تشرینی دووەم 12, 2019

ده‌سته‌ی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌كانی پارتی، پرۆژەی هاوکاری چاپکردنی بەرهەمی نووسەرانی لاوی ڕاگه‌یاند

دوێنێ شه‌و ده‌سته‌ی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌كانی پارتی دێموكراتی كوردستان، پرۆژه‌ی هاوكاری چاپكردنی به‌رهه‌می نووسه‌رانی لاوی ڕاگه‌یاند، ساسان عه‌ونی به‌رپرسی ده‌سته‌ی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌كان ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌شێكه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی توانا مرۆییه‌كانی گه‌نجان، هاوكات ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرینگه‌ بۆ به‌گه‌ڕخستنی تواناكانی گه‌نجان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی ته‌ندرووست و سیتماتیزه‌كراو.

دوێنێ شه‌و پرۆژەی هاوکاری چاپکردنی بەرهەمی نووسەرانی لاو، به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی حزبی و حكوومی و ڕۆشنبیران و نووسه‌ران و گه‌نجان ڕاگه‌یه‌ندرا، ساسان عه‌ونی به‌رپرسی ده‌سته‌ی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌كان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ناوه‌خنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی نووسه‌رانی گه‌نج له‌ پێناو زیندوو هێشتنه‌وه‌ی تواناكانیان و درووستكردنی ئومێدێكی هه‌میشه‌یی بۆ ژیان، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ده‌بێت په‌ره‌ به‌كولتووری خوێندنه‌وه‌ بده‌ین و كافتریا و چایخانه‌كان ببنه‌ به‌ به‌شێك له‌ شوێنی گه‌شه‌پێدانی ئاستی رۆشنبیری و مه‌عریفی تاكه‌كان، به‌تایبه‌ت گه‌نجان و لاوان، ده‌شبێت ئه‌م شوێنانه‌ به‌شێكی گرینگی هوشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان و هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری بێت.
له‌ به‌شێكی دیكه‌دا ساسان عه‌ونی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی نیشتیمانی واده‌خوازێت كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ په‌ره‌ به‌تواناكانی گه‌نجان بده‌ین و، ده‌رفه‌تی باشتركردنی تواناكانیان بۆ بڕه‌خسێنین، به‌جۆرێك كه‌ گرینگی ته‌واو به‌هه‌موو پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بدرێت.
ساسان عه‌ونی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ گه‌نجان سه‌رمایه‌كی مرۆیی و مه‌عریفی كۆمه‌ڵگاكانن، بۆیه‌ گرینگه‌ ویست و داخوازییه‌كانیان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، سوود له‌تواناكانیان وه‌ربگیرێت و په‌ره‌ به‌ به‌هره‌كانیان بدرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ شوناسی نیشتیمانی و هاووڵاتیبوون له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت. ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ پێویسته‌ گه‌نجان هانبدرێن بۆئه‌وه‌ی سوود له‌كاته‌كانیان وه‌ربگرن و خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ندبكه‌ن به‌ كولتووری مه‌عنه‌وی و په‌ره‌ به‌ به‌هره‌ و خولیا و پسپۆرییه‌ جیاجیاكانیان بده‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ ئاینده‌دا خزمه‌تی نیتشیمان و هاونیشتیمانیانی خۆیان بكه‌ن.
دواتر كتێبی یەكەم لەلایەن نووری بێخاڵی نووسەر و ڕۆژنامەنووسەوە بەناونیشانی (كورد لە سێرەی ئینگلیزدا) بڵاو كرایەوە، كە لە هەمان ڕێورەسمدا نووسەر بۆ خوێنەرەكانی ئیمزای لەسەر كتێبەكانی كرد.
هەروەها كتێبی دووەم لەلایەن پەیڕەو ئەنوەر نووسەر و رۆژنامەنووسەوە بەناونیشانی (توركیا، هێزێكی ماندوو) بڵاو كرایەوە، نووسەر بۆ خوێنەرەكانی ئیمزای لەسەر كتێبەكانی كرد.
هه‌ر دوو نووسه‌ر باسیان له‌ناوه‌خنی كتێبه‌كانیان كرد و، دواتر پێشكه‌شی ئاماده‌بووانیان كرد.
هەردوو كتێبەكە لەلایەن (پرۆژەی هاوكاری چاپكردنی بەرهەمی نووسەرانی لاو) بڵاو كرانەوە، كە پرۆژەیەكی دەستەی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتییە.

© 2017 Hawler