کانونی دووەم 28, 2020

حەیات مەجید: فراكسیۆنی پارتی هەمیشە خۆی بە داكۆكیكەری مافی خەڵك زانیوە

پەرلەمانی كوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەكات پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان لە زووترین كاتدا پەسەندبكات.

حەفتەی ڕابردوو بڕیار بوو لیژنەی یاسایی و دارایی كۆببنەوە و تێیدا ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی ئامادە بكەن و پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت، بەڵام بە هۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی بەشێك لە فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەكە دوا خرا، بۆیە فراكسیۆنی زەرد لە ‌هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانێت نیسابی یاسایی تەواو بكات و كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت بۆ پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە.
ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەر پرۆژەیاسای چاكسازی، كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستانە، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی خەرجییەكی زۆری بەفیڕۆچوو و دەستكاریكردن لە سیستەمی پاشكەوتی مووچە كە لە ‌بەرژەوەندیی مووچەخۆران دەبێت، لەبەر ماددەی سێیەم كە ‌تایبەتە بە مووچە و خانەنیشنیی پلە باڵاكان پرۆژەیاساكە گەڕێندرایەوە بۆ كۆبوونەوەكانی پەرلەمان.
وەزیری دارایی و ئابووری دەشڵێ: ئێمە لە حكوومەتی هەرێم ئەم پڕۆژەیەمان‌ بە پێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 بۆ پەرلەمان نارد بە جۆرێك كە ئەو كەسانەی خزمەتی وەزیفیان لە پانزە ساڵ كەمتر بێت و تەمەنیان لە پەنجا ساڵ كەمتر بێت خانەنیشن نەكرێن، ئەو مادەیە دادپەروەرییەكی زۆر باشی تێدابوو، ئێستاش داوا دەكەین ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند و كاری پێ بكرێت و ئەو كەسانەی زیاد لە مووچەیەكیان هەیە كە بە پێی یاسا ڕێك نەخراون، ڕێكخستنەوەیان بۆ بكرێت.
حەیات مەجید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "هەولێر" گوتی، پرۆژەی چاكسازی هەر لەسەرەتای هاتنی بۆ پەرلەمان تا ئێستا، وەكو فراكسیۆنی پارتی داكۆكیكەرێكی تەواوی ئەو پرۆژەیە بووین، چونكە ئەو پرۆژەیە داهاتێكی باش بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێنێتەوە، بە گوتەی حكوومەت و وەزیری دارایی پاشەكەوتی مووچە نامێنێت، فراكسیۆنی پارتی هەمیشە خۆی بە داكۆكیكەری مافی خەڵك زانیوە، ئەو پرۆژەیە هەر لەسەرەتاوە تا كۆتایی ئێمە لەگەڵ بووین كە جێبەجێ بكرێت و بڕوات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەندێك لە فراكسیۆنەكان بۆ كۆبوونەوە ئامادە نین، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو زیاتر بەرچاو ڕوونیمان هەبێت لەسەر ئەو یاسایە و دووبارە بێتە ناو پەرلەمان و پەسەند بكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژەكە دەكات و دەڵێ، بڕیار بوو پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەو پرۆژەیە پەسەند بكرێت، بەڵام نەكرا، دوای هەڵبژاردنیش هەندێك لایەن تێبینیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبوو، تۆزێك قورس بوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، بۆیە كەوتووەتە ئێستا، وەكو فراكسیۆنی پارتی، وەكو فراكسیۆنێكی ئەساسی لەناو پەرلەمانی كوردستان هەوڵ و توانای خۆمان خستووەتەگەڕ بۆ دەربازكردنی ئەو پرۆژەیە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە لایەنەكانی دیكەن وەكو ئێمە چۆن كە خۆیان بە داكۆكیكەری خەڵك دەزانن تەنیا قسەی راگەیاندنەكان نەبێت، وەرن هەموومان پێكەوە ئەو پرۆژەیە لە سوودی گشتی پەسەند بكەین، چونكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، ئەگەر ئەو پرۆژەیە وەكو خۆی پەسەند بكرێت و داهاتێكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە و پاشەكەوتی مووچەش نامێنێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، فراكسیۆنی پارتی پێشتر و ئێستاش تاكە فراكسیۆن بووە كە بە هەموو جۆرێك لەگەڵ پەسەندكردنی پرۆژەكەدابووە و بەرگری لێ دەكات".

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 29 ئایار 2018 22:05
© 2017 Hawler