ئەیلول 29, 2020

گۆڕان ماڵئاوایی لە سلێمانی دەكات

بەشێکی زۆر لە ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان داوای كشانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌یان لە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ن بەوپێیەی ناعەدالەتی زۆر ھەیە و رێگریەکی زۆر لە گۆڕان دەکرێت لە بەڕێوەبردنی ئیشوکارەکان، ئەمەش سه‌ركردایه‌تی گۆڕانی ناچارکردووە تاوتوێی پرسی کشانەوە بکات، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێ، ھەر پۆستێك چۆڵ بێت ھەوڵدەدەین لە کەمترین کات پڕی بکەینەوە تا ھاووڵاتیان زیانیان پێنەگات.

تادێ دەنگی ناڕەزایەتی لەناو ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان زیاد دەبێ و زۆرینەشیان بەباشی دەزانن حزبەكەیان لە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی بکشێتەوە، ئەو دەنگە ناڕەزایەتیەش گەیشتووەتە ناو ئۆرگانەکان و تەنانەت جڤاتی نیشتمانی، بۆیە بەرپرسانی ئەو بزووتنه‌وه‌یه‌ لە تاوتوێ کردنیدان، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كشانه‌وه‌.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: كە لە حكوومەتی ھەرێم كشاینەوە، بانگەشی ھەڵبژاردن نەبوو بۆ ھەڵبژاردنیش نەبوو، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو ھەموو ناعەدالەتییە و نارەزایەتی خەڵك بوو، ئێستاش تاوتوێی ئەوە دەكەین كە چۆن لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی پاشەكشە بكەین، بۆ ئەوەی نەبینە بەشێك لەو خراپەكاریانە كە یەكێتی نیشتمانی لەو سنوورە ئەنجامی دەدات، بڕیارە رۆژی شەممەی داھاتوو كۆببینەوەی گفتوگۆ لەوبارەوە بكەین.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە سەرۆکەکەی لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بێ ئاگایی خۆیی نیشاندا لەوەی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تاوتوێی پرسی کشانەوە لە حکوومەتی خۆجێی دەکات، به‌ڵام ئاماژه‌ ده‌دات لە ئەگەری کشانەوەی ھەر لایەنێکی سیاسی لە حکوومەتی خۆجێی، پۆستەکان بەکەسانی شیاو پڕدەکرێنەوە تا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان زەرەرمەند نەبن.
لەوبارەوە ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: ھەر پۆستێك لە پارێزگای سلێمانی چۆڵ بێت، بە بەتاڵی نامێنێتەوە، چونكە لای ھاووڵاتییان گرنگ نییە ئەو كەسەی لەو پۆستەیە یەكێتییە یان گۆڕانە، بەڵكو دەیانەوێت كەسێك باش پۆستەكە وەرگرێت و كاروبارەكانیان رایی بكات و لە بەرژەوەندی گشتی كاربكات.
گوتیشی: بە دڵنیاییەوە نابێ ھیچ پۆستێك لە سێ رۆژ زیاتر بە بەتاڵی بمێنێتەوە، بەتایبەتی بەڕێوەبەری فەرمانگەكان.
لە کوردستان ٢٤ەوە

© 2017 Hawler