنگەکانی هاوار دەکات بێتە دەنگ و پارێزگاری لە دەنگەکانی یەکێتی بکات لە کەرکووک، ڕێبوار تەها فراکسیۆنی یەکێتی، دوێنێ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا داوا لە فواد مەعسوم دەکات بێتە دەنگ و دەڵێ:" پەرلەمان دەستدەخاتە ناو کاروباری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ئەمەش کارێکی نادەستوورییە. داوا لە فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق دەکەین، لەسەر ئەو پرسە بێتەدەنگ. چونكە پەرلەمان كە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی ھەڵوەشاندووەتەوە پشتی بە یاسایەك بەستووە كە بنەمای نییە".

مەترسی سەرهەلدانەوەی داعش لە کەرکووک:
هەموو ئەم ڕووداوە سیاسی و ململانێ سیاسیانەی ئێستا لە گۆرەپانی سیاسی عێراق دەگوزەرێ، بوارێکی بە داعش داوە خەریکی خۆ ڕێکخستنەوە و پەلامار بێت و بەڕێوبەری پۆلیس و قەزا و ناحییەکانی ئەو شارەش هۆشداری دەدات لەوەی داعش پەلاماری کەرکووک بداتەوە بە هێزێکی زۆرەوە و لە فەرغی هێزی پێشمەرگە نەتوانرێت بەرگری لەو شارە بکرێت.